گروپێکی خوێنەر، ئەدەبی کوردی زیندوو دەکەنەوە

لەپێناو بە کولتوورکردنی خوێندەوەدا گروپێک لە خوێنەران کە زیاترینیان ژنن، دەخوێننەوە و ئەو کتێبانەی هەڵیدەبژێرن کتێبی کوردین و باس لە ئەدەبی کوردی دەکەن، پێیان وایە دەبێت کۆمەڵگە بە گشتی و ژنان بە تایبەت بخوێننەوە، لە پێناو زیادبوونی هۆشیارییان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- خوێندن و خوێندنەوە لە ژیانی هەموو تاکێکدا گرنگی خۆی هەیە، لە کۆمەڵگەشدا بە گشتی هۆکارە بۆ بەرەو باشتربوون و وەرگرتنی ئاڕاستەیەکی گونجاو، بەشێک لە هاوڵاتیان دەخوێنن بەڵام ناخوێننەوە، دەخوێنن تەنها بۆئەوەی بڕوانامەیەک بەدەست بهێنن، جگە لە کتێبی خوێندنگە و زانکۆکانیان هیچ کتێبێکی دیکە ناخوێننەوە، هیچ کات ناخوێننەوە بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر و ڕۆشنکردنەوەی فکریان، گوێ نادەن بەوەی کۆمەڵگە بە بەرەوپێشچوونی هزری بەرەوپێش دەچێت.

 

بەشێک لە هاوڵاتیان خوێندنەوەیان بۆ گرنگ نییە و بە پێویستی نازانن، پێیان وایە کات کوشتنە، یاخود سودی نییە بۆ ژیانیان، چونکە لە ڕێیەوە بە شتێکی دنیایی ناگەن، بەڵام نازانن سودی خوێندنەوە دە هێندەی چالاکییەکانی دیکەی ڕۆژە، دەتوانرێت لە ڕێی خوێندنەوەوە هزری تاکەکان بەرەوپێش بچێت و بە جۆرێکی دیکە لێکدانەوە بۆ ژیان بکەن.

 

لە پاڵ ئەوەدا، لەناو جەنجاڵی ژیاندا چەندین گەنج و کەسانی خوێنەر هەن خولیای خوێندنەوەیان هەیە، پێیان وایە خوێندنەوە خۆراکی مێشکە و دەبێت هەموو کەس بخوێنێتەوە، کۆمەڵگە لە ڕێی خوێندەوەوە دەبێتە کۆمەڵگەیەکی هۆشیار.

 

"دەمانەوێت ئەدەبی لا لێنەکراوەی کورد زیندوو بکەینەوە"

گروپی هاوڕێیانی خوێنەر، گروپێکی خوێندنەوەیە و لە مانگی ئابی ٢٠٢٠ دامەزراوە و ماوەی سێ ساڵە بەردەوام هەموو هەفتەیەک کتێبێک هەڵدەبژێرن و دەخوێننەوە، لەم گروپەدا ١٥ ئەندام هەن، زۆرینەیان ژنن.

 

گوڵاڵە عوسمان، ئەندامی گروپی هاوڕێیانی خوێنەر، دەربارەی گروپەکە و هەڵبژاردنی ئەو کتێبانەی دەیخوێننەوە ڕوونیکردەوە، زیاتر ئەو کتێبانە دەخوێننەوە کوردین و هی نوسەرێکی کوردە، زیاتر ئەو کتێبانەش دەخوێننەوە کە سەر بە ئەدەبی کوردی و ئەدەبی خۆماڵین، باسی لەوەکرد، بۆیە ئەو کتێبانە دەخوێننەوە، چونکە ئەدەبی کوردی لای لێنەکراوەتەوە، پێی وایە میلەتی کورد میلەتێکی خۆبەکەمزانە بە شێوەیەک هاوڵاتیانی گرنگی نادەن بە کتێبە خۆماڵییەکان و پێیان وایە سودی نییە، بەڵکو کتێبە بێگانەکان سودیان هەیە، وتیشی: سێ ساڵی تەواوە هەفتەی یەک کتێب دەخوێنینەوە و دواتر لە کۆتای هەفتەدا و لە ڕۆژانی پێنجشەمماندا لەگەڵ نووسەرەکەدا تاوتوێی دەکەین، ئەگەر کەسێک پابەند نەبێت ناتوانێت بەشداریمان لەگەڵدا بکات.

 

"پێویستە خوێندنەوە بکەینە کولتوور"

ئەم گروپە وادەکات خوێنەرەکان بە تەنها بۆ خۆیان بخوێننەوە و بە گروپ بیروڕا جیاوازەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن، گوڵاڵە هیوا دەخوازێت چەندین گروپی دیکە هەبن بۆ ئەوەی خوێندنەوە ببێتە کولتوور، تەنها خوێندنووە لەسەر ئاستی تاک نەمێنێتەوە بەڵکو چۆن کورد خاوەن مێژوو میللەتێکی مێژووییە، بەو شێوەیەش ببێتە یەکێک لەو میللەتانەی خوێندنەوە تیایدا ببێتە کولتوور.

 

وەک باسی لێوە دەکات تەنها لە ماوەی ساڵی پاردا ٤٨ کتێبی خۆماڵیان خوێندووەتەوە، بەم ڕێژەیەش دەیانەوێت ڕەوتی کۆمەڵگە بەرەوپێش ببەن و ئەدەبی کوردیش زیندوو بکەنەوە، گوڵاڵە کێشەی سەرەکی گەنجان و کۆمەڵگە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە خولیای خوێندنەوەیان نییە و ناخوێننەوە، بۆیە بە گرنگی دەزانێت خوێنەران گرنگی بە خوێندەوەی خۆیان بدەن و گەنجان ئاڕاستە بکەن بەرەو دنیای خوێندنەوە.

 

"ژنانی خوێنەر تاکی پەروەردەکراوی ڕۆشنبیر دروست دەکەن"

دەربارەی ژنانی خوێنەر گوڵاڵە وتی: گرنگترین خاڵ خوێندنەوەی ژنانە، چونکە ژن دایکە کۆمەڵگە بەڕێوە دەبات و ئەرکی زۆری لەسەر شانە، کاتێک ژن هۆشیار بێتەوە کۆمەڵگە هۆشیارە، چونکە بە دەوڵەمەندکردنی فکری خۆیان دەتوانن تاکێکی هۆشیار بێننە دنیاوە و ڕاستەخۆ خێزانەکەش ئەو ئاڕاستەیە وەردەگرێت.

 

"خوێندەوە وەک هەناسە و خۆراک گرنگە"

نیشتیمان عەبدولقادر، خوێنەر و نووسەرە و ئەندامی گروپی هاوڕێیانی خوێنەر، ماوەی دوو مانگە لەگەڵ ئەو گروپەدا کتێب دەخوێننەوە، دەربارەی گرنگی هەبوونی گروپەکە و ئامانجی خوێندەوەیان ئاماژەی بەوەدا، هەبوونی ئەو گروپانە گرنگە وا لە خوێنەر دەکات بە تایبەت لە ئەدەبی خۆماڵی خۆیان قوڵ ببنەوە، هەبوونی ئەم گروپانەش بە پێویست دەزانێت لە هەر قۆناغێکی خوێندندا، بەتایبەت لە کوردستاندا چونکە لە ڕووی کۆمەڵێک لایەنەوە دواکەتووە.

 

مرۆڤ لە ڕێی خوێندنەوەوە بە ژیان و خودی خۆشی دەناسرێت، نیشتیمان دەربارەی خوێندەوە لە کوردستاندا دەڵێت: لە ساڵانی هەشتاکانەوە دەخوێنمەوە، ئەوکات خوێنەر زۆر بوو کتێب کەم بوو، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوەیە، خوێندنەوە لە میللەتی کورددا شێواوی پێوەدیارە، لەگەڵ ئەوەشدا خوێنەر هەن و کۆمەڵێک گەنج هەن ڕۆشنبیرانە دەژین، بەڵام ئەمە بەس نییە و گرنگە ببێتە کولتوور و لە هەموو ماڵێکدا کتێبخانە هەبێت.

 

"گرنگە ژنان بخوێننەوە بۆ وەستاندنەوەی بەڕووی ئەو زوڵمانەی لە مێژووەوە تا ئێستا بەرەوڕوویان دەکرێت"

نیشتمان باسی لەوەکرد دایک و باوکی ئێستا زۆرینەیان خوێنەرن، بەڵام گرنگی بە لایەنی مەعریفی منداڵەکانیان نادەن، هانیان نادەن بۆ خوێندنەوە و هۆشیارییان، وتیشی: گرنگی خوێندنەوە بۆ ژن و پیاو وەک یەک وایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا ژنان چەپێنراون، بەردەوام لە هەموو ڕوویەکەوە زوڵمیان لێکراوە، بۆیە گرنگە ژنان زیاتر بخوێننەوە و لەگەڵ گۆڕانکارییە ژیانییەکاندا بتوانن بەرەوپێشبچن و ڕووبەڕووی ببنەوە.

 

وتیشی: زوڵم بەردەوام لە ژن دەکرێت، بۆ وەستاندنی زوڵم ژن دەبێت زیاتر هۆشیار بێت و بخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت زیاتر بە مافەکانی خۆی بگات، لە ڕێی خوێندنەوەوە نەک تەنها ژنان بەڵکو کۆمەڵگەش زیاتر بەرەو گەشەی زیاتر دەگات، ئاستی مرۆڤبوونی کەسەکان باڵا دەبێت، چونکە کاتێک مەعریفەی کەسێک زیاد دەکات دەتوانێت تێڕوانینی بۆ ژیان باشتر بێت و بۆ گەیشتن بە ماف و ئامانجی چاەڕێی دەسەڵات و لایەنێک نەبێت.

 

"هەڵبژاردنی کتێب کەتووەتە سەر پێویستی خۆڕسکی مرۆڤەکان"

نیشتیمان ئاماژەی بەوەدا، مرۆڤ لە کاتی لەدایکبوونی تا مردنی ئەو ماوەیەی تیایدا دەژی نابێت بە فیڕۆیی بدات، بەڵکو دەبێت چالاکانە هەوڵی بەرەوپێشچوونی خۆی بدات و نەهێڵێت لەو ماوەیەدا مافی بخورێت، ئەمەش بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەبێت، خوێندنەوەش ئەو ڕۆڵە بە مرۆڤ دەبەخشێت.