"هەر نەتەوەیەک مێژوو و کلتوری خۆی نەناسێت، لەناودەچێت"

بە بۆنەی ٣٤ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، یەکەمین گەلەریی پێکهاتەکانی هەڵەبجە کرایەوە.

بە بۆنەی ٣٤ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، یەکەمین گەلەریی پێکهاتەکانی هەڵەبجە کرایەوە.

هەڵەبجە

 

٣٤ ساڵ بەسەر کیمیابارانی هەڵەبجەدا تێپەڕدەبێت، بەو بۆنەیەوە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکەمین گەلەری وێنەیی لە شاری هەڵەبجە کرایەوە، کە تێیدا چەندین کەسایەتی ڕۆشنبیر، کەسوکاری شەهیدان و مێژووی شارەکە بە پەیکەر و تابلۆ نمایشکرابوون.

 

حەمیدە جەمال، چالاکوانێکی ژنی هەڵەبجەیە، یەکێک بوو لەو کەسانەی کە وێنەکەی لە گەلەری هەڵەبجەدا نمایشکرابوو، لە لێدوانێکیدا بۆ نوژنها وتی: کردنەوەی ئەم مۆزەخانە بچوکە دەبێتە ئایندەیەکی ڕووناک لە هەڵەبجەدا و دەتوانێت بەوپەڕی مێژوودۆستی و ئەماناتەوە مێژووی هەڵەبجە نمایش بکات، ئەو ئێستایەی کە هەمانە دەبینین وێنەکان پڕن لە گەنجی بە ئەزموون و چاک و وێنەکانیان نمایشکراون و دەبێتە بناغەیەکی باش بۆ دانانی مۆزەخانەیەکی تۆکمە.

 

حەمیدە جەمال پشتگیری خۆی بۆ گەلەری هەڵەبجە دووپات کردەوە و داوای لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری هەڵەبجە کرد کە پێویستە بە جوانتر کار بکرێت بۆ نووسینەوەی مێژووی جوانی شارەکە و هاوکاری گەنجان بکرێت بتوانن ڕابردوو ئیستا پێکەوە ببەستنەوە.

 

هاوڵاتیان بە جۆش و خرۆشەوە سەردانی گەلەری هەڵەبجەیان دەکرد بە مەبەستی بینینەوەی وێنەی کەسوکاریان لەناو گەلەرییەکەدا.

 

گوڵاڵە عەلی، گەنجێکی هەڵەبجەیە و بوونی گەلەرییەکی لەم شێوەیەی بە گرنگ نرخاند بە تایبەت لە هەڵەبجەدا، چونکە هاوڵاتیان زیاتر ئاشنا دەبن بە مێژووی خۆیان و ئاستی ڕۆشنبیری هەڵەبجە لە ڕابردوودا پیشان دەدات، "هیوادارم زیاتر دەستی ئەو کەسانە بگیرێت کە هەوڵ دەدەن، بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە مێژووی هەڵەبجە بدرێت و زیاتر بناسێنرێت و مێژووەکەی تۆمار بکرێت، هەوڵەکان چڕ بکرینەوە تا هەموو تاکێک سودی لێ ببینن".

 

ئارام شەمێرانی، خاوەنی گەلەری هەڵەبجە تایبەت بە نوژنها دوا: بیرۆکەی دروستبوونی ئەم گەلەرییە بۆ ئەو چەندین ساڵە دەگەرێتەوە کە بینیویەتی، تاوەکو ئێستا جگە لە مۆنۆمێنتی شەهیدان هیچ جێگەیەک نیە کە مێژووی هەڵەبجە پیشان بدات، بۆیە بڕیاریداوە لەسەر ئەرکی خۆی و بودجەی تایبەتیی گەلەری هەڵەبجە بکاتەوە، کە تایبەتە بە وێنەی وەرزشکاران، هونەرمەندان، ڕاگەیاندنکاران و کەسایەتییەکانی دیکەی شاری هەڵەبجە.

 

٣٤ ساڵ بەسەر کیمیابارانی هەڵەبجەدا تێپەڕدەبێت، ساڵانە بە چالاکی جۆراوجۆر و یاد و مەراسیم یاسی ڕۆژی کیمیاباران و قوربانیان دەکرێتەوە.

ت.پ