نووسەر ئەلێکساندرا محەمەد: شۆڕش هی ئێمەی ژنانە
نووسەری پەرتوکی 'نەبید'، ئەلێکساندرا محەمەد، لە ڕێگەی شۆڕشی ژنانەوە سەرنجی بۆ دەستکەوتەکانی ژنان لە بواری وێژەدا ڕاکێشا و وتی: هەر ژنێک بە بەرهەمی جیاواز بوونی خۆی نیشان دەدات، چونکە شۆڕش هی ئێمەی ژنانە.
زەینەب عیسا
قامیشلۆ - لەگەڵ شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا پێشەنگایەتیان کرد. یەکێک لەو بوارانەی کە پێشکەوتنی بەرچاوی تێدا بەدیهات، لەگەڵ گەشەسەندنی شۆڕش و ژنان بە هێز و باوەڕبوون بەوەی کە پێشەنگەکانی شۆڕشن، مەیدانی وێژەیە.
ئەلێکساندرا محەمەد، کە دایکی ڕوسییە و باوکی عەرەبە، لە قامیشلۆی کانتۆنی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەژی و یەکێکە لەو ژنانەی لە ڕێگەی وێژەوە هەستەکانی خۆی دەردەبڕێت، ئەلێکساندرا محەمەد بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ڕووسی دەنووسێت و بە یەکەم پەرتوکی بەناوی "نەبید" کە بە زمانی عەرەبی نووسراوە، بەشداری پێشانگای پەرتوکی شەهید هەرەکۆلی کردووە.
"شۆڕش دەرفەتی زۆری بە ژنان بەخشی"
ئەلێکساندرا محەمەد باسی لەوە کرد، شۆڕش لە گەشەسەندنی وێژەدا دەرفەتی بە ژنان بەخشیوە و وتی: ناوەڕۆکی پەرتوکەکەم سەبارەت بە بیرۆکەی هەڵبەستی و ژیانی و ڕۆژگاری ئێمە و بە تایبەرت سەبارەت بە ژنان لە شەڕدا. دەبینین پێش شۆڕش چۆن گۆڕانکاری لەگەڵ ژنان ڕوویدا و ئێستا جیاوازی زۆرە. شۆڕش دەرفەتی زۆری بە ژنان بەخشی و بە تایبەتی وەک ژنێک لە ساڵانی پێشوودا وەک خوێندکارێک بەشداریم لە پێشانگای شەهید هەرەکۆلی کرد، بەڵام ئەمساڵ وەک نووسەرێک بەشداری دەکەم. هەموو ئەمانەش لە سایەی شۆڕشەوەیە کە دەرفەتی بۆ ژنان ڕەخساندووە. لە ڕێگەی ئەم پێشانگایەوە گرنگترین ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا دەبینین کە هەموو ژنێک بە بەرهەمەکانی بەشداری دەکات".
"هەموو کەسێک لە ڕێگەی نووسینەوە هەستی خۆی دەردەبڕێت"
ئەلێکساندرا محەمەد سەرنجی خستە سەر نووسینەکانی و مەبەستی لە نووسینەکانی و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "من بە سێ زمان دەنووسم. کوردی و عەرەبی و ڕووسی. مەبەستم لە نووسین ئەوەیە کە لە ڕێگەی نووسینەوە ئازار و مەینەتیەکانی خەڵک دەربهێنم، ئەم شەڕە کە لە ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، زۆر شتی لەگەڵ خۆیدا هێنا، هەر مرۆڤێک لە ڕێگەی نووسینەوە ئەو هەستانە دەردەبڕێت کە لە کاتی شەڕدا ئەزموونی کردووە، هەر مرۆڤێک لە ڕۆژاڤا شەڕی کردبێت، جا سیاسی بێت یان سەربازی، کاری کردووە. منیش بە قەڵەمەکەم شەڕم دەکرد، لەم بارودۆخانەدا ئێمە وەک ژنانی نووسەر چ بە نووسینی ڕۆمانێک یان چیرۆکێک لە سەختییەکاندا تێپەڕین و ڕووبەڕووی ڕەخنەی کۆمەڵگە بووینەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو بارودۆخەکە ئێمەی ژنان هەمیشە بەرخۆدانمان کردووە و نەوەستاوین".
"شۆڕش بەرهەمی ئێمەیە"
ئەلێکساندرا محەمەد ڕایگەیاند کە نووسینەکانی لە داهاتوودا زیاتر دەبن و لە ئێستادا سەرقاڵی چەند بابەتێکە کە لە داهاتوودا پێشکەشی دەکات و لە کۆتاییدا دەڵێت: "لە داهاتوودا نووسینەکانم زیاتر دەبن و هەرگیز ناوەستم لە نووسین، لە ئێستادا سەرقاڵی چەند بابەتێکم کە لە داهاتوودا پێشکەشی دەکەم. لە کۆتاییدا دەمەوێت بە هەموو ژنانی ڕۆژئاوا بڵێم؛ پێش شۆڕش هیچ ڕۆڵێک بۆ ژن لە کۆمەڵگەدا نەبوو، بەڵام ئێستا شۆڕش بووە و ژنان کاری خۆیان دەکەن، هەر ژنێک بە بەرهەمی جیاواز بوونی خۆی نیشان دەدات چونکە شۆڕش هی ئێمەی ژنە.