هۆنراوەکانی زەینەب خان دەدرێنەوە بە گوێی گوێگراندا
هۆنراوەکانی زەینەب خانی شاعیر کورد زیندوو کرانەوە، بە گۆرانی درانەوە بە گوێی گوێگراندا، سەرپەرشتیاران و گۆرانیبێژەکانیش ڕەخنە لە کۆمەڵگا دەگرن کە توانا و ڕۆڵی ژن فەرامۆش دەکات.
سلێمانی
ئێوارەی دوێنێ لە مەراسیمێکدا ئەلبومی "زەینەب خان- کچە کوردێک" لە هۆڵی سینەمای ئەمنەسورەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران ناسێنرا.
ئەلبومەکە لە ٩ تراک پێکهاتووە، سەرجەمیان هۆنراوەکانی زەینەب خانی شاعیرن، ئاوازی ٧ هۆنراوە لەلایەن عەدنان کەریم هونەرمەند نوسراوە، دوو ئاوازیش لەلایەن چیا محەمەد دانراوە و گۆرانییەکانیش لەلایەن ڕێناس وریا، کڵپە محەمەد، کەویار هەورامی، لاڤە واحید و چیا محەمەد وتراون.
شیرین سائیب بەڕێوەبەری هیوا فاوندەیشن سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەیە، ئاماژەی بەوەدا کە سەرجەم هۆنراوەکانی گورانییەکان لە دیوانی زەینەب خان هەڵبژێردراون، بە ناوەکانی شاری مەعریفەت، جامی دڵ، بەهای شێتی، پەیامی گوڵ، ڕازی دڵ، گەوهەری شێتی، مەیلی وەفا، گوڵشەنی لەیلا و مەجنوون، کەرکوک.
"بەرهەمەکانی ژنانی کورد فەرامۆش دەکرێن"
شیرین باسی لەوەکرد زەینەب خانی شاعیر، وەک زۆری ژنی کورد فەرامۆشکراوە، کە ٥٠ ساڵی ویست تا دیوانەکەی دەربچێت، لە ئێستا هەستێکی دوو لایەنی هەیە، کە بەشێکی دڵخۆشیە بەوەی کە بەرهەم و ئەلبوومی شاعێرێکی ژنی کوردیان ئامادەکردووە.
بەڵام خەمیش بۆ ئەوە دەخوات، کە دوای ٥٠ ساڵ لە کۆچی دوایی ئینجا دیوانەکەی دەرچووە و ئەم ئەلبوومە بەرهەم هێندراوە، "خەفەتێکی زۆرە کە ژنێکی زۆر بوێر و بەتوانا فەرامۆشکراوە، بە بەردەوامیش ژنی کورد فەرامۆش دەکرێت".
"کۆمەڵگا مافی ژنان دەخوات"
کڵپە محەمەد یەکێکە لە گۆرانی بێژەکان، دوو لە گۆرانییەکانی وتووە، جامی دڵ و مەیلی وەفا، شانازی بە بەشداریکردن لە پڕۆژەکەدا دەکات، وەسفی هۆنراوەکان دەکات "ناسکی بە هۆنراوەکانەوە دیارە، دەردە دڵی و هەستەکانی بە هۆنراوە دەربڕیوە".
کڵپە هەوڵیداوە کە مافی تەواو بە هۆنراوەکان بدات، بەو هەستەی زەینەب خان هۆنراوەکانی نوسیووە هەوڵیداوە بە هەمان هەست گۆرانییەکە بڵێت، پێی وایە کە کۆمەڵگا مافی ژن دەخوات دەڵێت " لە کۆمەڵگایەکداین ڕۆڵی ژن درەنگتر دەدردەکەوێت".
ژیاننامەی زەینەب خان
زەینەب خان، ناوی تەواوی "زەینەب مەلا ڕەئووف خادم سوجادە" لە ساڵی ١٩٠٠ لە شارۆچکەی کۆیە لە ڕۆژی ٢١ی ئادار لەدایک بووە، ژنێکی لێهاتوو و بوێر بووە، زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی و تورکی زانیووە، هۆنراوە و پەخشانەکانی لە گۆڤاری گەلاوێژدا بە ناوی خوازراوی "کچە کورد" بڵاو کردووەتەوە.
زەینەب خان خوشکە گەورەی دڵداری شاعیر بووە، هاوکات چالاکوانێکی سیاسی و داکۆکیکاری مافی ژنان بووە، لە ساڵی ١٩٦٣ لە شاری هەولێر کۆچی دوایکردووە، بەڵام بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی لەناوچوون، لە ساڵی ٢٠١٨ دیوانی "زەینەب خان – کچە کورد" بڵاوکرایەوە، کە لەلایەن حیکمەت حەمید مەلا ڕەئووف خادم سوجادە بەرهەمەکان کۆکراونەتەوە.
ت.پ