مێژووی سینەمای عەرەبی

مێژووی سینەما لە جیهانی عەرەبیدا دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەتای سەرهەڵدانی سینەمای عەرەبی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی میسر، یەکەمین وڵاتی عەرەبی بووە کە خاوەنی بەرهەمی سینەمایی پێگەشتوو بێت، جگە لەوە وڵاتە عەرەبیەکانی تری وەک تونس، مەغریب، لوبنان و سوریا پێشەکەوتنیان لە بواری سینەمادا بەخۆوە بینی بە تایبەت دوای سەربەخۆبوونیان.

سەرهەڵدانی سینەما لە وڵاتی میسر و وڵاتانی عەرەبی

پەیوەندی بەستنی میسر بە سینەماوە لە هەمان ئەو کاتەدا بوو لە جیهاندا دەستی پێکرد، یەکەمین پەخشی سینەمای بازرگانی جیهانی لەساڵی ١٨٩٥ لە قاوەخانەیەکی گەورە بە ناوی گراند کافێ بوو لە پاریس، دوای ئەم مێژووە یەکەمین فیلمی سینەمایی عەرەبیش لە کانونی دووەمی ساڵی ١٨٩٦ لە قاوەخانەی زوانی لە شاری ئەسکەندەریە پەخشکرا، دوا بەدوای ئەویش لە شاری قاهیرە لە سینەما سانتی لە ٢٨ی کانونی دووەمی ١٨٩٦ فیلم پەخشکرا، سێیەمین پەخشی سینەمایش لە شاری پۆرسەعید لە ساڵی ١٨٩٨بوو.

سەرەتای پەخش کردنی فیلمی سینەمایی لە وڵاتی سوریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٠٨ لە شاری حەلەب دوای ئەویش لە شاری دیمەشق لە ساڵی ١٩١٢،لە وڵاتی تونسیش ئەلبێر شەمامە شیکلی کە بە ڕابەری سینەمای تونس دادەنرێت پەخشکردنی یەکەمین فیلمی سینەمایی لە ساڵی ١٨٩٧ کردوە، لە ساڵی ١٩٢٢شدا شەمامە یەکەمین کورتە فیلمی سینەمای بەناوی زەهرە وێنەگرتووە، لە وڵاتی مەغریب سینەما لە وەختی داگیرکاری فەڕەنسا بۆسەر وڵاتەکە دەرکەوت، محەمەد عەسفور نازناوی باوکی سینەمای مەغریبی پێدراوە یەکەمین کەس بووە هەوڵیداوە هەندێک فیلم بە ڕێگای سەرەتای بەرهەم بهێنێت، یەکەمین بەرهەمی سینەمای مەغریبی فیلمی وەشمە بووە کە حەمید بەنانی لەساڵی ١٩٧٠ بەرهەمی هێنا.

سەرەتای دەستپێکی سینەما لە میسر

 مێژووناسان کۆک نین لە سەر دیاری کردنی سەرەتای سینەما لە میسر، هەندێک دەڵێن ساڵی ١٨٩٦ لەگەڵ یەکەمین پەخشی فیلمی سینەمایدا بووە، وە هەندێکی تر دەڵین سەرەتای سینەما لە ٢٠ی حوزەیران ١٩٠٧ لەگەڵ وێنەگرتنی یەکەمین کورتە فیلمی تۆماری بێدەنگدا بووە، لە ساڵی ١٩١٧ دەرهێنەر محەمەد کەریم یەکەمین کۆمپانیای بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و پەخش لە شاری ئەسکەندەرییە دروستکرد، ئەم کۆمپانیایە توانیویەتی دوو فیلم بەرهەم بهێنێت ئەوانیش الأزهار الميتة و شرف البدوي بوو لە سەرەتای ساڵی ١٩١٨ لە شاری ئەسکەندەرییە پەخشکرا، وە لە ساڵی ١٩٢٢ فیلمێک لە بەرهەمهێنان و نواندنی فەوزی مونیب بەرهەمهێنرا کە لە دووبەش پێکهاتبوو لەژێر ناوی الخالة الأمريكانية.

عەزیزە ئەمیر یەکەمین ژنی سینەمای میسری

لەساڵی ١٩٢٧ دوو فیلمی بەناوبانگ بەرهەم هێنرا و پەخشکران ئەوانیش قبلة في الصحراء، و ليلی بوون لە نواندنی عەزیزە ئەمیر و یەکەمین ژنیش بووە لە سینەمای میسریدا کاری کردووە.

سەرەتا بەرهەمە سینەماییەکان بەشێوەیەکی بێدەنگ وێنەیان گیراوە و بە ڕەنگی ڕەش و سپی بەرهەم هێنراون بە تێپەڕبوونی کات و پێشکەوتنی هونەر و تەکنەلۆژیا ڕەنگی فیلمەکان گۆڕدرا بۆ ڕەنگاوڕەنگ، لەساڵی ١٩٣٢دا فیلمی أولاد الذوات پەخشکرا کە یەکەمین فیلمی سینەمای دەنگدار بووە لە نواندنی یوسف وەهبی و ئەمینە رزق بووە هەر لە هەمان ساڵدا یەکەمین ژنە گۆرانیبێژی میسری بەناوی  نادرە ئەمین لە فیلمی أنشودة الفؤاد دەرکەوت و گۆرانی تێدا وتووە.

یەکەمین فیلم لە دەرەوەی وڵاتی میسر پەخشکرا فیلمی وداد بوو لە نواندنی ئوم کەلسوم، وە یەکەمین فیلمیش بووە کۆمپانیای بەناوبانگی بەرهەمهێنانی فیلم  ستۆدیۆی میسر بەرهەمی هێناوە.

بنتیات نانی، بۆ کۆمپانیای ستۆدیۆی میسر لە ساڵی ١٩٣٥ جوڵەیەکی نوێ بوو لە مێژووی سینەمای میسردا، جگە لە ستۆدیۆکانی تری وەک نەحاس، ستۆدیۆی میسر وەک تەوەری جوڵەی سینەمای مایەوە تا بەرپابوونی جەنگی جیهانی دووەم، گازینۆکان و شانۆکانی شارع عیمادەدین ناسراو بە شارع الفن هاوشێوەی گازینۆ گەورەکانی بەریتانیا پێشوازیەکی گەورەی بەخۆوە دەبینی.

لە ساڵی ١٩٥٠ ستۆدیۆی میسر فیلمی بابا عريس بەرهەمهێنا یەکەمین فیلمی پڕ و تەواوی بە ڕەنگی سروشتی بوو لە نواندی نەعيمە عاكف، فوئاد شەفيق، كامليا و شوكری سرحان.

سینەمای ژن... قوڵای مرۆڤ و گفتوگۆی بوێر

ژنان هەردەم بە هێزەوە لە سینەمای عەرەبیدا بوونیان هەبووە، گەر وەک ئەکتەر ڕۆڵی گێڕا بێت یاخود لە دوای کامێرا وەک دەرهێنەر، وێنەگر، مۆنتێر، ئەندازیاری دیکۆر زۆرێکی تر کاری کردبێت، ژنانی عەرەب لە ڕێگەی پیشەسازی فیلم و سینەماوە توانیان گۆڕانکاری لەو چوارچێوەیەدا بکەن تێیدابوون، ئەوەیان سەلماند کە ژن تەنها ڕوخسارێکی جوان نییە و ڕۆڵ بگێڕێت، بەڵکو وەک دەرهێنەر، سیناریۆنووس توانی هێزی خۆی دەربخات و ئەو ستەم و توندوتیژیانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە ڕێگای کاری نواندنەوە نیشان بدات، سینەمای ژن چوارچێوەی جۆرێک لە فێرکاری هۆشیاری لەخۆ دەگرێت لەگەڵ لایەنی قوڵای مرۆڤیشدا، ئەوەی زیاتر جیای دەکاتەوە ئەو بەرهەمە گرنگانە بوون کە ژنان لەسەر شانی خۆیان لەڕێگای چاوی کامێراکانیانەوە بوژانەوە و هەبوونی ژنانیان نیشاندا.

ژن لە سینەمای میسریدا وەک وێنەیەکی شێواو دەرکەوت پێچەوانەی وێنە ڕاستەقینەکەی لە واقعدا هەیە

 هەرچەندە ژنان توانیان هەندێک کێشە و ڕووداوی ژن لە ناو فیلمەکاندا بەرجەستە بکەن، بەڵام بەهۆی زاڵبوونی بیری نێرینەوە نەیتوانی وێنە ڕاستەوخۆکان بگوازێتەوە لەو بارەیەشەوە ڕەخنەگری سینەمای د.ڕەفیق سەبان دەڵێت ئەو فیلمانەی لەسەر ڕووداوەکانی ژن کراون هێشتا کەمن، سنوردارن لە چوارچێوەی کۆمەڵێک ڕووداو تێپەڕ ناکات تەنها وێنای ژنێک بەرجەستە کراوە، بۆ نموونە گەمەی لەشفرۆشی دەکات بە هۆکاری کۆمەڵایەتی و ئابوری، ژن ناپاکی دەکات، خراپەکارە، ژن بێهێزە چەند نموونەیەکی تر بەڵام وێنەی ڕاستەقینەی ژنێکی عەرەب نابینرێت بەرجەستە کرابێت و نەکراوە.

 

ت.پ