میراسی باشوور لە لوبنان... یادەوەرییەک بەرەنگاری لەبیرچوونەوە و زیندووکردنەوەی خۆشی
زیندووکردنەوەی میراس و داب و نەریتی گوندنشینەکانی باشووری لوبنان چیتر تەنها چالاکییەکی کولتووری یان بیرهێنانەوەی تێپەڕبوونی ڕابردوو نییە، بۆتە کردەوەی چەسپاندنی مرۆڤ بە ڕەگ و ڕیشەی خۆی و پاراستنی یادەوەری و ناسنامەی باشوور.
رەنا جونی
لوبنان – لەبەر ڕۆشنایی ئەو هێرش و وێرانکاریانەی کە بەسەر باشووری لوبنان کەوتووە، زیانەکانی میراسە مێژوویی و کولتوورییەکانی، لەوانەش گۆڕستان و مزگەوت و و شوێنەوارەکان، پێویستی پاراستنی ئەم میراسە و وردەکارییەکانی لە هەموو کاتێک زیاتر گەورەترە، بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی خاک و گەلەکەی، یادەوەرییەکی زیندووە کە مێژوویەکی لەخۆگرتووە کە بە نەوەکاندا گوازراوەتەوە و بە تێپەڕبوونی کات پارێزراوە.
لەم ڕوانگەیەوە لەیلا رەزا، شاعیر لەگەڵ دەیان ژنی شارۆچکەی بابلیە، بە شێوەیەکی جیاواز ڕووبەڕووی هەوڵەکانی سڕینەوەی ئەم یادەوەرییە هەڵبژارد، وتی: بە پابەندبوون بە داب و نەریتی و زیندووکردنەوەی میراسی گەل، مانگانە ڕۆژێکیان تەرخان دەکرد بۆ زیندووکردنەوەی لایەنەکانی ژیانی گوندنشینی باشوور و وردەکارییەکانی، لە دەستپێشخەرییەکدا بە ئامانجی گواستنەوەی ئەم میراسە بۆ نەوە نوێیەکان، بۆ ئەوەی لە هۆشیاری ئەواندا ئامادەیی بمێنێتەوە وەک چۆن ڕەگێکی پتەوی لە یادەوەرییەکانی دایکان و داپیرەدا ماوەتەوە.
لە ئاهەنگی زەماوەندی نەریتی میڵ و گوندەوە، تا ئامادەکردنی ڕزق و ڕۆزی ناوخۆیی و وردکردنی گەنم و دروستکردنی زەعتەر و وردەکارییەکانی دیکە کە ڕەنگە بچووک دەرکەون، بەڵام چیرۆکەکانی تەمەنێک و یادەوەری نەوەکانیان لەخۆگرتووە، ئەمانە وردەکارییەکانن کە لەیلا رەزا حەز دەکات زیندوویان بکاتەوە و وتی: ئەم یادەوەرییە نابێت بمرێت، گرنگ نییە شەڕەکە چەندە چڕ بێت یان بارودۆخەکان چۆن بگۆڕدرێن.
لە حەوشەی ماڵەکەدا، لە نێوان کەلوپەلی ئەنتیکدا، ژنان کۆبوونەوە و تابلۆیەکی دەوڵەمەندی میراسیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو، جل و بەرگی نەریتی گوند، ئاهەنگێکی زەماوەندی باشوور، نانی ساج و ژیانی سادەی باشوور... دیمەنێک کە ئامادەبووانی گواستەوە بۆ ڕۆژانی ڕابردوو، کە ئاهەنگەکان لە مەیدانەکانی گوندەکاندا بەڕێوە دەچوون، هەمووان بەبێ جیاوازی هاوبەشیان دەکرد، کاتێک سادەیی پێناسەی ژیانی دەکرد و خۆشی خەڵکی یەکدەخست.
لەیلا رەزا ڕوونیکردەوە، کە ئامادەکاری بۆ ئەم ڕۆژە زیاتر لە هەفتەیەکی خایاندووە و لە هەندێک حاڵەتدا، ١٠ ڕۆژی تێپەڕاندووە. کە بریتی بوو لە کۆکردنەوەی شتە کۆنەکان و ئامادەکردنی جلوبەرگی نەریتی و ڕاهێنانی ژنان بۆ دووبارە دروستکردنەوەی وردەکارییەکانی ئەو شێوازە ژیانە، هەروەها کارەکە ئاسان نەبووە، پێویستی بە وەرگرتنەوەی هەر پارچەیەکی ئەنتیک هەیە، پەیوەندیکردن لەگەڵ ژنان و ڕێنماییکردنیان لەسەر چۆنیەتی بەرجەستەکردنی ڕۆڵەکان و لەبەرکردنی جلوبەرگی گوندەکە، دڵنیابوون لەوەی پەیامەکە ڕوونە لە نەوەی بەتەمەنەوە بۆ گەنجەکان.
"پەیامەکەمان ئەوەیە کە خاکەکە مێژوو و ناسنامە و یادەوەرییەکی هەیە"
جەختی لەوە کردەوە، کە ئامانج تەنها ئەنجامدانی بۆنەیەکی کولتووری نەبووە، بەڵکو زیندووکردنەوەی خاکەکە و گەیاندنی پەیامێکە بە نەوە نوێیەکان کە ئەم خاکە خاوەنی مێژوو و ناسنامە و یادەوەرییەکە کە ناتوانرێت بسڕدرێتەوە.
ئاهەنگی هاوسەرگیری گوندەکە یەکێک بوو لە گرینگترین شتەکانی ڕۆژی کولتووری، چونکە وردەکارییەکانی ئاهەنگە هاوسەرگیریە کۆنەکانی زیندوو دەکردەوە، کاتێک مەیدانی شارۆچکەکە دەگۆڕێت بۆ شوێنێکی کراوە بۆ ئاهەنگگێڕان، کە هەمووان تێیدا کۆدەبنەوە، کارتی بانگهێشتنامە و ئامادەکارییەکی گرانبەها نەبوو، بانگهێشتنامەکان لە ڕێگەی سەردانی ماڵ بە ماڵەوە درێژ دەکرانەوە و بووک لەسەر دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا، هەڵپەڕکێ و چەپڵە و هەڵپەڕکێی دەبکە دەگوازراوەیەوە، لەکاتێکدا هەمووان بەشدار بوون لە ئاهەنگەکەدا.
”لەیلا ڕەزا هیوا دەخوازێت کە ئاهەنگەکانی هاوسەرگیری تایبەتمەندییەکانی گەلە کراوەکەیان بەدەستهێنەوە، لەدوای ئەوەی لە زۆرینەی کاتەکاندا بوون بە بۆنەی سنووردار.
چونکە لای ئەو، خۆشیی ئاهەنگی هاوسەرگیری تەواو نابێت ئەگەر بە بەشداریی هەمووان نەبێت، بەتایبەت کە ئەم نەریتە یەکێک بوو لە جوانترین وێنەکانی هاوکاریی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی نێوان دانیشتووانی شارۆچکەکە.
وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەش لە دیمەنە کولتوورییەکان نەبڕانەوە، نانی گەنم و نانی ساج، ئامێری منجیرە، کارە دەستییەکان و ئامادەکردنی خۆراکە خۆماڵییەکان، هەموویان ئامادە بوون بۆ ئەوەی یادەوەریی دایک و دابپران بۆ ژنان بگەڕێننەوە.
چیرۆکەکان کە سەردەمی پەیوەندییە بەهێزەکان کورت دەکەنەوە
سەعیدی ڕەزا نۆستالژیای خۆی بۆ ڕابردوو دەربڕی، کاتێک چاوی لە نانەکە بوو لەسەر ساجی نەریتی، بە میراسێکی ڕەسەنی دەزانی کە گواستییەوە بۆ ڕۆژانی ڕابردوو، کە بە جوانترین ڕۆژەکان پێناسەی کرد، ئاماژەی بە گۆڕان و بارودۆخی سەختی ژیان کرد، کە شەڕەکە هێنایە ئاراوە، هەروەها پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ئاساییەکانی نێوان دراوسێکانی لاواز کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی لەسەر وابەستەیی ژنان بە ماڵەکانیان و ئیرادەیان بۆ مانەوەیان لەوێ کردەوە سەرەڕای هەموو قەیرانەکان و بارودۆخی ئێستا.
لەناو ئامادەبوواندا، ئامال یونس لە کاری دەستیدا شتێکی زیاتر لە تەنها حەزێک دۆزییەوە، چونکە ئەوە بەشێکە لە یادەوەرییەکی کۆمەڵایەتی و کولتوورێک کە ژنان دەیگوازنەوە.
ڕەفیقە شوعەیب بابەتێک لە مێژووی شارۆچکەکە دەگێڕێتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی شەستەکان، کاتێک ژنێکی خەڵکی بەعلبەک هاتە لای و نهێنییەکانی پیشە دەستییەکانی خوری لەگەڵ خۆی هێناو بوو، دەستی کرد بە فێرکردنی ژنانی ناوچەکە و هاندانیان بۆ بەرهەمهێنانی خوری تا شارەزابوون لە هونەری بونیادنان.
ڕەفیقە شوعەیب بە شانازییەوە بیری دێنێتەوە کە چۆن ئەم خولیایە گۆڕا بۆ هەوڵێکی نیشتمانی کاتێک ئەو بلوزە خوریانەی لەلایەن ژنانەوە چێنران بۆ پشتگیریکردنی ئەوانەی بەشدارییان لە شەڕی ساڵی ١٩٦٧دا کردووە، وتی:ئەم کاری دەستییە تەنها سەرچاوەی بژێوی ژیان نین، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاون لە میراسێکی زیندوو کە دەبێت بپارێزرێت لە لەبیرکردن.
سورەیا حەتیت دووپاتی کردەوە، کە ساڵانی حەفتاکان بە پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێز تایبەتمەند بووە، سەردەمێک کە دەرگاکان کراوە بوون و بۆنە خۆشەکان هەموو شارۆچکەکەیان کۆدەکردەوە.
چیرۆکەکە تەنها لە وەبیرهێنانەوەی ڕابردوودا سنووردار نییە، درێژدەبێتەوە بۆ ئێستا، بەشداربووان زیندووکردنەوەی ئەم نەریتانە وەک کەشی کۆبوونەوە و پەیوەندیکردن دەبینن، دەرفەتێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی ساتەکانی خۆشی لەنێو شەڕ و دڵەڕاوکێ و شەڕانگێزیدا.
لە بابلدا ڕۆژی میراس تەنها زیندووکردنەوەی وێنەکانی ڕابردوو نەبوو، نە تەنها ئاهەنگگێڕانێک بوو بۆ داب و نەریتی داپیران، بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ زیندوو ڕاگرتنی یادەوەرییەکە، و دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە باشوورییەکان لە داب و نەریت و چیرۆکەکانەوە بە میراسیان گرتووە، وردەکارییەکی تێپەڕ نییە، بەڵکو بەشێکە لە ناسنامە و بوونیان و یادەوەرییەکە کە نایانەوێت لەنو بچێت.