کورتە فیلمی قەوان، دەبێتە یەکەم ئەزموونی کاری هونەرمەندێک

ژنە ئەکتەرێکی بواری سینەما و دراما دەڵێت خاوەنی چەندین خەڵاتی ڕێزلێنان و سوپاسنامەم بەڵام لەناویاندا شانازی دەکەم بە وەرگرتنی خەڵاتی ڕێزلێنان لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری پێشمەرگەوە

ژنە ئەکتەرێکی بواری سینەما و دراما دەڵێت خاوەنی چەندین خەڵاتی ڕێزلێنان و سوپاسنامەم بەڵام لەناویاندا  شانازی دەکەم  بە وەرگرتنی خەڵاتی ڕێزلێنان لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری پێشمەرگەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

گوڵی حەسەن، یەکێک لە دۆبلێرە ناسراوەکانی باشوری کوردستان لە چەندین فیلمی سینەمایی، کورتە فیلم، ڕیکلام و درامادا بەشداری کردووە و خاوەنی چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانە، یەکێک لە خەڵاتەکانیش لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری پێشمەرگەوە پێشکەشی کراوە، گوڵی لەساڵی ١٩٧١ لەشاری سلێمانی لە دایک بووە و لە ساڵی ٢٠١١دەستی بە کاری نواندن و دۆبلێر کردووە، یەکەم کاری هونەری کورتە فیلمێکی سینەمایە بەناوی (قەوان).

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ژنهادا لەگەڵ هونەرمەند گوڵی-دا سەبارەت بەکەمی ڕۆڵ پێدان بە ژنان وەک پاڵەوانی فیلمەکان ئاماژەی بەوەدا کە فیلم و دراما هەیە پاڵەوانەکەی ژنە بەڵام بە هاوبەشی لەگەڵ  پیاودا، گوتیشی ئێوە بیرۆکەیەکی جوانتان پێدام بۆ ئەوەی لەمەودوا کار بکرێت ژنێک بە تەنها ڕۆڵی پاڵەوانی فلمێک ببینێت چونکە ژنی ئازامان زۆرە لە ژیانی ڕاستەقینەدا.

بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەی کوردی لە چۆنیەتی شێوازی ڕەخنەگرتن لە کاری هونەری ئەم ژنە ئەکتەرە بەم شێوەیە بۆمان دوا: "ڕەخنە شێواز و ڕێبازی خۆی هەیە پێویستە لە بوارە هونەریەکەوە ڕەخنە بگیرێت تاوەکو ببێتە یارمەتیدەر بۆ دروستکردنی کاری جوان، نەوەک ڕوخسارو کەسایەتی ئەکتەرەکان بەکاربێنن وەک شکاندنەوەی یەکتری"، گوڵی پێشی وایە هەر کەسێک ڕەخنە و پێشنیاری هەبێت لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تایبەتەوە بەڕێزەوە بە ئەکتەرەکە خۆی بوترێت باشترە، هەروەها گوتیشی:" ئەوەی کاری هونەری دەکات بەوجۆرە ڕەخنانە ناڕوخێت، کە وەک گاڵتە پێکردنە لە کۆمێنتی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا".

دەربارەی ڕۆڵ و کاریگەری درامای تورکی و بیانی بەسەر دراما کوردیەکانەوە گوڵی ڕای وایە کە دەکرێت لە ڕووی درامییەوە دراما کوردییەکانیش پێشکەوتن بە خۆیانەوە ببینن و تێکەڵ بە دنیای مۆدێرن ببن بەڵام بە شێوەیەک نەبێت کە پێچەوانەی کلتوری کۆمەڵگە بێت و کۆمەڵگە بەلاڕێ و هەڵوەشاندنەوە ببات.

بۆ هەر دەرکەوتنێک لە شاشەدا وەک چۆن ڕەخنە هەیە زۆرجار دەستخۆشی و خەڵاتی ڕێزلێنان دەبەخشرێتە هونەرمەندان و ئەو کەسانەی شوێن پەنجەیان دیارە، ئەم ژنە ئەکتەرەش بۆتە خاوەنی چەندین خەڵاتی ڕێزلێنان ودەڵێت:" کە لە ماوەی ٦ مانگدا ٢ سوپاسنامە و ڕێزلێنانم وەگرتووە و خاوەنی چەندین خەڵاتی دیکەم.

دەشڵێت "هەموو خەڵاتەکان جێگای خۆشحاڵی منن بەڵام ئەوەی تایبەتە بۆمن خەڵاتی ناوەندی ڕۆشنبیری پێشمەرگەیە چونکە ئەوان کەسانی هونەری نەبوون، جێگای شانازیمە پارێزەرانی وڵاتەکەم بەسەریان کردوومەتەوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات: لەبواری هونەریدا ژنانی زۆر سەرکەوتوومان هەیە و زۆربەیانم بە دڵە، بەڵام کەسێکی تایبەت کە زۆر سەرسامم پێی و لە ڕووگەیدا ڕۆڵەکەی دەخوێنمەوە ژیان ئیبراهیمە، بە شانازییەوە دەڵێم کە ئێمە خاوەنی هونەرمەندێکین بە ناوی ژیان ئیبراهیم خەیاتەوە.

 

ت.پ