بەربەستەکانی ژیان ڕێگە لە بەهرە و توانای ئەڤین ناگرن

بەربەستەکانی بەردەم ژنان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، تا دێت زیاتر دەبێت بۆ هەر تاکێک و بە جۆرێکە، ئەڤین یەکێکە لەو ژنانەی لە هەوڵدان نەوەستاوە لە پێناو گەیشتن بە هونەرە نەبڕاوەکەی.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ئەڤین سابر، شێوەکارە و دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی شاری سلێمانیە، جگە لە شێوەکاری چەندین بەهرەی دیکەی هەیە، توانیویەتی لەڕێی پەرەدان بە تواناکانی گەشە بکات و چەندین بەهرەی نوێی تێدا ڕەنگ بداتەوە، وەک شاخەوانی، کارکردنی لە ڕێکخراوێکی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان بە ناوی "کۆمەڵەی ڕۆژ بۆ کەمئەندامان".

 

ئەڤین خاوەن پێداویستییەکی تایبەتە بەڵام دۆخی تەندروستی نەبووەتە ڕێگر و توانیویەتی بگات بە ئامانجەکانی، لە باسکردنی ژیانی و کاتی خوێندنیدا ئاماژەی بەوەکرد، خوێندن و دەستکردن بە هەنگاوەکانی ژیان قورسن بۆ هەموو تاکێک، بەڵام بۆ خاوەن پێداویستییەکان زیاتر قورسن، چونکە ئەو ئازارانەی ئەوان ڕووبەڕووی دەبنەوە کەسێکی ئاسایی لێی تێناگات.

 

حەز و خولیای بۆ هونەر ئەوی گەیاندە لوتکەی سەرکەوتن

ئەڤینی شێوەکار، لە قوتابخانە بووە کاتێک خولیای بۆ هونەر و وێنەکێشانی لەلا دروستبووە، بۆیە دەچێتە پەیمانگای هونەرە جوانەکان و بەهۆی سەرکەوتووییەکەیەوە کۆلێژی هونەرە جوانەکانیش تەواوە دەکات، وەک خۆی دەڵێت: "ئامانجم پەیمانگای هونەرە جوانەکان بوو، تەنانەت نەمدەزانی لە کوێشە، بەڵام سووربووم لەسەر خوێندن لەو پەیمانگایە"، دۆخی ئابوری و تەندروستی ئەڤین کۆمەڵە هۆکارێک بوون کە هەنگاوەکانی خوێندنی قورسکرد بوو، بەڵام لە ڕێگەی تواناکانی خۆی و هاوکاریکردنی خێزان و کۆمەڵێک لە مامۆستاکان،  ئەڤین توانی بە سەرکەتووی پەیمانگا تەواو بکات.

 

ئامانجی سەرکەوتن بەربەستی زۆر دروست دەکات

ئەڤین بەهۆی دۆخی خۆی و کۆمەڵگەوە هەمیشە ڕووبەڕووی بەربەستەکان بووەتەوە، بەڵام ئیرادەی خۆی و پاڵپشتی خێزانەکەی گەیاندوویانەتە سەرکەوتن، "بەربەستەکان زۆربوون کە مرۆڤ بێ هیوا ببێت لە گەیشتن بە ئامانجەکانی، بەڵام نەبووە ڕێگر لە بەردەممدا، هەمیشە خێزانەکەم پاڵپشتیان کردووم"، کۆمەڵگە بە ئەڤینیان دەوت وەک خاوەن پێداویستییەک چۆن دەبێت بخوێنێت و  کار بکات، بەڵام ئەڤین دەڵێت: هەرچەندە هەمیشە بە چاوی خاوەن پێداویستی تایبەتییەوە تەماشایان دەکردم، بەڵام هەوڵم دەدا بەسەریدا زاڵبم"، وەک باسی لێوەدەکات، قۆناغی خوێندنی لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان قورسترین قۆناغی ژیانی بووە، چونکە لەو ساڵانەدا دۆخی تەندروستی ئەڤین گەیشتە ئەوپەڕی ناڕەحەتی، دووبارە خراپی دۆخی ئابوری و قسەی کۆمەڵگە زیاتربوون لەسەری.

 

"خاوەن پێداویستیم بەڵام ئەو توانایانەی هەمە بەکاری دەهێنم"

ئەڤین سابری شێوەکار، هێندە حەزی لە وێنە و هونەر بووە تەنانەت ناوی سەرجەم مامۆستای هونەری قۆناغەکانی سەرەتایی خوێندنی لە یادە، ئێستاش لەو خەمەدایە کە مافی تەواوەتی بە وانەی هونەر نەدەدرا لە قۆناغەکانی سەرەتایی خوێندندا، وتی: هەرچەند وانەکانی هونەر و وەرزش وەردەگیرا لەلایەن مامۆستای وانەکانی دیکە، بەڵام ئەمە نەبووە هۆکار بۆ کاڵبوونەوەی خولیای هونەر لە دڵمدا".

 

چەندین خولیای جیاوازی هەیە و توانیویەتی تیایدا سەرکەتووبێت

لە میانەی قسەکانیدا ئەڤین ڕوونیکردەوە، ماوەی سێ ساڵە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی تەواو کردووە، خولیای بوونە مامۆستای هونەری هەبوو، بەڵام بەهۆی نەشتەرگەرییەکانییەوە نەیتوانی ببێتە مامۆستا، بەڵام نەوەستاوە لە کارە هونەرییەکانی، ئێستا لە ماڵی خۆیدا وێنە دەکێشێت و هاوڵاتیانیش لەسەر ویستی خۆیان داوای وێنەی لێدەکەن.

 

ئەڤین جگە لە هونەر حەزی بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ هەیە، چەندین ئاژەڵی جیاوازی وەک پشیلە و توتی بەخێوکردووە، ماوەی ساڵێکە شاخەوانی دەکات، ئەو ڕێکخراوەی شاخەوانیان لەگەڵ دەکات سەرجەمیان خاوەنپێداویستی تایبەتن، ئەمەش دڵخۆشکەرە بۆ ئەڤین کە دەتوانێت هاوکاری خاوەن پێداویستییەکانی دیکەش بکات، هەروەها ئەڤین هونەری شانۆیی لە خودی خۆیدا پەرەپێداوە، حەزی بە هەموو پایەکانی هونەرە، ئەمەش وایکردووە لە کاری شانۆییدا بەشداربێت و یەکەم کاری شانۆیی وەک ئەکتەرێک بە ناوی "مردن لە چوار وەرزەدا" بووە، ساڵی پار لە ڕۆژی جیهانی شانۆییدا نمایشیان کردووە، لە ئێستاشدا سەرقاڵی کارێکی دیکەی شانۆییە.

 

ماوەی ١١ ساڵە وێنە دەکێشم

ئەڤین ماوەی ١١ ساڵە کاری وێنەکێشان دەکات، لە چەندین پێشانگای هاوبەشدا بەشداری کردووە، یەک پێشانگای تایبەت بە خۆی لە ساڵی ٢٠٢٢ لە ژێر ناوی "ئاشتی بۆ ژیان" کردووەتەوە، کە لە ٦٠ تابلۆ پێکهاتبوو، دەڵێت: ژمارەی تابلۆکانم لە هەژمارکردن نایەت و ئەتوانم بڵێم زیاد لە ٢٠٠ کارم هەیە، جگە لەوەش چەندین وێنەم لەسەر دیواری خوێندنگە و باخچەی ساوایان کێشاوە، هەروەها کارم لە شوێنە گشتییەکان و ئەو شوێنانەدا کردووە کە تایبەتن بە منداڵان.

 

وێنەکانی ئەڤین بەشی زۆریان سروشتن هۆکاری ئەمەش دەگڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو ژنە شێوەکارە خۆی لە سروشتدا دەبینێتەوە و پێی وایە گرنگترین خاڵە کە بەردەوام سروشت نوێبکەینەوە، جگە لەمانە چەند تابلۆیەکی هەیە تایبەتن بە دۆخی ژنان و ئەو توندوتیژیانەی ژنانی تێدایە، دەربارەی کارەکانی دەڵێت: "هەر کارێکی هونەری مەبەستێکی دیاریکراوی لە پشتەوەیە، بۆیە هەر تابلۆیەک کە دروستم کردووە تایبەتمەندی خۆی هەیە و پەیامێکی جیاواز دەگەیەنێت"، ئەڤین هونەر بە بەشێکی گرنگ لە ژیاندا دەزانێت و پێیوایە لە ڕێگەی هونەرەوە مرۆڤ دەتوانێت ئاسودە بێت.