جەژنی فیلمی ئالتین پۆرتاکاڵ بۆ کەسانی خاوەن پێداویستییە جیاوازەکان بەبێ بەربەست دەبێت

جەژنی نێودەوڵەتیی فیلمی ئالتین پۆرتاکاڵی ئەنتالیا، لە ٢٤ تا ٣١ی تشرینی یەکەم، بە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گونجاوەکان بۆ کەسانی خاوەن پێداویستییە جیاوازەکان، هەوڵ دەدات سینەما بۆ هەمووان دەستڕاگەیشتوو بکات.

ناوەندی هەواڵ- جەژنی نێودەوڵەتیی فیلمی ئالتین پۆرتاکاڵی ئەنتالیا، ئەمساڵ بینەرانی خاوەن پێداویستییە جیاوازەکان لە سینەماکاندا کۆدەکاتەوە. ئەم جەژنە کە لە نێوان ٢٤ تا ٣١ی تشرینی یەکەم بەڕێوە دەچێت، لە چوارچێوەی هاوکاریی لەگەڵ جەژنی فیلمی بێ بەربەستدا ئەنجام دەدرێت و لە بەرنامەکانی خۆیدا شوێن بە نمایشکردنی فیلمە گونجاوەکان بۆ هەمووان دەدات.

 

ئەم هەڵبژاردنە بە بەشداریی جەژنی فیلمی بێ بەربەست ئامادە کراوە؛ جەژنێک کە بۆ ماوەی ١٤ ساڵە لە بواری سینەمای دەستڕاگەیشتوو کار دەکات. ئامانجی ئەوەیە کە کەسانی خاوەن پێداویستیی بینین و بیستن، بە مەرج و بارودۆخی یەکسانەوە بتوانن بەشداریی چالاکییە کلتووری و هونەرییەکان بکەن. فیلمەکان بە وەسفی دەنگی و هەڵبژاردەی ژێرنووس بۆ بینەران پیشان دەدرێن.

 

دوو فیلم بۆ بینەران پیشان دەدرێن

لە چوارچێوەی هەڵبژاردەی فیلمەکانی بێ بەربەست دا، ڕۆژی شەممە، ٣١ی تشرینی یەکەم ، دوو نمایشکردنی بەخۆڕایی لە هۆڵی ئەسپێندۆسی ناوەندی کەلتووری ئاتاتورکی ئەنتالیا (AKM) بەڕێوە دەچن. فیلمی ئەنیمەیشنی شاکرچی بالینا  نەهەنگی گۆرانیبێژ،  بە دەرھێنەرایەتی ڕێزا مەماری، کاتژمێر ١٢:٣٠ی نیوەڕۆ پیشان دەدرێت. هەروەها فیلمی  گێنج ئانەلەر دایکانی گەنج ، بە دەرھێنەرایەتی ژان پیێر و لوک داردێن، کاتژمێر ٣:٣٠ی دوای نیوەڕۆ نمایش دەکرێت.

 

هەردوو فیلمەکە بۆ بینەرانی خاوەن پێداویستیی بینین بە وەسفی دەنگی، و بۆ بینەرانی خاوەن پێداویستیی بیستنیش بە پشتگیریی ژێرنووس پیشان دەدرێن.

 

مەرجی تایبەت بۆ نمایشکردنی فیلم بۆ بینەرانی ئۆتیزم

فیلمی ئەنیمەیشنی  شاکرچی بالینا (The Last Whale Singer)، کە لە هەڵبژاردەکەدا جێی گرتووە، لە ژینگەیەکی گونجاو و دۆستانە بۆ کەسانی ئۆتیزمی نمایش دەکرێت.

لە کاتی نمایشکردندا، هۆڵەکە بە تەواوی تاریک ناکرێت و دەنگی بەرزیش کەم دەکرێتەوە. بینەران دەتوانن لە ماوەی نمایشکردنی فیلمەکەدا بجوڵێنەوە، خواردن بخۆن و شتی بخۆنەوە.

ئەم فیلمە ئەنیمەیشنییەی ساڵی ٢٠٢٥، کە بەرهەمی هاوبەشی ئەڵمانیا، کۆماری چیک و کەنەدایە، چیرۆکی ڤینسێنت دەگێڕێتەوە؛ کە کوڕی نەهەنگی گۆرانیبێژی کۆتاییە و ئۆقیانووسەکان دەپارێزێت. فیلمەکە گەشتی نەهەنگێکی پشت‌کۆژەی گەنج باس دەکات و لە جەژنی نێودەوڵەتیی فیلمی شلینگڵ بۆ منداڵان و بینەرانی گەنج، لە ساڵی ٢٠٢٥دا خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتیی منداڵانی وەرگرتووە.

 

فیلمی دایکانی گەنج، خاوەنی خەڵاتی کەن، لە بەرنامەکەدایە

فیلمی دیکەی هەڵبژاردەکە، گێنج ئانەلەر دایکانی گەنج ، ژیانی پێنج ژنی گەنج دەخاتەڕوو کە بەرپرسیارێتی دایکایەتییان گرتووەتە ئەستۆ.

ئەم بەرهەمە هاوبەشەی بەلجیکا و فەرەنسا، کە لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەرهەم هاتووە، چیرۆکی جێسیکا، پێرلا، ژولی، ئەریان و نایما دەگێڕێتەوە؛ ئەو پێنج ژنەی لە پەناگەیەک بۆ دایکانی گەنجدا دەژین و هەوڵ دەدەن ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و منداڵەکانیان بنیات بنێن.

 

فیلمەکە کە ژان پیێر و لوک داردێن دەرھێنەرایەتییان کردووە، لە جەژنی نێودەوڵەتیی فیلمی کەن لە ساڵی ٢٠٢٥دا خەڵاتی باشترین فیلمنامە و خەڵاتی ژووری هاوبەشی ئایینی وەرگرتووە. فیلمەکە ئەزموونی دایکایەتی، هاوپشتیی ژنان، نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان و هیوا بۆ داهاتوو دەخاتەڕوو.

 

هەڵبژاردەی فیلمەکانی بێ بەربەست کە لە بەرنامەی جەژنی ئەمساڵدا جێی گرتووە، ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە دەستڕاگەیشتن بە سینەما نابێت تەنها بە مەرجە فیزیکییەکانی هۆڵەکان سنووردار بێت. ئامانج ئەوەیە بە بەکارهێنانی شێوازی نمایشکردنی گونجاو بۆ پێداویستییە جیاوازەکان، ژمارەیەکی زیاتر لە بینەران بتوانن ببنە بەشێک لە ئەزموونی سینەما.