"کڕیارەکان کارەکانیان بە دڵ بێت ماندووبوونم دەڕەوێتەوە"

نسۆیبە ژنێکی دانیشتووی سەیدسادقە، بە خولیای خۆی دەستی بە کاری چنین کرد و ئێستا بووەتە بژێوی ژیانی.

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- نسۆیبە عەزیز، تەمەنی ٢٣ ساڵە و تا قۆناغی ١١ی ئامادەیی خوێندووە، ژنێکی دەستڕەنگینە و دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە، لە سەرەتادا ئارەزووی کاری چنین بووە و پاش گەشە سەندنی کارەکانی، ئێستا بووەتە کارێک بۆی و نیشانەی ناسەرەوەی دەستڕەنگینیەکەیەتی.

 

نسۆیبە، کە لەبەر دۆخی کۆمەڵگە و ڕێگرییەکان نەیویست ڕووخساری دەرکەوێت، تایبەت بە ئاژانسی نوژنها باسی لە کارەکانی کرد، کە وردەکاری و ماندووبوونی زۆرە، بەڵام کە کڕیارەکان بەدڵیان دەبێت، ماندووبوونەکانی بیردەچێتەوە، دەڵێت: کاتێک کارێک بۆ هەر کەسێک دەکەم، وای دادەنێم بۆ خۆمی دەکەم، بە وردی و سەرنجەوە بۆی تەواو دەکەم، کاتێک کڕیارەکە بە دڵی دەبێت، ئەوکات ماندوویەتیم دەڕەوێتەوە.

 

نسۆیبە ماوەی ساڵێکە چنین و دەستڕەنگینی کردووەتە بژێوی ژیانی و لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە داواکارییەکان وەردەگرێت، بەرهەمەکانیشی دەگەیەنێتە کڕیارەکانی، ئەو کە بەپێی خواستی ژنان چنین دەکات، دەڵێت: ساڵی پار خواست لەسەر چنین بە پولەکە بوو، بەڵام لەمساڵدا خواست لەسەر چنین بە زەنگیانەیە و ژنانێکی زۆر داوای ئەم جۆرە چنینە دەکەن.

 

نسۆیبە کاری ماڵەوە دەکات، بەڵام توانای خۆی لە بواری چنینیشدا دەرخستووە و دەڵێت: ژنان پێویستە پێگە و توانای خۆیان لە کاری دووەمدا نیشان بدەن و تەنها بە کاری ماڵەوە سەرقاڵ نەبن، کارەکە چ لەدەزگای حکومەتدا بێت یان کەرتی تایبەت یان خولیا و ئارەزووی تاکەکەسی بێت.

 

کارەکانی نسۆیبە بە گشتی جوانکاری ژنان و ماڵە، بە تایبەتی کاری مەکرەمە دەکات، کە جۆرە چنینێکی تایبەتە، لەگەڵ ئەوەشدا چنین بۆ نەخشی مەکسی و جلی ژنان و جوانکاری ماڵ وەک ڕازاندنەوەی درەخت و ڕەفە و ئاوێنە دەکات و و ئێکسسواراتی جلی کوردی و چنینی نەخشی جیاوازی جلی کوردی و کڵاو بە بیرۆکەی جیاواز و وردەکاری زۆرەوە دەکات.