ناگیهان ئاکارسەل ئامانجی کردنەوەی ناوەندێکی تایبەت بە ژنان بوو

ناگیهان ئاکارسەل ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا لە کردنەوەی ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورددا، کە ئێستا بووەتە ناوەندێکی تایبەت بە نووسەران، خوێنەران و لێکۆڵەرانی ژنی کورد.

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- نناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد، لە شاری سلێمانی ڕۆژی ٢٤-٢٥ی حوزەیرانی ئەمساڵ بە مەراسیمێک و بە شێوەیەکی فەرمی کرایەوە، کە ناوەندێکی ئەدەبی، کولتووری، کۆمەڵایەتییە و دەبێتە ئەرشیفی ژنانی کورد، کە هەموو بەرهەمەکانیان تیایدا پارێزراو دەبێت و یەکەم کتێبخانەی تایبەتە بە ژنانیش، کە مێژوو، ناسنامە، هەبوون و قەڵەمی ژنانی تیادا کۆبکرێتەوە.

 

لە مەراسیمی کردنەوەی ناوەندەکەدا ژنانی چوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی بیانیش بە پەرتووک و دیاری جۆراوجۆر بەشداریان کرد و ڕەنج و ماندوبوونی ناگیهان ئاکارسەل بەرز ڕاگیرا، کە چۆن وەکو ژنێکی خەباتگێڕ بەردەوام لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و کردنەوەی ناوەندێک بوو بۆیان.

 

سەیوان ڕۆستەم، بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتی ژنانی کوردستان، لەسەرەتادا سڵاوی بۆ گیانی شەهید ناگیهان ئاکارسەل و شەهیدانی ڕێگای ئازادی نارد و ئاماژەی بەوەدا کە بوونی کتێبخانەیەک کە کۆکەرەوەی بەرهەمەکانی ژنان بێت گرنگی و تایبەتی خۆی هەیە، "هەمیشە ئامانجمان بووە بتوانین لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان کتێبخانەیەک دابمەزرێنین، چونکە بە بڕوای ئێمە کتێب و خوێندنەوە و زانینی مێژوو یەکێکە لە پایە گرنگەکانی خۆڕۆشنبیرکردن".

 

"ئامانجمان کۆکردنەوەی مێژووی ژنانە"

سەیوان ڕۆستەم باسی لە بیرۆکەی کردنەوەی کتێبخانەیەک کرد تایبەت بێت بە ژنان، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٩ کاتێک لە ناوەندی ژنۆلۆژییەوە بە بەشداری ناگیهان ئاکارسەل پێشنیار دەکەن کە ناوەندێکی ئەرشیف و کتێبخانەی هاوبەش بۆ بەرهەمەکانی ژنانی کورد بکەنەوە، کە زیاتر بایەخ بدات بە قەڵەمی ئەدەبی، هونەری، نووسین و سیاسی و ...هتد، تا ببێتە سەرچاوەیەکی مێژووی بۆ گەنجانی کورد، تا زیاتر لەبارەی مێژوو و هەبوون و ناسنامەی ژنەوە بزانن.

 

سەیوان ڕۆستەم هەنگاوەکانی یەکەمی کردنەوەی ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد باس دەکات، کە سەرەتا پرسیاریان لە چۆنیەتی کردنەوەی ناوەندێکی ئەرشیف و پاراستنی کردووە، وتیشی: هەڤاڵ ناگیهان خۆی بیرۆکەی وڵاتانی ئەوروپای سەبارەت بە ناوەندێکی ئەرشیف و لێکۆڵینەوە پێبوو، ئەزموونەکە بۆ ئێمە تازە بوو، چونکە ناوەندێک دەبوو بۆ چوار پارچەی کوردستان، بۆ ئەوە دانیشتن و گفتوگۆی زۆرمان لەسەر کرد و لە کۆتاییدا بە شێوازێکی ئەکادیمی پەیڕەو و پڕۆگراممان ڕێکخست و دەستمان بە وەرگرتنی مۆڵەت کرد.

 

سەیوان ڕۆستەم تیشکی خستەسەر ئامانجی کردنەوەی ناوەندەکە، کە هیچ مێژوویەکی ژن نەبووە، بۆیە ویستوویانە هەنگاوێک بۆ تۆمارکردنی مێژووی ژن لە کوردستاندا بنێن، وتی: خەڵکانێک دەپرسن ژن چی کردووە، چونکە تۆ شوێنێکت نەبووە کە مێژووی ژنی تیادا کۆبکەیتەوە و ڕاستی و بەڵگەنامەکانی تیایدا کۆبکەیتەوە، ڕاستە ئەو مێژووە لە بیر دەچێت، بەڵام ئەگەر لە ناوەندەکەدا هەموو بەڵگەنامەکان کۆبکەیتەوە، ئەوکاتە دەبێتە سەرچاوە بۆ ناسینی مێژوو و ناسنامە.

 

"ناگیهان ئاکارسەل خۆشەویستی بۆ کارەکەی ماندووبوونی بیر دەبردەوە"

ناگیهان ئاکارسەل ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بوو، لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی لەلایەن میتی تورک و بە هاوکاری سیخوڕی ناوخۆیی تیرۆر کرا، ناگیهان ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕا بۆ کردنەوەی کتێبخانەیەک کە قەڵەمی ژنانی کوردی تیادا کۆبکاتەوە، چەندین ساڵیش بە دامەزراندنی ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد لە شاری سلێمانی سەرقاڵ بوو، تا دواجار لەو پێناوەدا و لە ڕێگەی نێوان ماڵەکەی و کتێبخانەکەدا بە دەستێکی چەپەڵ تیرۆر کرا.

 

لەبارەی کەسایەتی و تێکۆشانی ناگیهان ئاکارسەل بۆ کردنەوەی کتێبخانەی ژنی کورد، سەیوان ڕۆستەم دەڵێت: هەوڵەکانی ناگیهان ئاکارسەل بێ پایان بوو، ڕۆژێک نەبوو ماندوو ببێت لە بەدواداچوون و سەردان و دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ بۆ بەدیهێنانی ئەم خەونەی، خۆشەویستی بۆ ناوەندی ئەرشیفەکە وایلێکردبوو هەست بە ماندوو بوون نەکات، هەمیشە دەیوت، ئەمە کارێکی ئەکادیمییە و دەبێت بە شێوەیەکی ئەکادیمی بەڕێوەی ببەین بێ جیاوازی سیاسی، چونکە ئێمە دەمانەوێت هەموو بەرهەمەکانی ژنان لێرە تۆمار بکەین، بۆیە بەڕاستی هەوڵی ناگیهان ئاکارسەل لەناو هەموو دەستەی بەڕێوەبردنی کردنەوەی کتێبخانەکە دیاربوو، بۆ ئەوەی ئەو ناوەندە بێتە دی.

 

"ئامانجی ناوەندەکە ناساندنی مێژووی ژن و ژنۆلۆژییە"

نارین محەمەد، ئەندامی ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد، باسی لەوەکرد، ئامانجی ناوەندەکە ناساندنی مێژووی ژن و ژنۆلۆژییە، دەرفەتێکە بۆ ژنان کە لەم ناوەندەدا لێکۆڵینەوە بکات و لە بواری ڕۆشنبیری و هزریدا خۆی بەرەوپێش ببات، وتیشی؛ ناوەندەکە لە چوار گروپی پسپۆڕ پێکهاتووە، کە هەر گروپێک لە پارچەیەکی کوردستان بەرهەمەکانی ژنان کۆدەکاتەوە و مێژووی ژنانی نووسراو و بیستراو دەکاتە ئەرشیف و لە ناوەندەکە تۆماری دەکات.

 

نارین باسی لەوەشکرد، کاتێک لە کتێبخانەکانی دیکەدا دەگەڕێیت، زۆرترین کتێبەکانی لە نووسەرانی پیاون کە ئاستەنگی بۆ بەدەستخستنی کتێبەکانی ژنان دەکات، بەڵام ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد هەموو بەرهەمەکانی ژنانی تیادا کۆبووەتەوە، کتێبەکانیش هی نووسەرانی کوردن و بە زمانەکانی، عەرەبی، تورکی، فارسی و هەموو زاراوەکانی کوردی کتێب دەستدەکەوێت.

 

ناوەندەکە لە چەند بەشێک پێکهاتووە وەکو بەشی ئەرشیف، لێکۆڵینەوە، دیجیتاڵکردن، پەرتووکخانە، بەشی هونەر و توێژینەوە، هەروەها بەشێکی بۆ کۆکردنەوەی ئەو توێژینەوە و نووسراوانەیە کە ژنان نووسیویانە، بەشێکی ناوەندەکە تایبەتە بە ژنە خەباتکار ناگیهان ئاکارسەل، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی تیرۆرکراو، وەکو ڕێز گرتنێک بۆ ماندوبوونی و ئەو هەوڵانەی کە داویەتی لە پێناو کردنەوەی ناوەندێکی وەهادا.