ژانەری وەرزشی لە سینەمادا بە مەبەستی بازرگانی سەریهەڵدا

ژانەری وەرزشی لە بواری سینەمادا لەپێناو بازرگانیکردن و پەیداکردنی پارە بەرهەمهێنرا و بووە یەکێک لەو جۆرە فیلمانەی زۆرترین بینەری هەبێت.

سۆزیار عەلی

 

سلێمانی- گەشەکردن و بە جیھانیبوونی وەرزشەکان و ویستی گێڕانەوە و نیشاندانی وەرزشە جیاوازەکان لە فیلمەکاندا، بازرگانیکردن و پەیداکردنی پارە وایکرد ژانەری وەرزشی لە فیلمەکاندا دروستببێت و ببێت بە یەکێک لەو جۆرە فیلمانەی زۆرترین بینەری لە جیھاندا ھەبێت.

 

 ژانەری وەرزشی، ئەو فیلمانەن کە چیرۆکی تاکێک یاخود گروپێکی وەرزشی باس دەکەن، ئەم ژانەرە زیاتر لەگەڵ بەرەوپێشچوونی سینەمای ھۆڵیودا دەرکەوت، یەکێکە لە فیلمە وەرزشیە دەستپێکەکانیش کە لە ساڵی ١٩١٤ پەخشکراوە.

 

کەمتر گرنگی بە فیلمی سینەمای وەرزشیی ژنان دەدرا

کاتێک باسی فیلمی وەرزشی دەکرێت، ئەوەی بە خەیاڵی بینەردا دێت، ئەو فیلمانەن لە بارەی وەرزشوان و تیمی پیاوانەوەیە، لە ڕاستیدا ئەوەی دەبینرێت، وەرزشی ژنان کەمتر گرنگی پێدەدرێت لە سینەماشدا، چونکە دەرکەوتنی ژنە وەرزشوانەکان لە سینەمادا ئەستەم بووە، ئەگەر ژنی وەرزشوانیش ھەبووبن فیلمیان لە بارەوە دروست نەکراوە، لەبەر ئەوەی گرنگی کەمتر بە وەرزشی ژنان دراوە و بودجەی کەمتر لەو بوارەدا تەرخان کراوە.

 

بەشێکی دیکەی هۆکارەکانی کەمی ناوبانگی ژنە وەرزشوانەکان بووە، لەبەر ئەوەش ژنانی وەرزشوان ھەرچەندە گرنگ و کاریگەر بووبێتن، نەکراونەتە بابەتی فیلم، هەروەها یەکێک لە سەرەتایترین کورتە فیلمەکان لە بواری وەرزی ژناندا، لە ساڵی ١٩٢٨ بەرهەمهێنراوە، لە ساڵی ١٩٥٧یشدا یەکەم فیلمی درێژی وەرزی ژنان بەرهەمهێنراوە.

 

لە ساڵانی دواتردا بەردەوامی و زۆربوونی وەرزشوانە ژنەکان لە بوارە وەرزشیە جیاوازیەکاندا و بەدەستھێنانی خەڵاتە جیھانییەکان، ڕێڕەوەی سەرنجی خەڵک و بەرھەمھێنەرانی فیلمی گۆڕی، بە تێپەڕبوونی کات فیلمە وەرزشیەکان لە بارەی ژنانی وەرشوانەوە زۆرتر بوون، ئەو فیلمانە ئێستا لە جیھاندا داھات و بینەرێکی زۆریان ھەیە و گرنگترین خەڵاتە جیهانییەکان بەدەستدەهێنن.