ژنانی شانۆکاری هەڵەبجە گیروگرفتەکان ڕێگرە لە بەرەوپێشچوونیان

نەبوونی هۆلێکی شیاو و بودجەیەکی تایبەت ئاستەنگە لەبەردەم بەرەوپیشچوونی هونەری شانۆ لە شاری هەڵەبجە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- هەڵەبجە وەک ناوەندێکی دەوڵەمەند لە بواری ئەدەبی و هونەریدا بەناو دەکرێت، بەڵام پشتگوێ خستنی ئەو شارە لەلایەن حکومەت و دەسەڵاتەوە وایکردووە لەم چەند ساڵەی دوایدا هەڵەبجە نەتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.

 

لە ڕۆژی جیهانیی شانۆدا، ٢٧ی ئادار ژنانی شانۆکاری هەڵەبجە باس لە گیروگرفتەکانی بەردەم بواری شانۆ لە شارەکەدا دەکەن و ڕایدەگەیەنن، نەبوونی بودجە و شوێنی گونجاو بەرەوپێشچوونی بوارەکەی لاواز کردووە.

 

نەبوونی هۆڵ باشی کارەکە دەشارێتەوە

بەهۆی کردنەوەی پەیمانگای هونەرە جوانەکان و بەتایبەت بەشی شانۆ لە شاری هەڵەبجە، گەنجانی شارەکە تا ئاستێک هونەریان لە شارەکەدا زیندوو کردەوە، بەڵام ئاستەنگەکانی بەردەم هونەرمەندان و شانۆکاران زۆر بووە و نەتوانراوە وەک پێویست کار بۆ شانۆکارانی هەڵەبجە بکرێت، زریان حەکیم، شانۆکار، پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی شانۆی لە شانۆکاران کرد و باسی لە ئاستەنگییەکانی بەردەمیان کرد، وتی: لە هەڵەبجە بە تایبەت کۆمەڵێک ئاستەنگی دێنە بەردەممان کە ڕێگرن لە بەرەوپێشچوونی هونەری شانۆ، لەوانە نەبوونی هۆڵێکی شایستە لە شارەکەدا کە تیایدا نمایشی کارەکانمانی تیادا بکەین، چونکە ئەگەر هۆڵێکی شیاو نەبێت تاوەکو دەرهێنەر بە تەواوی بتوانێت کارەکەی نمایش بکات و بینەر ئاسودە نەبێت لە کاتی سەیرکردندا، ئەوا کارێکی شایستە بەرهەم نایەت.

 

هۆڵی قوتابخانەکان شیاو نین بۆ نمایشکردنی کارە شانۆییەکانمان

زریان حەکیم باسی لەوەشکرد، نەبوونی هۆڵ گرفتی سەرەکییە، چونکە دەرهێنەرەکانیشمان ناتوانن بە فراوانی بیر بکەنەوە و بیر و بۆچوونەکانیان لە چوارچێوەی هۆڵە نەشیاوەکاندا قەتیس دەبێت، تاوەکو ئێستا هۆڵی قوتابخانەکانمان بەکارهێناوە، بەڵام شیاو نەبوون و داواکارین هۆڵێکی شایستە دروستبکرێت.

 

پێویستە ژنان بوێر بن و بێنە دەرەوە

ژنانی شانۆکار خوازیارن لەبواری هونەریدا کار بکەن و ساڵانە لە ڕێگەی فێستیڤاڵی شانۆیی گۆرانەوە بەهرەکانیان دەردەخەن، زریان حەکیم دەڵێت: ژنان پێویستیان بە بوێری و پشگیری و پاڵپشتیە بۆ ئەوەی هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵیان بین، تاوەکو بتوانین ژنی بەهرەدار و ئازا دروست ببێت و لە ڕێگەی کۆلیژی هونەر و پەیمانگاکانەوە بگەن بە خەونەکانیان.

 

سۆزە حامد، شانۆکارێکی دیکەیە و ساڵانە لە هەڵەبجە بە نمایشەکانی سەرنجی بینەرەکانی بۆخۆی ڕادەکێشێت، باسی لەوەکرد، نەبوونی کۆمپانیای هونەری و لایەنی بەرهەمهێنی هونەری کە هونەرمەندان پشتی پێ ببەستن وایکردووە فۆکەس لەسەر لایەنی داراییە وەک لە کارە هونەریەکان، دەشڵێت: ژنانی هەڵەبجە پێویستە واز لە ترس بهێنن و ئەو وزەیەی هەیانە لە بەدیهینانی خەونەکانیان دەریبخەن.

 

٢٧ی ئادای هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی شانۆ ناسراوە و ساڵانە چەندین چالاکی هونەری و شانۆیی ئەنجامدەدرێت، بەڵام ئەمساڵ لە هەڵەبجە هیچ چالاکییەک نەکراوە، چونکە تاکە هۆڵێک کە ساڵانە چالاکی تیادا دەکرا داڕماوە و تاوەکو ئێستا لایەنی پەیوەندیدار ئاوڕی لێ نەداوەتەوە.