نیگارکێشێک لە ڕێگەی هونەرەوە میراسی شەهید بێریتان بەڵگە دەکات
فێستیڤاڵی "شەهید بێریتان" کە دوو ساڵ جارێک لە کامپی مەخموور بەڕێوەدەچێت، بیرهێنانەوەو بەرخۆدان پێکەوە کۆدەکاتەوە، مەرجان کارا، نیگارکێش لە وۆرکشۆپی "شەهید دەلیلا"وە بەشداری دەکات لە گواستنەوەی میراسی شەهید بێریتان بۆ نەوە نوێیەکان لە ڕێگەی هونەرەوە.
بەرژین کارا
مەخموور ـ شەهید بێریتان کە ناوی ڕاستەقینەی گوڵناز کاراتاشە، تەنها ناوێکی پاڵەوانێکی مێژوویی نییە بۆ گەلی کورد، بەڵکو سیمبولی ئیرادەی دیاریکردنی چارەنووس و ئازادییە، هەروەها سەربەرزانە ڕاوەستانە لە بەرامبەر خۆبەدەستەوەدان و ڕێبازی خەباتی ژنانە، کاریگەریی هەڵوێستەکەی تەنها لە بواری سەربازیدا قەتیس نەبووەوە، بەڵکو یارمەتیدەر بوو لە چەسپاندنی کولتوورێکی نوێ بۆ گەل، بەتایبەتی بۆ ژنان، لەسەر ئاستی ئایدیۆلۆژی، کولتووری و هونەری.
ئەو ڕێبازەی بێریتان بە خۆڕاگرییەکەی دایمەزراند، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر کۆمەڵگە جێهێشت، تا ئەو ڕادەیەی کولتووری "بێریتان" لە نێوان ئەندامانی گەلدا سەریهەڵدا، کاتێک خێزانێک ناوی بێریتان بۆ کچەکەی هەڵدەبژێرێت، لە هەمان کاتدا دەربڕین لە ئاواتی خۆی دەکات کە منداڵەکەی ژیانێکی ئازادو بەکەرامەت بژی، خاوەنی ئیرادەو سەربەخۆیی بێت.
ئەم ڕۆحە بەرەنگاربوونەوەیە بووەتە بەشێک لە کولتووری ژیان و میراسی کۆمەڵایەتیی قووڵ لە لای دانیشتووانی کامپی "شەهید ڕۆستەم جودی"ی پەنابەرانی مەخموور، هەروەها ئەو فیستیڤاڵەکە کە دوو ساڵ جارێک بۆ ڕێزلێنان لە یادەوەریی شەهید بێریتان ڕێکدەخرێت، بەرهەمی ئەم پەیوەندییەو هەڵوێستە مێژووییەیە.
ئەم ڕۆحە بەرەنگاربوونەوەیە جارێکی دیکە لە فێستیڤاڵەکەدا ئەمساڵ لە ڕێگەی ڕەنگ و کولتوور و هونەرەوە بەرجەستە دەبێتەوە، بە تایبەتی کارەکانی وۆرکشۆپی "شەهید دەلیلا" کە بریتی بوون لە دروستکردنی ٣٠ وێنەی شەهیدی ژن بە ناوی بێریتان، ڕووداوەکانی فێستیڤاڵەکە بە ڕۆحی ئەم میراسە دەچێنێت.
لە نێوان ئامادەکارییەکانی فیستیڤاڵی شەهید بێریتاندا، کاری مەرجان کارا لە وۆرکشۆپی "شەهید دەلیلا" وەک یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین کارەکان دەردەکەوێت، چونکە وێنەی هەردوو پور و خوشکە شەهیدەکەی دەکێشێت کە هەردووکیان ناویان "بێریتان"ە، لە ڕێگەی هەر جووڵەیەکی فڵچەکەیەوە، مەرجان کارا تەنها یادەوەریی خێزانەکەی نوێ ناکاتەوە، بەڵکو میراسی بەرخۆدان کە بووەتە کولتوورێکی کۆمەڵایەتی لە مەخموور، بە زیندوویی دەهێڵێتەوە و دەیگەزێتەوە بۆ کەشی فیستیڤاڵەکە.
"ژنان هێز لە هەڵوێستی شەهید بێریتانەوە وەردەگرن"
مەرجان کارا باسی لە گرنگیی فیستیڤاڵەکە کرد و وتی: وەک ساڵانی پێشوو، فیستیڤاڵی ئەمساڵمان بە بەشدارییەکی بەربڵاو و ئامادەکاریی چڕوپڕەوە بەڕێوەدەچێت، فیستیڤاڵی ئەمساڵ بە جیاوازی گەورە و ڕەنگی جیاواز دەستنیشان دەکرێت، چونکە چەندین چالاکی ئامادەکراون، دەستپێکردن لە چالاکییە وەرزشییەکانەوە تا دەگاتە خواردنە میللییەکان و نمایشکردنی بەرهەمە کولتوورییە کوردییەکان، جگە لە ئامادەکردنی تابلۆ بۆ ٣٠ شەهیدی ژن کە بە ناوی بێریتان ناسراون و لەسەر ڕێبازەکەی ڕۆیشتوون.
وتیشی: پەیوەندییەکی زۆر گەورە بە ناوی بێریتانەوە لە کامپەکەماندا هەیە، چونکە خێزانەکان ئەم ناوە لە منداڵە کچەکانیان دەنێن، ئەم نەریتە لە خێزانێکەوە بۆ خێزانێکی تر دەگوێزرێتەوە.
تیشکی خستەسەر خەبات و بەرخۆدانی شەهید بێریتان، وتی: شەهید بێریتان خاوەنی کەسایەتییەکی گەورەیە تا ئەو ڕادەیەی کە ئەمڕۆ هەزاران کەس لەسەر ڕێبازەکەی دەڕۆن، ئەو بەبێ هیچ دوودڵییەک خۆی بەخت کرد لە پێناو گەلەکەی، هەموو کەسێک توانای پێشکەشکردنی بەرخۆدانێکی بەم قەبارەیەی نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنان هێز لە هەڵوێستی مێژوویی بێریتانەوە وەردەگرن، هەروەها لە وۆرکشۆپی "شەهید دەلیلا" کار دەکەن بۆ زیندوراگرتنی ئەم میراسە.
"ئامانجمان ئەوەیە خەباتەکەیان لەبیر نەکرێت"
مەرجان کارا جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوان لە ڕێگەی هونەرەوە پارێزگاری لە میراسی شەهیدان دەکەن، وتی: وەک ژنێکی گەنج کە لە وۆرکشۆپی شەهید دەلیلا کار دەکەم، بەشداری لەم فیستیڤالەدا دەکەم لە ڕێگەی کۆمەڵە تابلۆیەکەوە کە پور و خوشکە شەهیدەکەم بەرجەستە دەکەن، بەم شێوەیە جەخت لە بوونی خۆمان دەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین کە درێژە بە ڕێگەو خەباتەکەیان دەدەین، ڕەنگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چەک بە دەستەوە نەگرین، بەڵام چەکی ئێمەش فڵچەکانمانە.
لە کۆتایی قسەکانیدا مەرجان کارا وتی: هەوڵ دەدەین خەباتەکەیان بە زیندوویی بهێڵینەوەو نەوەکانی پێ ئاشنا بکەین، پارێزگاری لە میراسەکەیان و ئەو بەرخۆدانەیان بکەین کە لە پێناو دۆزەکەماندا پێشکەشیان کردووە، هیوادارین لە ئاست ئەم متمانەیە بژین، بەردەوام بین لە میراسەکەیان بە شێوەیەک کە لەگەڵ گەورەیی میراسەکەیان بگونجێت.