”هونەری هۆزان مزگین تەنها گەشتێکی مۆسیقی نییە بەڵکو ڕاستی و ناسنامەیە”

ژنانی کورد بەردەوامن لە پاراستنی میراسی هونەرمەند هۆزان مزگین، کە لە گوندێکی بچووکەوە دەستی بە گەشتەکەی کردووە و دوای تەرخانکردنی ژیانی خۆی بۆ ڕێکخستنی ژنان و بەرگریکردن لە دۆزییان بووە بە سیمبولی بەرخۆدانی ژنان.

ئارژین دیلەک ئۆنجل

 

ئامەد-سیاسەتەکانی ئاسمیلەکردن و سڕینەوەی کولتووری کە ئاراستەی گەلی کورد دەکرێت، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەردەمی کۆماری تورکیا، قەدەغەکردنی زمانی کوردی و نکۆڵیکردن لە کولتووری کوردی و هەوڵدان بۆ تواندنەوەی کورد لەناو کولتووری تورکیدا، تەڤگەریەکی بەرخۆدانی لەمێژینەی لێکەوتەوە.

 

کورد سەرەڕای هەموو سیاسەتەکانی نکۆڵی و ئاسمیلەکردن، خۆڕاگرییەکی گەورەی نیشانداوە و تا ئەمڕۆش توانیویەتی کولتوورەکەی بپارێزێت،بەڵام گەیشتن بەم قۆناغە ئاسان نەبوو، گەلی کورد لە پێش کۆمار و دوای کۆمار، لە هەوڵێکدا بۆ نەسڕینەوەی بوونی لە لاپەڕەکانی مێژوو، وەک کۆمەڵکوژی کۆچگیری، کۆمەڵکوژی زیلان و کۆمەڵکوژی دێرسیم، تووشی کۆمەڵکوژییەکی زۆر بوو.

 

بە پێی ئەم ئەقڵیەتە، بڕیار بوو ئەو کوردانەی کە مابوونەوە، بخرێنە ژێر سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنەوە، کە هەندێکیان بە تایبەتی منداڵانی کچیان کردە ئامانج.

 

لە "پلانی چاکسازیی ڕۆژهەڵات"دا هاتووە، دەبێت قوتابخانەی نمونەیی بۆ منداڵانی کچ بکرێتەوە، هەروەها دەبێت هاندانی ناونوسکردنیان بۆ پەروەردە بکرێت، دەبێت بەخێرایی قوتابخانەی بەشەناوخۆیی لە دێرسیم دابمەزرێنرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە فێربوونی زمانی کوردی بکرێت، پێویستە ڕێگری لە کوردانی دانیشتووی ڕۆژئاوای فورات بکرێت لە قسەکردن بە کوردی، بە گرنگیدان بە قوتابخانەی منداڵانی کچ بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی ژنان بە زمانی تورکی قسە بکەن.

 

بەڵام ناتوانرێت بوترێ ئەم سیاسەتانە بەتەواوی سەرکەوتوو بوون، چونکە زمان و کولتووری کوردی تا ئەمڕۆش لە سایەی ڕۆڵی پێشەنگانەی ژنانی کورد بە تایبەت لە بواری مۆسیقادا ماوەتەوە، ژنە هونەرمەندە کوردەکان کە بە زمانی دایکی گۆرانییان دەوت، مێژوو و ناسنامەی گەلەکەیان پاراست، میراسێکی دەوڵەمەندی کولتوورییان هەڵگرت، لە نێو ئەو ژنە پێشەنگانەی بوارەکانی ڕۆشنبیری و هونەردا، هۆزان مزگین کە ناوی ڕاستەقینەی غوربەت ئایدنە..

 

"مەزگین پاڵەوان... مزگین ئازا"

هۆزان میزگین لە ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی بیلیەدری نزیک بۆتان لەدایک بووە. پێش کودەتا سەربازییەکەی ١٢ی ئەیلوول لەگەڵ کۆمەڵێک لە هەڤاڵانی پەیوەندی بە پەکەکە کرد و ماوەیەک لە چالاکییەکانی لە بواری هونەر و ڕۆشنبیریدا بەردەوام بوو.

 

لە ساڵی ١٩٨٣ گەشتێکی بۆ ئەوروپا کردووە بۆ کارکردن لە ڕێکخستنی چالاکییە هونەرییەکان و هاوبەشی دامەزراندنی "یەکێتی هونەر و ڕۆشنبیری" بووە، هەروەها پەیوەندی بە "یەکێتی ژنانی نەتەوەیی کورد" کردووە، دوای گەڕانەوەی لە ئەوروپا، لە بیدلیس درێژە بە چالاکییەکانی دەدات، لەوێ کار بۆ ڕێکخستنی ژنان دەکات و کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر هەموو ژنێک کە ناسیویەتی بەجێهێشتووە.

 

لە ١١ی ئایاری ساڵی ١٩٩٢، لەلایەن سوپا و پۆلیسی تورکیاوە هەڵیانکوتایە سەر ئەو ماڵەی کە تێیدا دەمایەوە، ڕەتیکردەوە خۆی ڕادەست بکات و لەوێ ژیانی لەدەستدا.

 

ئەو گۆرانییەی کە لەسەری نووسرابوو، "Mizgîna Leheng, Mizgîna Çeleng" (میزگینا پاڵەوان، میزگینا ئازا)، وەک گۆرانییە بەناوبانگەکانی "Lo Hevalo" ( بۆ هەڤاڵم ) و "Daye Welat Şerine" بوو بە خۆشەویست، تێکستەکانی بوونە سروودێکی باوەڕ و خەبات.

 

منداڵان بە ناوی ئەو و باوەڕەکەیەوە گەورە بوون

گەشتی هونەری شۆڕشگێڕانەی هۆزان مزگین و دەنگی بەهێز بەردەوامە لە ئیلهامبەخشین بە ژنانی کورد، لە ساڵانی دوای شەهیدبوونی، زۆرێک لە خێزانەکان ناوی کچەکانیان ناوە مزگین.

 

لە نێو ئەو منداڵانەی کە بە هەڵگری ناوی ئەوەوە گەورە بوون، هونەرمەند مزگین توران، کە نەک هەر ناوی هەڵگرتووە بەڵکو کار بۆ هەڵگرتنی میراسەکەی بۆ ئێستا دەکات، مزگین توران وتی: لە تەمەنی دوانزە ساڵییەوە لەسەر هاندانی باوکی دەستی بە کاری مۆسیقا کردووە و لە ساڵی ٢٠١١ دەستی بە کارکردن کردووە لە بوارەکانی ڕۆشنبیری و هونەر و مۆسیقا.

 

ڕوونی دەکاتەوە، خێزانەکەم ئیلهامیان لە هۆزان میزگینەوە وەرگرتووە، ئەوان تەنها وەک ناوێکی جوان نەیانبینی، بەهەمان شێوە ڕۆڵی ئەو لە خەباتی ژنانی کورد و هونەرەکەیدا جووڵەیان پێکرد، هەر بۆیە ناویان ناوم مزگین، شانازیش دەکەم کە هەڵگری ئەم ناوەم، دەمەوێت لەسەر ئەم ڕێبازە، ڕێبازی مزگین بەردەوام بم.

 

جەختی لەوەشکردەوە، کە تا تەمەنی ١٢ ساڵی تەنها گوێی لە مۆسیقای تورکی بووە، دواتر گەشتەکەی لەگەڵ مۆسیقای کوردیدا دەستی پێکردووە، وتی:باوکم وتی کە ئەمە دەبێت بوەستێت، دەبێت بە زمان و کولتووری خۆم گۆرانی بڵێم، بەم باوەڕم دەستم پێکرد، بەڵام گومانم هەبوو: ئایا دەتوانم ئەوە بکەم؟ لە ساڵی ٢٠١١، دەستم بە خوێندن کرد لە ئەکادیمیای منداڵانی کۆنسێرڤاتۆری ئارام تیگران، لە هەمان کاتدا بەردەوام بووم لە خوێندن، لەگەڵ ئەوەشدا، تێکەڵکردنی ئەو دووانە قورس بوو، کارکردن بە زمان و کولتووری خۆم دەنگدانەوەی لەگەڵ ڕۆحمدا هەبوو، بۆیە قوتابخانەم بەجێهێشت و بە تەواوی خۆم تەرخان کرد بۆ کولتوورەکەم و لە ساڵی ٢٠١١ەوە بەبێ پچڕان بەردەوام بووم لە بواری مۆسیقادا.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕووبەڕووی چەندین کێشە بووەتەوە، چ لە کۆمەڵگەوە بێت، چ لە خێزانەوە بێت یان پێکهاتەی پیاوسالاری باو، بەڵام پێداگری لەسەر سەلماندنی خۆی کردووە.

 

گەشتێکی مۆسیقی لەگەڵ ژنان و منداڵان

ئەمڕۆ مزگین توران وەک مامۆستای مۆسیقا لەگەڵ کۆمەڵەی ژنان بۆ ڕۆشنبیری و هونەر و ئەدەب ”KASED” کاردەکات، کە تیایدا وانەی مۆسیقای کوردی بۆ ژنان و منداڵان دەڵێتەوە، درێژە بە گەشتە هونەریەکەی دەدات.

 

سەرەڕای هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە گۆرانی وتن بە ژنان، ژنانی کورد توانیویانە ئەو بەربەستانە بشکێنن و خۆیان لە بواری گۆرانی وتنی نەریتی کوردیدا بسەلمێنن، بە تایبەتی هونەری ”دنغبيج”.

 

وتیشی: لەسەر شوێنپێی ئەم ژنانە دەڕوات، ”دنغبيج” شوێنێکی تایبەتی بۆ من هەیە، ئەزموونە هەمەچەشنەکان بەرجەستە دەکات و بەڵگەیەکی زیندووە بۆ مێژوو، کولتوور، زمان و ناسنامە، بە تێپەڕبوونی کات، گەیشتوومەتە گرنگییەکەی.

 

"ژنانی کورد میراسێکی کولتووری دەپارێزن"

مزگین توران پێیوایە ژنانی کورد نەک هەر سیاسەتی ئاسمیلەکردن بەڵکوو هەڕەشەی ڕۆشنبیری ڕووکەشی بەکاربەریش ڕووبەڕووی دەبنەوە، بۆیە بە میراسی کولتووری خۆیانەوە دەچەسپن، هەروەها لەبەردەم دۆخێکی مەترسیداری بەکاربەرانەداین، کاتێک درکمان بەم مەترسییە کرد، ژنانی کورد و کولتووری کورد دەستوەردانیان کرد بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر، ئەگەرنا کولتووری ئێمە نامێنێت، بەرپرسیارێتیەکەش دەکەوێتە ئەستۆمان، بۆیە ئێمە ئەم بەرپرسیارێتییەمان لە ئەستۆ گرت، ئەگەر نەیکەین، کێ دەیکات؟ شەڕێکی تایبەت هەیە کە ئامانج لێی سڕینەوە و نکۆڵی کولتووری کوردییە، ئێمەش شەڕێک بۆ خودی بوونی خۆمان دەکەین.

 

پێیوایە هەڵوێستی هۆزان مزگین کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ئەم خەباتە هەبووە، هەروەها هۆزان مزگین تەنها هونەرمەند نەبووە، هاوکات سیمبولی خەبات و بەرخۆدانی ژنانی کورد بوو لە بەرامبەر هەژموونی پیاوان، ئەو تەنها ناوێک نەبوو کە لە بەروارەکانی ساڵڕۆژدا باسی لێوەکرا، بوو بە دەنگێک کە هەمیشە ئامادەیە، ئێمە سوپاسگوزارین بۆی و بەو پەڕی ڕێزەوە ڕێز لە یادی دەگرین.

 

"پاراستنی ئەم میراسە بەرپرسیارێتی نەوە گەنجەکانە"

لە کۆتای قسەکانیدا مزگین توران جەختی لەوە کردەوە، کە بەردەوام دەبێت لە گەشتە مۆسیقیەکەی، ئێمە زمان و کولتوور و مێژوویەکمان هەیە و پاراستنیان لە ئەستۆی نەوە گەنجەکانە، ئەگەر ئێمە ئەم بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ نەگرین، کەسی دیکە نایگرێتە ئەستۆ، کولتوور شتێک نییە بخرێتە مۆزەخانەکانەوە، لە ڕێگەی گۆرانی و نووسین، بەرهەمهێنان و دەربڕینەوە دەژی.