هونەرمەندان بۆ ژنان: بەهێزبن و بەربەستەکان بشکێنن

هونەرمەندانی بەشدار لە ئاهەنگی هونەری بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان، وێرای پیرۆزبایی لە ژنان، باس لە ئەزموون و ڕێگرییەکانی بەردەمیان دەکەن، داوا دەکەن کە خۆیان بەهێزبن و بەربەستەکان بشکێنن، خێزانەکانیش هاوکاری منداڵەکانیان بکەن و بۆ نیشاندانی بەهرەی منداڵەکانیان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئاهەنگی هونەری بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان، کە ئەمڕۆ لەلایەن ڕژاک و ڕێکخراوی نوێگەر ڕێکخرا، چەندین هونەرمەندی بە ئەزموون بەشداربوون، داوا لە ژنان دەکەن بێنە پێشەوە و تواناکانی خۆیان نیشانبدەن.

 

هونەرمەندە بەشدارەکان پێکهاتبوون لە شەهێن تاڵەبانی، نیان عەبدوڵا و شنیاری نەجیب، کە بە گۆرانییە شادەکانیان ژنانیان هێنایە جۆش و خرۆش و هەڵپەڕکێ، ژنانیش گۆرانییەکانیان لەگەڵ دەوتنەوە و دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕی.

 

"بەشداری ژنان لە باشوردا لە ئاستێکی بەرزدایە"

شەهێن تاڵەبانی، هونەرمەندی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، یەکێکە لە هونەرمەندە بەشدارەکان لە چالاکییەکدا، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ژنها باسی لەوەکرد، ئێستا بەشداری ژنان لە باشوری کوردستاندا لە ئاستێکی بەرزدایە، بەڵام دەبێت هەنگاوی زیاتر بنێن و باوەڕیان بەخۆیان هەبێت، کاری سوودمەند بۆ وڵاتەکەیان ئەنجام بدەن.

 

شەهێن تاڵەبانی داوا لە ژنانی کورد دەکات، هەموو ژنان لە هەر کارێکدا کە بەهرەیان هەیە بێنە مەیدان و خێزانەکانیش کە هەست بە بەهرەی منداڵەکانیان دەکەن، پشتگیریی و هاوکارییان بکەن تا بگەنە ئەو ئاستەی کە شایستەییانە.

 

بۆ شکاندنی بەربەستەکان پێویستە بەردەوام بن

نیان عەبدوڵا، گۆرانیبێژێکی دیکەی شاری سلێمانییە، بە گۆرانییە شادەکانی هەموو ژنانی دڵخۆش دەکرد، لە لێدوانێکدا بۆ ژنها باسی لە ئەزموونە سەختەکانی ژیانی خۆی کرد، کە چۆن ڕووبەڕووی قسەی کۆمەڵگا بووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی بە قسەی کۆمەڵگا خەمی خواردووە، بەڵام هێشتا بەردەوام بووە و بەربەستەکانی شکاندووە.

 

ئەو هونەرمەندە داوا لە ژنان دەکات، کە ژنان بوێر و چاونەترس بن، قسەی کۆمەڵگا کارییان تێنەکات و سوربن لەسەر بڕیارەکانیان، کۆڵ نەدەن، چونکە سوربوون لەسەر بڕیارەکانت دەتگەیەنێتە ئامانجەکەت.

وتیشی هێشتا کۆمەڵگاکەمان پێویستی بە هۆشیارکردنەوە و ڕۆشنبیری زیاتر هەیە، تا ئازادی زیاتر بۆ ژنان و هەموو کۆمەڵگاش فەرهام ببێت.

 

ئەو هونەرمەندانە وێڕای دەبڕینی دڵخۆشی خۆیان بۆ ڕۆژی ٨ی مارس و پیرۆزبایی کردنیان لە ژنان، خۆیان نمونەی کۆڵنەدانن، کە بەربەستەکانی کۆمەڵگای کوردییان تێپەڕاندووە، هەر لەبەر ئەوەشە داوا لە ژنانی کورد دەکەن، هەر بەربەستێک کە هەیانە ڕووبەڕووی ببنەوە و زیاتر گرنگی بە ڕۆشنبیرکردنی خۆیان بدەن.

 

ت.پ