ژنانی نووسەر لە نێوان پشتگوێخستن و دوورخستنەوە؛ ژنێک لە شەقامەکاندا کتێبەکانی دەفرۆشێت

نووسەر عەتیە شێخ ئەحمەدی دووپاتی کردەوە کە نە چاودێری کۆمەڵایەتی و نە هیچ بەرپرسێک پشتیوانی لێدەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی، هەروەها شوێنێکی فرۆشتنی بۆ تەرخان ناکەن، بۆیە ناچارە لەسەر شەقامەکان بیفرۆشێت.

ژونا ئەردەلان

 

سنە- ژنان لە بواری هونەر و ئەدەب و بەردەوامییان لەو ڕێگەیەدا، ڕووبەڕووی چەندین سەختی کردوونەتەوە، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تا ئەو ڕادەیەی کە ژنان تووشی فشار و هەراسانکردن دەبنەوە، بەڵام ئارەزووی بەرەوپێشچوون و تێکۆشان بۆ یەکسانی ڕەگ و ڕیشەی لە ڕۆحی ژندا داکوتاوە و هیچ بەربەستێک ڕایانناگرێت بۆ گەشتن بە خەونەکانیان.

 

عەتیە شێخ ئەحمەدی، نووسەر و شاعیرە و کێشەی تەندروستی هەیە، بەڵام بە ڕۆحێکی بەهێزەوە دەنووسێت و تا ئێستا ٤٩ کتێبی خەیاڵی و کۆمەڵە شیعرێکی چاپ کردووە، هەروەها ٥٠یەمین کتێبیشی چاپ کردووە، بە ناوی "چارەنووس"، کە ژیاننامەی خۆیەتی و لە ٤٣٨٥ لاپەڕە پێکهاتووە.

 

عەتیە بڕبڕەی پشتی ناوچەی ملی لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە سەربانەوە پچڕا، بەڵام بە ئیرادە و کۆڵنەدان بەردەوام بوو لە بەڕێوەبردنی ژیانی ئاسایی خۆی و لە شەقامەکانی شارەکەیدا کتێبەکانی دەفرۆشێت، وتیشی: مامۆستام نەبوو، بەڵام هەر لە قوتابخانەوە دەمتوانی بە باشی بنووسم، ڕووبەڕووی چەندین کێشە بوومەوە و ناچار بووم قەرز وەربگرم بۆ چاپکردنی کتێبەکانم، مانگانە دەبوو ٥ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن بدەم، بەداخەوە، فرۆشی کتێب لاوازە و خەڵک پشتگیریم ناکەن.

 

عەتیە شێخ ئەحمەدی ئاماژەی بەوەدا کە زۆربەی کتێبەکانی بە زمانی فارسین، جگە لە دوو کتێبیان بە زمانی کوردی کە یەکێکیان کۆمەڵە شیعرە کە لە لایەن باوکی بۆی نووسراوە، وتیشی: هەفتەیەک دوو سێ ڕۆژ کتێبەکانم لە گۆشەی شەقام دەفرۆشم، بەبێ ئەوەی کەس گرنگی پێبدات، دەبوو شوێنێکی گونجاو بۆ فرۆشتنی کتێبەکانم دەستەبەر بکەم و لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا کەشوهەوا سارد دەبێت و توانای ئەوەم نابێت بچمە دەرەوە بۆ سەر شەقام.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە داهاتوودا دەمەوێت کتێبەکانم وەربگێڕم بۆ زمانی کوردی، هەرچەندە بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لە ئەدەبدا هەیە و تا ڕادەیەک توانای ئەوەم هەیە، بەڵام ناتوانم هەموویان وەربگێڕم و پێویستم بە هاوکارییە، بەشێک لە کتێبەکانم لەلایەن چەند کەسێکەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی.