جەنگ و داگیرکارییەکان هیچ کات نەیتوانیوە ژنی کورد لە هونەر دووربخاتەوە
ئێمە چاوەڕێین لە داهاتوویەکی نزیکدا لە کوردستانێکی ئازاددا کە لە سەر دەستی ژن بە بیر و هزرێکی ژنانەوە ئازاد کراوە، بژین.
هەوار محەمەد
گەرمیان- سازان ئەکبەر خوێندکارێکی گەنجی شارۆچکەی دەربەندیخان، لە ڕێگەی کارێکی دیواربەندییەوە تابلۆی سەر دیواری ژنە شەڕڤانێک دەکێشێت، کە لەو تابلۆیەیدا وێنەی کەسایەتی ژنی کورد لە هونەر و جەنگدا نیشاندەدات، ئەو تابلۆیە بۆ یادی کیمیابارانی شارەدێی سێوسێنان، کە لەلایەن رژێمی داگیرکاری بەعسی عێراقییەوە لە ساڵی ١٩٨٨ دژ بە گەلی کورد ئەنجامدرا، کێشراوە.
لە یادی کیمیابارانی سێوسێناندا لە مۆنۆمێنتی قەرەداخ کۆمەڵێک لە ژنانی گەنجی شارۆچکەی دەربەندیخان چەن کارێکی دیواربەندی دەکەن، لەنێو ئەو تابلۆیانەدا تابلۆی ژنێکی شەڕڤان کێشراوەتەوە وەک سیمبولێکی ژنی کورد کە بە دەستێکی تفەنگی هەڵگرتووە و بە دەستێکی تری ئامێری ساز، سازان ئەکبەر، خاوەنی تابلۆکە سەبارەت بە بیرۆکەی دروستکردنی تابلۆ دیواربەندییەکە و ژنانی کورد بۆ ژنها دوا: "وێنەی ژنێکی شەرڤان جێگەی سەرنجی من بوو، چونکە بە دەستێکی تفەنگی هەڵگرتبوو بە دەستەکەی دیکەی ساز".
سازان سەبارەت بە رەنج و خەباتی ژنانی کورد دەڵێت: بە درێژایی مێژوو ژنانی کورد خەباتیان لەپێناو ئازادیدا کردووە، لەو ڕێگەیەشەوە توانیویانە خۆیان و ژنانی دیکەی کوردستان و نەتەوەیەک بپارێزن لە دەستی دوژمنان و داگیرکاران.
ئەو وێنەکێشە باس لە ڕۆڵی ژنان لە هونەردا دەکات و دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی کە کورد هەمیشە لەبەر مەترسی داگیرکاریدا بووە، ژنان خەباتی سیاسییان کردووە، بەڵام ژنی کورد هیچ کات دەستبەرداری ژنێتی خۆی نەبووە و جگە لە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی توانیوێتی خزمەت بە هونەریش بکات و موزیک بژەنێت، گۆرانی بڵێت و وێنە بکێشێت، جەنگ و داگیرکارییەکان هیچ کات لە هونەر نەیوەستاندووە.
هەروەها سازان خەباتی سیاسی ژنانی کورد بە گرنگ پێناس دەکات بۆ رزگاری گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان و دەڵێت: ئێمە چاوەرێین لە داهاتوویەکی نزیکدا چوار پارچەی کوردستان لەسەر دەستی ژنان، بە بیر و هزری ژنان و بە توانای ژن بەرەوپێشەوە ببەین و کاری باشتر بکەین، هەر چوار پارچەی کوردستان ئازاد بکەین و بە خۆشی لە کوردستانی ئازاددا بژین.
ت.پ