"پەدەکە هێرش دەکاتە سەر شۆڕش و کولتوور و هونەری ژنان"

شیرین شێخ خدر، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری دووەمین فیستیڤاڵی شەهید بەرچەم هەڵوێستی خۆی لە دژی ڕێگریکردن لە دوو هونەرمەند لەلایەن پەدەکەوە خستەڕوو و وتی: ئێمە وەڵامی هێرش جینۆساید و ئەو سیاسەتەی بەڕێوە دەچێت بە پێشخستنی هونەرەکەمان دەدەینەوە.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- تەڤگەری هیلالی زێڕین لە ٦ی ئەیلوولەوە دووەمین فێستیڤاڵی شەهید بەرچەمی لە کۆبانێ بە بەشداری گروپەکانی میوزیک، گۆرانی، هۆنراوە، نووسەران، فۆتۆگرافەران و سینەماکارانی لە ناوەوە و دەرەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکرد و ماوەی سێ ڕۆژە بەردەوامە.

 

بەپێی زانیارییەکانی تەڤگەری هیلالی زێڕین، بڕیاربوو هونەرمەندان ئامال تەسلوسیی تونسی و شادی غوڵامی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری کۆنسێرتەکانی فێستیڤاڵەکە بکەن، بەڵام پەدەکە ڕێگەی نەدا لە باشووری کوردستانەوە بچنە ناو خاکی ڕۆژئاوای کوردستان.

 

"ئێمە تێکۆشان لە دژی سەرکوتکردنی شۆڕشی ڕۆشنبیری و هونەری ژنان دەکەین"

شیرین شێخ خدر، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری دووەمین فیستیڤاڵی شەهید بەرچەم، گرنگی فێستیڤاڵەکەی بەم شێوەیە هەڵسەنگاند، "ئەم فێستیڤاڵە لەسەر ئاستی سەرجەم کانتۆنەکانی هەرێم ڕێکدەخرێت، بۆ ئەوەی ئێمە وەک ژنان بتوانین هونەرەکەمان بگەیەنینە خەڵک و وێنەیەک لە سامانی ڕۆشنبیری و هونەری ژنانی هەرێم پیشان بدەین، ئێمە وەک ژن ئەم دەرفەتەمان بۆ پەرەپێدان و پاراستنی هونەر و کولتوورەکەمان لە ڕێگەی شۆڕشی ژنانەوە بەدەستهێنا. بۆیە ئەمڕۆ ئەرکی سەرشانی ئێمەیە کە بتوانین لە بەرامبەر شۆڕشدا ڕۆڵی خۆمان ببینین و ناوەڕۆکی کولتووری و هونەری پڕ بکەینەوە.

 

"دەبوو دوو هونەرمەندی دەرەوەی وڵات لە کۆبانێ ئامادە بن"

شیرین شێخ خدر ئاماژەی بەوەدا کە ئامادەکاری بۆ بەشداریکردنی هونەرمەندان لە دەرەوەی وڵات کراوە و دەڵێت: لەم ڕۆژانەی ڕابردووی فێستیڤاڵەکەدا بەرنامەی دەوڵەمەند پێشکەش کرا، لەوانە گۆرانی و سەما و دۆکیۆمێنتاری و نمایش و هتد، لەلایەکی ترەوە زۆرێک لە ژنانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەرمینیا و یۆنان پەیامیان بۆ فێستیڤاڵەکە نارد، ئەمەش کارەکانمانی دەوڵەمەندتر کرد. هەر لەو پێوەندییەدا ئێمە ڕامانگەیاندبوو کە ئەمساڵ ژنانی دەرەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدار دەبن، لەوانەش ئامال مەسلوسی و شادی خوڵامی، ئەم دوو هونەرمەندە ناودارە بە فەرمی بانگهێشت کران بۆ سەردانی کۆبانێ و بڕیار بوو ئەو هونەرمەندانە ئێستا لێرە بن، بەڵام لەبەر ئەوەی بە باشووری کوردستاندا تێدەپەڕین، پەدەکە ڕێگری لە هاتنی ئەوان کرد.

 

"پەدەک بەربەستە لە بەردەم شۆڕشی ژنان"

شیرین شێخ خدر دەربارەی ڕێگرییەکانی پەدەکە وتی: بێگومان ئێمە نامۆ نین بە سیاسەتەکانی پەدەکە، کە خیانەتەکەی لە گەلی کورد گەیشتووەتە لوتکە، پەدەکە هاوکاری داگیرکەرانی کوردستان و بکوژانی گەلی کورد و دەستی لە خوێنی کورددایە، ئاساییە کە ئاستەنگ لە پێشکەوتنی شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت هونەری ژنان دروست بکات، کولتوور و هونەر کە جێگەیەکی گرنگی هەیە بۆ گەلی کورد، مانا و بەهای هەیە، ئێستا بووەتە بابەتی سیاسەت و بازاڕی پەدەکە لەگەڵ دوژمن، ئەم سیاسەتە ئاستی ئەو خیانەتەی پەدەکە پێی گەشتووە، نیشان دەدات.

 

"ئێمە ڕۆژانە وەڵامی هێرشە جینۆسایدەکان دەدەینەوە"

لەکۆتایی قسەکانیدا شیرین شێخ خدر دووپاتی کردەوە کە سەرەڕای هەموو بارودۆخەکە، فێستیڤاڵەکە بە سەرکەوتووی کۆتایی هات، "خۆشەویستی هونەر ئێمەی کۆکردووەتەوە، بۆیە ئەم فێستیڤاڵە بە هەمان ئامانج بەردەوام دەبێت، پەدەکە ڕێگری کرد، ئێمە سوپاسی هەردوو هونەرمەند دەکەین و دەڵێن فیستیڤاڵەکەمان هەر دەکەین، سەرەڕای هەموو ئەو هێرشانەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ سەرمان دەکرێت، فێستیڤاڵەکەمان بەردەوامە، ڕۆژانە کۆبوونەوە و پێشکەشکردنی بەرهەم و هونەری زیاتر لە ٣٠٠ ژن گەورەترین وەڵامی ئەم هێزانەیە کە هەمیشە لە جوڵەدان بۆ کوشتنی ژنان.