"لە ئێستادا داگیرکاری زمانی و فەرهەنگی لەسەر زمانی کوردی بەڕێوەدەچێت"

هەوڵی دەوڵەتانی داگیرکار وایکردووە زمانی کوردی بەرەو کاڵبوونەوە بڕوات و پسپۆڕێکی زمانی کوردیش ئەم دۆخە بە مەترسیدار ناودەبات و دەڵێت: وا بڕوات زمانی کوردی مەترسی لەناوچوونی هەیە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە دەوڵەمەندەکانی جیهان و لە ڕیزبەندی هەشتەمیندایە، بەڵام بەهۆی داگیرکاری و هەژمونی وڵاتانەوە هەوڵ دەدرێت لەناو گەنجەکاندا هەستی کوردایەتی کاڵ بکرێتەوە و زمانی کوردی بەرەو نەمان ببەن، چونکە زمانی کوردی هەموو مۆرکێکی کولتووری و ڕەسەنی هەڵگرتووە و توانیویەتی تا ئێستا ئەو جوانییەی هەیەتی، بیپارێزێت.

 

"گرنگی نەدان بە زمانی کوردی زمانەکەمان بەرەو ئاقارێکی خراپ دەبات"

شیلان عومەر، پرۆفیسۆر لە بەشی کوردی کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، زمان بوونی هەر گروپ و نەتەوەیەکە کە گوزارشتی لێ دەکات، زمانی کوردی ڕووی لە هەڵکشان کردوە بەتایبەتی دوای ئەو ڕیزبەندیەی بڵاوکرایەوە و زمانی کوردی هەشتەمین زمانە بە پێوەری ژمارەی وشەدانی فەرهەنگی زمانی کوردی دەستنیشان کراوە، وەکو هەر زمانێکی تر لە چەند شێوە زارێک پێکهاتووە بە تیابەتی لە باشووری کوردستان بەهۆی کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی و فەرهەنگیەوە پێشکەوتنێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە، هەرچەندە پێشتر زمانی کوردی ڕووبەڕووی داگیرکاری و سڕینەوە بووتەوە، بەداخەوە بە ئێستاشەوە ئەو مەترسیانەمان لەسەر ماوە بەهۆی گرنگی نەدانی گەنجان بە زمانەکەمان کە لە ناوخۆی خۆماندا نەمان توانیوە بە ئاستی پێویست مامەڵە لەگەڵ زمانەکەی خۆماندا بکەین و کۆمەڵێک بەربەستمان هێناوەتە ڕێگەی زمانەکەمان ئەگەر وا بڕوات خۆمان دەبینە هۆی ئەوەی زمانەکەمان بەرەو عاقارێکی خراپ بڕوات.

 

"زمانی کوردی هەموو بنەمایەکی ڕەسەنایەتی هەڵدەگرێت"

شیلان عومەر ڕوونی کردەوە، زمان بە ناسنامەی نەتەوەکان ناسراوە هەر نەتەوەیەک ناسنامەی نەبوو بوونیشی نییە، بۆیە وەکو نەتەوەی کورد زمانەکەمان هەموو بنەمایەکی ئاوەزبەندی، فەرهەنگی، کلتوری و ڕەسەنایەتی هەڵدەگرێت، هەر بۆیە زمان دیوانی نەتەوەکانە، ئێمەش لەم ڕووەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ گرنگی زمان دەکەین، دەبێت بە دوو شێوە گرنگی بە زمانی کوردی بدەین، یەکێکیان ئەوەیە دەسەڵات بە ئەرکی خۆی هەبسێت بە جۆرێک لە پرۆسەی خوێندندا منداڵ دەبێت بە زمانی دایک بخوێنێت تا تەمەنی ١٠ ساڵی و نابێت بە هیچ شێوەیەک زمانی دووەم بە منداڵ بخوێندرێت.

 

وتیشی: حکومەت دەبێت پلان و سیاسەتی زمانی هەبێت، هەرچەندە ئەکادیمیای کوردیمان هەیە، بەڵام بەداخەوە نەیانتوانیوە بە پێی پێویست کار بکەن، دەبێت ئەو دامودەزگایەنە چاودێری بکرێن و نەهێڵن هەژمونی زمانەکانی تر زاڵ بێت بەسەر زمانی کوردیدا و ببێت بە زمانێکی لاوەکی لە کۆمەڵگەکەی خۆماندا، هەروەها چاودێری خستەنە سەر دەزگا ڕاگەیەندنەکان گرنگە کە نەتوانن لە خۆیانەوە وشە بهێننە ناو زمانی کوردیەوە بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ زمانی دایکمان، بۆیە دەبێت ڕاگەیاندنەکان هاوکار بن لە دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردی، هەروەها دەبێت گەنجەکان لە لایەن خۆیانەوە گرنگی بە زمانی کوردی بدەن".

 

"زمان کلیلی چونە ناو ناخی کەسەکانە"

شیلان عومەر ئەوەشی خستەڕوو، دایک ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لەوەی هۆشیارانە منداڵەکەی سەرەتا فێری زمانی دایک بکات کە تا تەمەنی ٥ ساڵی زمانی منداڵ دەپژێت، بۆیە دەبێت ئەو کلتور و ڕەسەنایەتییەی زمانی کوردی پێ هەڵچنراوە بیگوازینەوە بۆ نەوەکانمان، چونکە زمان تاکە کلیلە بۆ ئەوەی بتوانین بڕۆینە ناو ناخی کەسەکانەوە، لە ئێستاشدا کە تەکنەلۆژیا بووتە خۆرەی زمانی کوردی لە منداڵەکان دوور بخرێتەوە، بۆیە گرنگی دان بە زمانی کوردی ئەرکی تاکەکان و حکومەتیشە.

 

دەشڵێت: فێربوونی زمانی تر گرنگە بەڵام بە مەرجێک بۆ شکۆدانی زمانەکەی خۆمان بەکاریبهێنین نەک بۆ لاوازکردنی، بۆیە فێربوونی زمانی تر لای هەموو کەسێک قبوڵکراوە بە پێی یاسا نەک بەو شێوە هەڕەمەکییەی ئێستە بۆ زانینی فەرهەنگی وڵاتەکانی تر و تێگەیشتن لە جیاوازییەکان، وە پشتگوێخستی زمانی خۆمان دەگەڕێتەوە بۆ حکومدارێتیمان هەل و مەرجەکان کە تەنانەت دەستکەوتنی هەلی کاریشی بەستوەتەوە بە زانینی زمانی دیکەوە، بۆیە گەنجان لە پێناو دەستکەوتنی هەلی کاردا زمانی کوردی پشتگوێ دەخەن، تەنانەت بۆ ئاستی خوێندنی باڵا کە بمانەوێت ئاستێکی بەرز بەدەستبهێنین دەبێت تاقیکردنەوەمان بە زمانی ئینگلیزی بێ لە کاتێکدا لە هەموو شوێنێکی دنیادا دەبێت بە زمانی دایک بێت.

 

"دەوڵەتانی داگیرکەر دەیانەوێت لە ڕێگەی زمانەوە هەژمونی خۆیان بەسەر کوردا بسەپێنن"

شیلان عومەر جەختی کردەوە، ئەم سیاسەتە جیهان گیرییەی ئێستا هەیە دەیەوێت فرە کلتوری زمانی نەهێڵێت و هەمووی بکات بە یەک زمان و کلتور، بەڵام ئێمە نابێت دەستەوەستان بین لە ئاست ئەمەدا و ڕێگە نەدەین هەموو شتێک کار بکاتە سەر زمانەکەمان، چونکە دواجار ئەگەر زمان و کلتور نەمان بوونیش نابێنێت، لە ئێستاشدا داگیرکاری فەرهەنگی و زمانی و کلتوری لەسەر زمانی کوردی بەڕێوە دەچێت، چونکە دەوڵەتانی داگیرکەر کاتێک بیانەوێت هەژمونی خۆیان بەسەر ولاتێکدا زاڵ بکەن لە ڕێگەی زمانەوە ئەو کارە دەکەن، بۆیە دەبێت ئێمەش ئاگایانە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم دۆزەیا بکەین، چونکە ئەگەر خاوەندارێتی لە زمانەکەمان نەکەین نەوەکانی داهاتوشمان کلتور و فەرهەنگمان لەدەست دەدەن.

 

"پێویستە کلتوری خوێندنەوە و ئەدەبیاتی کوردی لای منداڵەکانمان زیندوو بکەینەوە"

شیلان عومەر باسی لەوەشکرد، زمانی کوردی زمانێکی دەوڵەمەندە، بەڵام بەداخەوە ناگەڕێینەوە بۆ فەرهەنگی وشەدانی کوردی، لە ئێستاشدا پاکتاوی زمانی بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە زمانی خۆمان بکەین و نەبێتە یەکیک لەو زمانانەی مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە دەبێت یەکەم شت قەدەغەی زمانەکانی تر بکرێت لە ناوەندەکانی خوێندن بە تایبەتی لە قوتابخانە ناحکومییەکاندا ئێستا زمانی کوردی بووتە زمانێکی پاشکۆ، هەروەها ئەو کاڵایانەی دێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە دەبێت بە کوردی لەسەریان بنوسرێت، پێداچونەوە بۆ ئەو شوێنانە بکرێت کە ڕیکلام بۆ شوێنەکەیان دەکەن دەبێت بە کوردی ڕیکلامەکە بنووسن و خێزانەکانیش کلتوری خوێندنەوە و چیرۆک و ئەدەبیاتی کوردی لای منداڵەکان زیندوو بکەنەوە و گرنگی بەوە بدەین منداڵ چەند وشەی پێیە لە فەرهەنی کوردیدا.