هەڵکۆڵین لە ڕەنگەوە تا ڕەگ، ژنان هەشتی مارس دەچنن

لە ڕۆژی ٨ ئاداردا ژنان بە کاری دەستی و خواردنی کوردەواری بەشداری فیستیڤاڵی "ڕەنگاڵە"یان کرد و یادی ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنانیان بەرز ڕاگرت.

سلێمانی

سەندیکای ڕستن و چنین سەر بە یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاران، فیستیڤاڵی "ڕەنگاڵە"ی بەبۆنەی ٨ ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنانەوە بۆ کۆمەڵێک ژنی دەستڕەنگین ڕێکخست کە بە خواردنی کوردەواری و کاری دەستی بەشدارن.

لە فیستیڤاڵەکەدا کە دروشـمی "هەڵکۆڵین لە ڕەنگەوە تا ڕەگ، ژنان هەشتی مارس دەچنن"ی هەڵگرتووە، زیاتر لە ٧٠ مێز بە کاری دەستی لەگەڵ ٢٠ جۆر خواردنی کوردەواری نمایشکراوە، کە بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ بەردەوام دەبێت لە کاتژمێر ٩ بەیانی بۆ ٥ ئێوارە لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی.

 

لەیلا کەریم، سەرۆکی سەندیکای ڕستن و چنین، ئاماژەی بەوەدا کە بە ڕێکخستنی ئەو فیستیڤاڵە دەیانەوێت یادی ئەو ژنانە بکەنەوە کە لە ساڵی ١٨٥٧ لە کارگەکانی ڕستن و چنین جوڵانەوەیەکی ژنانەیان ئەنجامدا و وتی: "هەموو ساڵێک لە ڕۆژی ٨ ئاداردا فیستیڤاڵ ڕێکدەخەین و تیایدا کارە دەستییەکانی ژنان بەرزدەنرخێنین و بە بازاڕکردنیان بۆ دەکەین."

دەربارەی جەختکردنەوەی بەردەوام لەسەر مافەکانی ژنان وتی: "نابێت تەنها لە یەک ڕۆژدا جەخت لە مافەکانی ژنان بکەینەوە، دەبێت هەموو ڕۆژێک هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانمان بدەین چونکە ژیانی ژنان دەبێت ببێت بە شۆڕش و بەرەنگاربوونەوە بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان."

 

ڕێناس غەفور، یەکێکە لە بەشداربووەکانی فێستیڤاڵەکە و بە کاری دەستی بەشداری کردووە، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە ڕێناس پیرۆزبای خۆی کرد و وتی : "پیرۆزبای خۆم ئاڕاستەی هەموو ژنانی کوردستان دەکەم و پێویستە ژنان زیاتر هەوڵبدەن، هەر بەهرەیەکیان هەیە دەریبخەن و ئیشی لەسەر بکەن تا کارێک دەستپێبکەن و بتوانن بژێوی خۆیان دابینن بکەن."

لە دیدی ڕێناسدا کردنەوەی ئەو جۆرە فێستیڤاڵە دەتوانێت یارمەتیدەری ئەو کەسانە بێت کە دەستڕەنگینیان هەیە و وتی: "کردنەوەی ئەم جۆرە فیستیڤاڵە سودێکی زۆری هەیە بۆ ئێمە و لەڕێگەیەوە دەتوانین ئیشەکانمان نیشانی کڕیار بدەین."

 

ئەمڕۆ ٨ی ئادار لە باشوری کوردستان بە چالاکی جۆراوجۆر لە شێوەی بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵ، گربوونەوە، کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی، پانێڵ و چالاکی دیکە باس لە تێکۆشان و ڕەنجی ژنان دەکەن و ئیدانەی کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان دەکەن.

ت.پ