خەڵاتی ڕۆژنامەنووسی مەزڵوم باگۆک ئەمساڵ گرنگی بە هەواڵی ژن دەدات

ماڵڤا عەلی، هاوسەرۆکی یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد "یەرەئە" سەبارەت بە خەڵاتی ڕۆژنامەنووسی شەهید مەزڵوم باگۆک بۆ ساڵی ٢٠٢٢-٢٠٢٣،  قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەمساڵ شوێنێکی تایبەتیان بۆ هەواڵەکانی ژنان داناوە.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

قامیشلۆ- هەموو ساڵێک بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردییەوە، یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد "یەرەئە" چالاکی ڕێکدەخات، ئەمساڵیش ئامادەکاری دەکەن بۆ خەڵاتی ڕۆژنامەنووسی مەزڵوم باگۆک بۆ ساڵی  ٢٠٢٢-٢٠٢٣ یەکێتی مەرجەکانی بەشداریکردن لەسایتی فەرمی خۆی بڵاوکردووەتەوەو لە ٢٠ی ئادارەوە تا ٥ی نیسان پێشوازی لەبەرهەمەکانی ڕۆژنامەنووسان دەکرێت، ڕۆژی ٢٢ی نیسان ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی خەڵات و بڕوانامە پێشکەش بەو کەسانە دەکرێت کە لە پێشبڕکێکەدا سەردەکەون، مەزڵوم باگۆک لە کاتی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گیانی خۆی بۆ یەکەمین میدیای ئازاد لە ڕۆژئاوای کوردستان کردە قوربانی.

 

"خەڵاتی ڕۆژنامەنووسی مەزڵوم باگۆک بیرهێنانەوەی کاری ڕۆژنامەنووسانە"

ماڵڤا عەلی، هاوسەرۆکی یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد، ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە هەموو ڕۆژنامەنووسانی سەرتاسەری کوردستان پیرۆزکرد و وتی: لەم ڕۆژەدا یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد هەموو ساڵێک خەڵاتی ڕۆژنامەنووسی مەزڵوم باگۆک بەڕێوەدەبات، ئەمساڵیش بەهەمان شێوەیە، وەک بەبیرهێنانەوەی کارەکانی مەزڵوم باگۆک و دەیان ڕۆژنامەنووس کە لەپێناو حەق و ڕاستیدا گیانیان بەختکردووە، ئەم پێشبڕکێیە هەموو ساڵێک بەڕێوەدەبرێت، بەڵام ئەمساڵ ویستمان لە ڕێگەی پێشبڕکێوە پلانسازیمان هەبێت.

 

"زوڵمە ئەگەر ڕۆژێک بۆ ڕۆژنامەنووسان دانەنێین"

ماڵڤا عەلی، باسی لە ئامانجەکانی پێشبڕکێکە کرد و وتی: ئامانج لە پێشبڕکێکە پەرەدان بە ڕۆحی پێشبڕکێیە لە نێوان ڕۆژنامەنووساندا بەتایبەتی لەناو ڕۆژنامەنووسانی کورد بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژنامەنووسێک بتوانێت بەرهەمەکەی خۆی پێشکەش بکات، ئەمەش زۆر شت لەکەسایەتیدا دروست دەکات و دەتوانێت زیاتر خۆی لە ڕاگەیاندن پەرەپێبدات، بێگومان ڕاگەیاندن ڕووبەرێکی بۆ پێشکەوتن کردووەتەوە، کاتێک ڕۆژنامەنووسان دەبینن کارەکانیان هەڵدەسەنگێندرێت و پێشبڕکێیان بۆ ڕێکدەخرێت و دەتوانن بەرهەمەکانیان پێشکەش بکەن، بێگومان بەو پێیە شتی نوێ دروست دەکەن، پێشبڕکێکەی مەزڵوم باگۆک لە خەڵات و بڕوانامەکان مانادارترە، ڕۆژنامەنووسان دەبنە دەنگی کۆمەڵگە و خزمەتیان دەکەن، ئەگەر ڕۆژێکیان بۆ تەرخان نەکەین و نەڵێین کارەکەت پیرۆز دەبیندرێت ئەوا زوڵمیان لێدەکەین.

 

"بەبۆنەی ٨ی ئادارەوە ئەمساڵ شوێنمان بۆ هەواڵی ژنان داناوە"

ماڵڤا عەلی ئاماژەی بەوەدا کە ٥ لیژنەیان بۆ پێشبڕکێکە پێکهێناوە و وتی: ٥ لیژنە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕای ڕۆژنامەنووسان پێکهێنراوە، بۆ هەواڵی کوردی و عەرەبی و دۆسیەو شیکردنەوە و هەواڵی ژنان، هوڵی بە وێنەودیمەن ڕادیۆ و چەندین جۆری تر، دەرگای بەشداریکردن تا ٥ی نیسان کراوەتەوە، هەروەها ئێمە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە چاوەڕێین بۆ ئەنجامی باش، بەڵام ئەمساڵ ویستمان گرنگی بە بەشی ژنان بدەین لەبەر ڕۆژەڤ و بەرخۆدان و تێکۆشانەکان هەموو ژنن کە پێشەنگایەتی دەکەن، ئەمەش بە پێنووس و کامێرا و ئیرادەی ژنان ئەنجام دراوە، ئەگەر ئەمڕۆ جیهان باسی ژنان لە هەرێمەکەماندا بکات ئەویش بە چاوی ڕۆژنامەگەریی ژنانەوە کە دەتوانێت ڕاستی خەباتی خۆی لە شۆڕشدا ئاشکرا بکات.

 

"ڕۆژنامەنووسان بە زەحمەتییەوە کاری خۆیان دەکەن"

مالڤا عەلی ئاماژەی بەوەدا کە خەڵاتەکە ٢٢ نیسان ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی پێشکەش دەکرێت و وتی: ئەنجامی پێشبڕکێکە لە دوای هەڵسەنگاندن لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی بەئامادەبوونی ڕۆژنامەنووسان لە ئاهەنگێکدا ئاشکرادەکرێت، هەروەها چاوەڕوانین و هیوادارین ئەو ڕۆژنامەنووسە مافدار و شایستەیانەی لەم شۆڕشەدا کاریان کردووە سەربکەون، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە چەندین ساڵ و مانگ و ڕۆژ تووشی زەحمەتی بوون تا بەرهەمێکی باش دروست بکەن شایستەی ئەم خەڵاتە دەبن، ڕۆژنامەنووسان هەمووی شایستەی خەڵاتن، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی سەردەکەون مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ئەوان تەنها داناو ژیرن، لەبەرئەوە خەڵاتەکەی ئێمە زیاتر مەعنەوییە.