نارین: پێویستە هەڵبەستی نوێت شقارتەیەک بێت کە هەڵبەستی پێش خۆی بسوتێنێت

ژنە هۆنەر نارین ڕۆستەم ڕایدەگەیەنێت هۆنەران لاسایی یەکتر دەکەنەوە و هەندێک لە ژنە نوسەرانیش بە بوونە پاشکۆی پیاوان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دەڵێت هەڵبەست دەبێت شقارتەیەک بێت بۆ هەڵبەستی پێش خۆی.

ژنە هۆنەر نارین ڕۆستەم ڕایدەگەیەنێت هۆنەران لاسایی یەکتر دەکەنەوە و هەندێک لە ژنە نوسەرانیش بە بوونە پاشکۆی پیاوان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دەڵێت هەڵبەست دەبێت شقارتەیەک بێت بۆ هەڵبەستی پێش خۆی.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنە هۆنەری کورد نارین ڕۆستەم لە هەڵسەنگاندنێکیدا بۆ ئاستی ژنانی هۆنەر لە باشوری کوردستان بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند نوسینەکانی ئەمڕۆی لە سبەی ناچێت و دەڵێت: هۆنەران لاسایی یەکتر دەکەنەوە و هەندێک لە ژنە نوسەرانیش بە بوونە پاشکۆی پیاوان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دەشڵێت هەڵبەست دەبێت شقارتەیەک بێت بۆ هەڵبەستی پێش خۆی.

سەبارەت بە ڕەوشی هۆنەران بە گشتی و ژنان بە تایبەتی نارین ڕۆستەم دەڵێت هۆنەران لە هەموو جیهان بە هۆی بە ئاگاییان لە ژیان رازی نین، لە کوردستانیش هیچ پاڵپشتێک نییە بۆ هۆنەران و ناشبێت، هەروەها وتیشی: کە ئاستی ژنە نوسەرەکان لە ئاستێکی باشدا نییە بە داخەوە، چونکە لاسایی وڵاتانی تر دەکەنەوە، بە ناوی یاخی و "لۆتیک"ەوە چەند شتێکمان پێشکەش دەکەن کە هەڵبەست نین، هەڵبەست ئیش کردنە لەسەر جوانی، نیشاندانی جوانییە.

ژنان خۆیان وەک پاشکۆی نوسەرە پیاوەکان دەبینن 

نارین دەلێت کە ژنانی نوسەر خۆیان وەک پاشکۆی نوسەرە پیاوەکان دەبینن ناتوانن خۆیان چالاکی ئەنجام بدەن، لە کاتێکدا کە خۆیان زۆر باشترن لە ئەوان چونکە ژن دنیا بینی فراوانترە، هەستیارترە، بۆیە باشتر دەتوانێت جوانی بناسێتەوە، بەڵام نازانم بۆ متمانەیان زیاترە بە نوسەرە پیاوەکان و نوسینەکان دەبێت نوسەرە پیاوەکان پاک نوسی بکەن، لە کاتێکدا کە نوسین پێویستی بە پاک نوسی نییە دەبێت چێژ لەو خاڵەش ببینیت کە بەهەڵە دایدەنێیت چونکە ئەو هەڵانە دروستت دەکەن.

بەداخەوە خەریکین ژیانی کەسانی تر دەنوسینەوە، بەو شێوەیەی ئەوان چۆن دەینوسن ئێمەش وا دەینوسین

سەبارەت بە جیاوازی نوسین نارین دەڵێت کە دەبێت خۆمان بنوسینەوە، ئەو شتانە بنوسینەوە کە باوەڕمان پێیەتی ئەمەش وادەکات کە نووسەری جیاواز دروست بێت، ئەم جیاوازی نوسینەش لە کاتێکدا دروست دەبێت کە باسی ژیانی خۆت بکەیت چونکە ژیانی هیچمان لە کەسێکی تر ناچێت، بەڵام بەداخەوە خەریکن ژیانی کەسانی تر دەنوسینەوە، بەو شێوەیەی ئەوان چۆن دەینوسن ئێمەش وا دەینوسین، بەردەوام خەونی ئەوەمان هەیە کە بگەین بە ترۆپک لە کاتێکدا هۆنەر بوون ترۆپکی نییە، بەڵکو ئیش کردنە لەسەر جوانی و بەرجەستە کردنیەتی لە دێڕەکانی هەڵبەستدا.

لە درێژەی قساکانیدا نارین باسی لەو هەڵبەستانە کرد کە پیاوەکان لەسەر جەستەی ئافرەت دەینوسن و وتی ئەگەر پیاهەڵدانەکان بەشێوەیەکی ئەدەبی بێت هیچ کێشەیەک نییە، ڕۆژانە ئێمە گوێمان لە موجامەلەی پیاوان دەبێت، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە دەبێت بە شێوەیەکی ئەدەبییانە بینوسیتەوە.

ناوبراو جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە هیچ رێبازێکی دیاریکراو و تایبەت بە خۆی نییە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بە گۆرینی ژیانی خەیاڵ و چیرۆکەکانی دەگۆڕێت و دەڵێ من ئەمڕۆم لە سبەی ناچێت کەواتە ئەمڕۆ جۆرێک دەنوسم بەیانی جۆرێکی تر دەنوسم.

نارین پێی وایە دەبێت کە هەڵبەستی نوێت شقارتەیەک بێت کە هەڵبەستی پێش خۆی بسوتێنێت، ئەگەر هەڵبەستی تازەت لە ڕووی ئەدەبیەوە لەو باشتر نەبوو نەینوسیت باشترە.

 

ت.پ