هونەرمەندان داوا دەکەن بایەخ بە هونەری کوردی بدرێت
هونەرمەندانی هەرێمی کوردستان ڕەخنە لە دەسەڵاتی هەرێم دەگرن کە هونەری کوردی پشتگوێ خستووە و داوا دەکەن ڕێگە لە داراما و هونەری بیانی بگیرێت بهێنترێتە هەرێمی کوردستان.
ناوەندی هەواڵ
دەستەیەک لە هونەرمەندانی هەرێمی کوردستان لە سەکۆی ئازادی لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا، تێیدا داواکاری و ناڕەزایەتیەکانی هونەرمەندانیان خستە بەر باس.
لە دەستپێکدا دەرهێنەری فیلم و دراما جەلیل زەنگەنە، نیگەرانی هونەرمەندانی خستەڕوو دەربارەی فەرامۆشكردنی هونەر لە هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەدا دەسەڵات هونەرمەندی کوردی بێ بایەخ کردووە و ڕێگە بە دراما و فیلمی بیانی دەدات لە ناو هونەری هەرێمی کوردستاندا جێی ببێتەوە.
هەر لە کۆنگرەکەدا ڕاگەیاندنی هونەرمەندان خوێندرایەوە کە ئاڕاستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، داواکارییەکان بریتی بوون لە:
-دروستکردنی دەستەی باڵای پاراستنی کلتور و هونەر و ڕووناکبیریی لە کوردستان.
-چالاککردنی بڕیار و یاسا و ڕێنماییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیریی لەبارەی وەبەرهێنانی کلتور، نابێ چیدی ئەو وەزارەتە پاشکۆیەکی فەرامۆشکراو بێت.
-تەرخانکردنی بودجەی ساڵانە بۆ وەبەرهێنانی کلتور و هونەر و ڕووناکبیریی، وەبەرهێنانی فیلم و زنجیرەی ناوخۆیی و بۆ دەرەوەش هەناردەی بکات.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لە کردنەوەی ناوەندێکی هونەری کرا بۆ چاندنی ڕۆحیەتی کوردیی و بایەخدان بە زمان و ئەدەبی کوردیی، بۆ وەرگێڕان و ڕێکخستنەوەی چالاکیی و بۆنە و یاد و فێستیڤاڵەکان، و زیاتر بەرهەمی هونەرمەند، نووسەر و ڕووناکبیران پارێزراو بێت، لەبەرامبەر ماندووبووندا پاداشت بکرێن.
ت.پ