لە کاری هونەریم هیچ ڕەخنەیەکم لێنەگیراوە

بەیان زەریفی هونەرمەندێکی دیاری بواری دراما و شانۆ، ماوەی ٣٥ ساڵە بەردەوامە لە بواری هونەردا و دەڵێت کە ناتوانێت واز لە هونەر بێنێت.

ناوەندی هەواڵ

بەیان ڕەشید زەریفی، یەکێک لە هونەرمەندە دێرین و دیارەکانی درامای کوردی، لە ساڵی ١٩٦٣ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە و دانیشتوی گەڕەکی مەڵکەندیە، دەرچووی ساڵی ١٩٨٦ی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شاری سلێمانیە لە بەشی شانۆ، و ساڵی ٢٠٢٠ بۆ جارێکی تر دەست دەکاتەوە بە خوێندن و کۆلیژی هونەر بەشی فیلم سازی زانکۆی سلێمانی تەواو دەکات.

بەیان زەریفی بەو کارانەی کە بۆ منداڵانی کردووە شوێن دەستێکی جوانی بەجێهێشتووە و منداڵانیش بەهۆی گۆرانی (یاری کوردەواری)ەوە دەیناسن، یەکێک لە کارەکانی ئامادەکردنی فێستیڤاڵی ساڵانەی باخچەکانی منداڵان بووە بەو پێیەی لە ساڵی ١٩٩٣وە لە باخچەی ساوایانی سلێمانی وەک دادەی هونەر دەستی بەکارکردن کردووە، دوانزە ساڵ لە کەناڵی گەلی کوردستان وەک پێشکەشکار و ئامادەکاری بەشی منداڵان دەست بەکار بووە ، لە ساڵی ٢٠٠٠دا ڕێکخراوی هانای منداڵانی دامەزراندووە و پاشان باخچەی هانای سەر بە ڕێکخراوەکەی دامەزراندووە و تا ساڵی ٢٠١٢ بەردەوام بووە، لەگەڵ ئەمانەدا سێ فیلم کارتۆنی درێژ و ٤٥ کورتە فیلم کارتۆنی دۆبلاژ کردووە و نزیکەی ٨٠ چیرۆکی بۆ منداڵان خوێندۆتەوە.

 

٣٥ ساڵ کارکردن لە هونەردا

بەیان زەریفی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ژنهادا باس لە ژیانی هونەری خۆی دەکات دەڵێت زۆرم حەز بە هونەر بووە بۆیە خۆمم فێری کاری شانۆ کردووە و ئامێری پیانۆش لەبەر ئەوەی منداڵەکان پێویستیان پێ بووە هەوڵم داوە و فێربووم،  زەریفی ماوەی ٣٥ ساڵە کاری هونەری دەکات، بەشداری لە ٢٥ کاری شانۆی و ٣٠ کاری دراما و زنجیرەی تەلەفیزیۆنی و ٤ فیلمی سینەمایی و ٧ کورتە فیلمدا کردووە و دەڵێت هیچ رەخنەم لێنەگیراوە لە کارەکانمدا و خیزانەکەم زۆر پاڵپشتم بوون.

 

ئەو دەرهێنەرانەی منیان پێ گەیاند

زەریفی لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژە بەوە دەکات حەز دەکات کار لەگەڵ دەرهێنەر ناسر حەسەن بکات و هیچ پەشیمان نییە لە کارەکانی لەگەڵ حسێن میسڕی، هادی مەهدی و  ناسڕ حەسەن، زەریفی ئەو دەرهێنەرانە بە باشترین مامۆستای خۆی دەزانێت کە ئەویان پێگەیاندووە.

دەربارەی ئەو کارانەی خۆی کە خۆشیدەوێت دەڵێت: کاری زۆرم بۆ منداڵان کردووە، ئەوان خەم ڕەوێنن و شتیان لێوە فێر دەبم، وە ئەو گۆرانیەم خۆشدەوێت کە بۆ هۆشیارکردنەوەی منداڵانە بە ناوی یارییە کوردەوارییەکان، لە دراماشدا پەتریپۆت بەو کارەی دادەنێت کە زوو چووە ناو بینەرەوە، هەروەها لەو شانۆییانەش کە زۆر جار بە مانگ نمایش کراوە و خواستی بینەری زۆر لەسەر بووە مەملەکەتی عیللەت، داویلکە و بەرەو کەلاوە-ن کە ماندوو بوون پێوەی و هەتا ئێستاش ئەگەر لەو شانۆیانە بکرێتەوە بینەر بەهەمان تام و چێژەوە دێنەوە بۆ بینینی.

زەریفی لە بەشێکی دیدارەکەدا باس لەوە دەکات، لە ساڵی ٢٠١٣ەوە چەندین ڕووداو ڕوویانداوە وەک شەڕی داعش، بێ مووچەیی، خراپی گوزەرانی خەڵک و هونەرمەندانیش لەناویدا، کە ڕێگرە لەبەردەم ئەکتەرانی شانۆدا جارێکی تر بچنەوە سەر تەختەی شانۆ و بینەر کۆبکەنەوە لە بەرامبەر نمایشەکانیاندا.

 

ت.پ