لە کفری کەرناڤاڵێک بۆ ٨ی مارس بەڕێوەچوو

لە شارۆچکەی کفری بە بۆنەی یادی ٨ی مارسەوە کەرنەڤاڵێک بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لەسەر بەنداوی باوەشاسوار لە شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی بەهاوکاری ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خانزاد، چەند چالاکییەکیان لە ژێر ناوی کەرنەڤاڵدا ڕێکخست تایبەت بە ٨ی مارس.

 

لە کەرنەڤاڵەکەدا ژمارەیەک چالاکی هونەری ئەنجام دران، وەک چالاکیەکانیگروپی خانمانی دەستڕەنگینی گەرمیان کە پێشانگایەکی تایبەتیان بۆ کارە دەستییەکانیان کردەوە.

هەروەها، باخچەیەکی تایبەتیان کردەوە بۆ هاوڵاتیانی شارۆچکەی کفری بە ناوی باخچەی "وچان" هەر لە درێژەی چالاکیەکەدا ٢٥٠ نەمامیان تێدا چاندرا.

 

پڕۆژەی ژن و ئاشتی ئەنجامدرا لەلایەن گروپی کیژانی شێوەکاری کفرییەوە کە لە خوار بەنداوی باوە شاسوارەوە ژمارەیەک بەردی گەورەیان ڕەنگ کرد.

لەکۆتایی کەرنەڤاڵەکەدا، شانۆگەرییەک بەناوی "ئەگەر ژن بوومایە" لە دەرهێنانی سیروان ڕەفعەت، پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

 

ت.پ