تێکەڵکردنی فۆلکلۆری کوردی و نوێگەری لە بەرهەمەکانی شێنێدا ڕەنگیان داوەتەوە

ژنان هەمیشە هەوڵدەدەن تواناکانیان لە دەست ڕەنگینەکانیاندا ڕەنگ بداتەوە، شێنێ یەکێکە لەو ژنانەی لە ڕێی کارە دەستییەکانییەوە فۆلکلۆری کوردی زیندووکردووەتەوە و هەلی کاری بۆ چەند ژنێکی تر دابین کردووە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ژنان لەگەڵ دەستکردن بە کارەکانی خۆیان و ئەو کارانەی ساڵانێکە هەوڵی بۆ دەدەن تا بتوانن لە ڕێگەیەوە بگەنە ئامانجەکانیان، بەردەوام هەوڵیانداوە کاری جیاواز بکەن، جیاواز بن لەگەڵ هەموو ئەو بابەتانەی لە هەمان بواردا لە بازاڕەکاندا هەن، هەموو ژنێک خاوەنی بیرۆکەیەکی تایبەت بە خۆیەتی بۆ کارکردن، هەر ژنێک شێوازێکی تایبەت بەکاردەهێنێت، ئەمەش وایکردووە کاری ژنان لە هەر شوێن و کاتێکدا بێت دیاربێت.

 

شێنێ ئەبوبەکر، تەمەنی ٢٨ ساڵە و شەش ساڵە پەیمانگای کۆمپیوتەری تەواو کردووە، ماوەی دوو ساڵە دەستیکردووە بە کاری نەخشاندنی جوانکاری ژنان و دەستڕەنگینی، شێنێ لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٥ بڕوانامەی زانکۆی بەدەستهێناوە، بەهۆی دانەمەزراندن و نەبوونی هەلی کار لە بوارەکەی خۆیدا، بەر لە دەستپێکردنی بە کاری دەستڕەنگینی کاری ڕازاندنەوەی دیاری کردووە بۆ هاوڵاتیان، ڕازاندنەوە و دیازاینکردنی دیاری و بۆنەکانی هاوڵاتیان شێنێ زیاتر ڕاکێشایە ناو دەستڕەنگینییەوە، ئەمەش وایکرد لە دیزاینکردنی جلی کوردیدا خۆی بدۆزێتەوە.

 

پێشووتر بە شێوەیەکی گشتی کاری لە جلی کوردی و نەخشاندندا کردووە، بەڵام لەگەڵ درێژەپێدانیدا زیاتر لەناو بواری ڕازاندنەوەی کەلوپەلی جوانکاری ژنان خۆی بینیوەتەوە، ماوەی دوو ساڵە لە بواری ڕازاندنەوەی جانتا و کڵاو و هەندێک کلوپەلی جوانکاری قوڵبووەتەوە.

 

"هەمیشە هەوڵ دەدەم بەرهەمەکانم جیاواز بێت بەراورد بە ژنانی دەستڕەنگینی تر"

یەکەم کاری شێنێ جانتایەک بووە بۆ خۆی چنیووە، بەهۆی ئەوەی لە پەیجەکەی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاویکردووەتەوە و بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان بینیویانە خواست لەسەر جانتاکەی هەبووە، بۆیە بڕیاریداوە دەست بکات بە دروستکردنیان لەسەر خواستی ژنان بابەتەکانی دروستکردووە.

 

ئاماژەی بەوەدا، دەستکردن بە کاری دەستڕەنگینی کارێکی قورسە، چونکە پێویستە بابەتێک دروستبکرێت خواستی لەسەر بێت، بەوپێیەی لە ئێستادا کاری دەستڕەنگینی زۆرن، بۆیە پێویستە جیاوازبێت لە هی هەر ژنێکی تر، وتیشی: سەرەتا لە ڕێگەی پەیجێکی سۆشیاڵ میدیاوە دەستمپێکرد بۆ ئەوەی شارەزای ویستی هاوڵاتیان و ژنان بم، لەسەر خواستی ئەوان بابەتەکانم دروستدەکرد، بۆیە کاتێک تەواوم دەکرد بەدڵیان بوو.

 

تێکەڵکردنی بابەتە فۆلکلۆرییەکان و تازەگەری جیاوازی کارەکانی شێنێیە

هەندێک تازەگەری لە مورو و ئەو نقێمانەی هەن کارەکانی شێنێ جوانتر کردبوو، کاتێک مورویەکی جیاوازی بەکاردەهێنا کارەکانی لای ژنان جێی سەرنج دەبوو، پێیوایە دەستکردن بە کارکردن بەتایبەت کاری سەربەخۆی خۆت بێت ئەرکێکی قورسە بەڵام نەترسان لە هەنگاونان بەرەو ئامانجەکەت دەتگەیەنێتە خاڵی سەرکەوتن.

 

جگە لە ڕازاندنەوە و نەخشاندنی جانتا، شێنێ کار لەسەر ئەو بوارانە دەکات کە لە کۆندا نەنک و ژنانی بەتەمەن بەکاریانهێناوە، وەک مێخەک، بەڵام بەکارهێنانی مێخەک وەک هەمان شیوەی جاران نییە و نوێگەری تێداکردووە، لەگەڵ کۆمەڵێک بابەتی تری وەک مورو و حەتحەتۆکە ڕازاندویەتیەوە.

 

حەتحەتۆکەش یەکێکی ترە لەو کەرەستە جوانکاریانەی ژنان لە کۆندا بەکاریانهێناوە و بۆ ساڵی حەفتاکان دەگەڕێتەوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت شێنێ حەز بە کارکردن دەکات لە بابەتە فۆلکلۆرییەکاندا و هەوڵی زیندوکرنەوەیان دەدات، جگە لە جوانکاری ژنان بۆ پیاوان و منداڵانیش بابەتی جیاواز دروست دەکات.

 

"گەنجان حەز بە زیندوکردنەوەی کلتووری کوردی دەکەن"

گەنجان لە ئێستادا زیاتر حەز بە بەرهەمی کولتووری و بەرهەمە کۆنەکان دەکەن، چونکە ڕەنگاو ڕەنگە، هەروەها دەیانەوێت ئەو کەرەستانەی دایک و نەنکیان بەکاریانهێناوە زیندووی بکەنەوە.

 

جیاوازی بابەتەکانی شێنێ لەگەڵ دەستڕەنگینی ژنانی تر، بریتییە لەوەی تەنها لە یەک بواری دیاریکراودا قوڵبووەتەوە، ئەویش نەخشاندنی جانتا و زیندووکردنەوەی بابەتە فۆلکلۆرییەکانە، هەروەها شێنێ بە گرنگی دەزانێت ژنان کاری تایبەت بە خۆیان بکەن، لەو بوارانەدا قوڵببنەوە کە خولیایان هەیە تیایدا و ئامانجیانە سەرکەوتووبن، دەڵێت "کاتێک ژنێک دەبێتە خاوەن کاری خۆی، هەلی کار بۆ چەند ژنێکی تر دەڕەخسێنێت، ئەوەش بۆ خۆی کارێکی باشە، خودی خۆم هەلی کارم بۆ چەند ژنێک ڕەخساندووە".

 

لە کۆتایدا باسی لەوەکرد، بۆ هەموو ژنێک بەربەس هەیە، بەڵام نابێت ژنان گوێ لەو بەربەستانە بگرن، بەڵکو دەبێت بیکەنە هەنگاوێک بۆ سەرکەوتنیان، پێشیوایە گوێگرتن لە بیروڕای جیاواز کارێکی باشە، بەڵام نەبێتە هۆکارێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانت.