لە فێستیڤاڵێکدا کولتوور و زانست ئاوێزان کران
پەیمانگای ئەهلی کۆمپیوتەری زانست ساڵانە فێستیڤاڵی زانست و کولتووری بەڕێوەدەبات و ئەمساڵیش بە نمایشکردنی داهێنانی زانستی و زیندووکردنەوەی کولتووری کوردی فێستیڤاڵەکەیان بەڕێوەبرد.
دیڤان سیهاد
ڕاپەڕین- لە پەیمانگای کۆمپیوتەری زانست لە شارۆچکەی قەڵادزێ شەشەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی پەیمانگاکە بە بەشداری مامۆستا و خوێندکاران بەڕێوەچوو، تیایدا نمایشی داهێنانی زانستی خوێندکاران کرا و چالاکی هەمەجۆری کۆنی کوردەواری هونەریی و کولتووری، بۆ زیندووکردنەوەی کولتووری ڕەسەنی کوردی پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
دەریا محەمەد ساڵح، خوێندکارێکی پەیمانگاکەیە و لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لەوەکرد کە ژنانی گەنجی قەڵادزێ توانیویانە جێگای خۆیان لە هەموو بوارەکانی وەک زانست، هونەر و کولتووریدا بکەنەوە و وتیشی: لە فێستیڤاڵەکەدا چەندین پڕۆژەی جوان و ناوازەی زانستیمان پێشکەش بە ئامادەبووان کردووە تا سوود بە کۆمەڵگە بگەیەنین.
هەسارە محەمەد، خوێندکارێکی دیکەیە و ئاماژەی بەوەدا کە پەیمانگاکەیان هەموو ساڵێک هەڵدەستێت بە سازدانی ئەم فێستیڤاڵە کە کولتووری و زانستیە، "ئامانجی فێستیڤاڵەکە پێشخستن و دەرخستنی بەهرە و تواناکانمانە، لایەنە کولتوورییەکەشی بۆ ئەوەیە کە زیاتر ئەو دابونەریتە کوردییەی پێشتر هەبووە، زیندوو بکرێتەوە و ڕۆڵی ژنان بخەینەوە ڕوو.