شانۆییەک بۆ ژینا ئەمینی خەڵاتی باشترین نمایشی بەکۆمەڵ بەدەستدەهێنێت

شانۆیی "یاران بێدەنگ دامەنیشن" کە باسی لە تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شۆڕشی ژینا دەکرد، توانی ببێتە براوەی خەڵاتی فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی کەرکوک.

ناوەندی هەواڵ

 

شەشەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقام لە شاری کەرکوک لە ڕۆژانی ٨-١٠ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو، کە فێستیڤاڵێکی ساڵانەیە و لە شاری کەرکوک بەڕێوەدەچێت.

 

دەستپێکی فێستیڤاڵەکە ئەندامانی دەستەی ڕێکخەری فێستیڤاڵ، هونەرمەندان، شانۆکاران و بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە لە بازاڕی حەسیرەکەوە تا سەنتەری ڕۆشنبیری شاری کەرکوک بە دەهۆڵ و میوزیکەوە ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا و پاشان مەراسیمەکان دەستیپێکرد.

 

لە ماوەی سێ ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا چالاکی نمایشی شانۆیی لەسەر شەقام و پانێڵ و بڵاوکردنەوەی پەرتوک ئانجامدرا، کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵەکەش باشترین خەڵات بەسەر بەشداربوواندا دابەشکرا، کە بەشێکیان بریتییە لە؛

 

نازیلە ئەمینی لەرۆژهەڵاتی کوردستان - باشترین ئەکتەری کچ و باشترین دەرهێنەر

هاوڕێ رەزایی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان - باشترین ئەکتەری کوڕ

 

شانۆیی پارانۆیا لە دەرهێنانی مستەفا زەواهیری - باشترین نمایش

شانۆیی میتا لە کفرییەوە  - باشترین بیرۆکە

 

شانۆیی یاران بێدەنگ دامەنیشن لە سلێمانییەوە- باشترین نمایشی بەکۆمەڵ

شانۆیی کێ دەبێتە داوەرمان لە هەڵەبجەوە - خەڵاتی هاندان

 

شانۆیی یاران بێدەنگ دامەنیشن بۆ ژینا ئەمینی بوو

شانۆیی "یاران بێدەنگ دامەنیشن" لە دەرهێنانی ڕزگار ئەمین و ڕۆڵگێڕانی تینە عادل، سیما عوسمان، ژوان دارا، سیڤەر ستار لە شاری سلێمانییەوە بەشداری فێستیڤاڵەکە بوو، کە باسی لە دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات و شۆڕشی ژینا دەهێنێتە بەرچاو و هێزی ژن، ژیان، ئازادی نیشان دەدات.

 

شانۆییەکە لە دووەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکە نمایشکرا و توانی ببێتە براوەی باشترین نمایشی بەکۆمەڵ.