تیپی هەڵپەڕکێی دایکان بە نمایشە فۆلکلۆرییەکانی کولتووری کۆبانێ زیندوو دەکاتەوە

"تیپی هەڵپەڕکێی دایکان" لە کانتۆنی کۆبانێ لە فوراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەشدارە لە پێناسەکردنی کولتوور و میراسی کانتۆنەکە لە ڕێگەی نمایشە میراسییەکانییەوە کە لە شارە جیاوازەکاندا پێشکەشی دەکات.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ- کولتوور و میراسی هەریەکێک لە گەلانی جیهان بەو شوناسە دادەنرێت کە نوێنەرایەتی مێژووی ئەوان دەکات، بەو پێیەی دەگەڕێتەوە بۆ داب و نەریت کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گواستراوەتەوە، لەوانەش کولتووری زمان و جل و بەرگی نەریتی، هەروەها کولتوری گۆرانیبێژی کە لەلایەن ناوەندە کولتوورییەکانەوە دەپارێزرێت.

 

گەلی کورد سەرەڕای ئەو هەموو هێرش و پێشێلکاریانەی کە لە دژی کولتوورەکەی بەدەستی دەسەڵاتە دەسەڵاتدارەکان هەبوون، خەباتیان کرد بۆ ئەوەی بتوانن ناسنامە و پرەنسیپەکانی خۆیان بپارێزن، ژنانی کورد ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە پاراستنی کولتوور، میراسی خۆیان ، داب و نەریتی فۆلکلۆر.

 

ئەوان پێش دەستپێکردنی شۆڕشی ١٩ی تەمووز لە ناوەندی کولتووری و هونەری باقی خدۆ لە کۆبانی "تیپی هەڵپەڕکێی دایک"یان دامەزراند، کە لە دایکانی تەمەن ٣٥ بۆ ٤٥ ساڵ پێکهاتبوون، بەڵام دوای ئەوەی داعش و چەتەکان کۆنتڕۆڵکردنی شارەکەیان کرد، تیپەکە کارکردنی وەستا، دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتیکەوە ئازادکرا، ناوەندی هیلالی زێڕین کرایەوە، و لە ساڵی ٢٠١٦ دەستی بە چالاکییەکانی کردەوە، لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، تیپەکە لە ژێر ئاڵای هیلالی زێڕین کاردەکەن، و لەکاتی بۆنە و جەژن و ئاهەنگەکان نمایش دەکەن، بەم شێوەیە کولتووری کۆبانی دەپارێزرێت.

 

ئەندامانی تیپەکە هەفتەی دووجار کۆدەبنەوە بۆ ئەنجامدانی پەروەردە بۆ هەڵپەڕکێ جۆراوجۆرەکان، لەوانە هەڵپەڕکێ کۆنە نەریتییەکەی دایکانی کۆبانی و هەڵپەڕکێ بە کەرەستەی ناوماڵ و کشتوکاڵییەوە کە دایکان لە کۆنەوە بەکاریان دەهێنن، جگە لە هەڵپەڕکێکانی تر کە لە شێوەی تابلۆی هونەریدا پێشکەش دەکرێن کە نوێنەرایەتی کاری ژنان دەکەن لە کشتوکاڵ و کاری ماڵەوە و ئاژەڵ و کشتوکاڵی.

 

"ژنان کولتوور و میراسی شارەکەی خۆیان دەپارێزن"

سەبارەت بە کارەکانی تیپەکە و ڕۆڵی لە پاراستنی کولتووری دایکانی کۆبانی، لەیلا ئەحمەد، تەمەن ٤١ ساڵ ، ئەندامی تیپەکە وتی، تیپەکە لە ١٢ ژن پێکهاتووە، کە هەموویان دایکن و خولیای پاراستنی کولتووری خۆیان هەیە و ئەو میراسەیان لە ترسی لەناوچوون لە داپیرە و دایکی خۆیان گرتووە، هەروەها خۆشەویستییان بۆ میراسی شارەکەیان هەیە، وەک تیپێک لە دایکانی کۆبانی، لە ڕێگەی ئەو نمایشە فۆلکلۆریانەی کە لە بۆنە و ئاهەنگە نیشتمانییەکان پێشکەشی دەکەین، کولتوورەکەمان بە نەوەکانی داهاتوو دەناسێنین، کە لە داپیرە و دایکمانەوە بۆمان ماوەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەکرد، تیپی هەڵپەڕکێی دایکان کاریگەری زۆری لەسەر کۆمەڵگە هەیە، بەو پێیەی جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ئەم تیپە و باقی تیپەکاندا هەیە، هەموو ژنێکی ناو تیپەکە جلی فۆلکلۆری دایکان لەبەر دەکەن، کە نوێنەرایەتی داب و نەریت و کولتووری کۆبانێ دەکات، هەروەها تیپەکە تایبەتمەندییەکی دیکەی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هەڵپەڕکێی کۆنی کۆبانێ پێشکەش بە کۆمەڵگە دەکات، وتیشی: بە لێدانی گۆرانییە نەریتی و فۆلکلۆرییەکان کە بە درێژایی مێژوو نەماون، هەوڵدەدەین لە ڕێگەی تیمەکەوە زیندوویان بکەینەوەو نەوەکانی داهاتوو فێربکەین، کاتێک دەچینە سەر شانۆ بۆ پێشکەشکردنی نمایشەکانمان، هەست بە خۆشەویستی و ڕێزی بینەر دەکەین، خەڵک لە هەموو بۆنەیەکدا چاوەڕوانی نمایشەکانمانن، ئەمەش وامان لێدەکات هەست بە شانازی و متمانە بەخۆبوون بکەین و پاڵمان دەنێت بۆ کارکردن زیاتر و چڕکردنەوەی پەروەردە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا لەیلا ئەحمەد پەیامێکی ئاڕاستەی ژنانی کۆبانی کرد و وتی: پێویستە هەموو دایکان کار بکەن و بەشداری بکەن لە پاراستنی فۆلکلۆری شارەکەیان و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان بە درێژایی مێژوو بەدەستیان هێناوە بۆ ئەوەی کولتووری گەلی کورد بەردەوام بێت و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر بگوازرێتەوە.

 

"منداڵەکانمان بە بیری پاراستنی میراسی شارەکەیان پەروەردە دەکەین"

خالیسە ئەدهەم، تەمەن ٣٧ ساڵ ، باسی لە بەهرەکەی و هۆکاری پەیوەندیکردن بە تیپەکەوە کردو وتی: کاتێک دامەزرا، زۆر سەرسام بووم پێی، بەتایبەتی ئەو نمایشانەی پێشکەشی دەکات منیش خۆشەویستییەکم هەیە و خولیای هەڵپەڕکێ دەکەم، بۆیە لە ساڵی ٢٠١٩ پەیوەندیم پێوە کرد بە مەبەستی بەشداریکردن لە پاراستنی کولتوور و میراسی شارەکەم لە لەناوچوون، بۆ ئەوەی بۆ جیهان بسەلمێنین کە ژنانی کورد خاوەن هێز و ئیرادەن و ڕۆڵیان هەیە لە گەشەپێدانی هەموو بوارەکاندا، هەروەها پێشەنگن لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕێکخراوەیی و سەربازیدا، ئێمەش وەک ژن و دایک، دەیکەین هەروەها پێشەنگین لە بواری هونەری و کولتووریشدا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەفتەی دووجار کۆدەبنەوە بەمەبەستی ڕێکخستنی کارەکانی تیپەکە و وەرگرتنی پەروەردە بۆ نمایشەکان، بێگومان ڕووبەڕووی هەندێک کێشە دەبنەوە، بەتایبەتی کە دایکن و ئەرکی ماڵەوەیان هەیە جگە لە کارکردنیان لە دامەزراوەکان، کارکردن لە هەردووکیان هەندێک کێشە دروست دەکات، بەڵام بە خۆشەویستییان بۆ کارەکانیان، بەسەریاندا زاڵ دەبن بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە پەرەپێدانی بەهرەکانیان لەناو تیپەکەدا.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە کە زۆر حەزی لە کارکردنە لە بواری هونەر و ڕۆشنبیری و هەڵپەڕکێک بۆیە لە ماڵەوە ئەم خۆشەویستییە لە دڵی منداڵەکانیدا دەچێنێت و لەسەر ئەوە پەروەردەیان دەکات و گرنگی پاراستنی کولتوور و میراسی کوردی کە نوێنەرایەتی ناسنامەیان دەکات، وتی: منداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵم هەیە کە پەیوەندی بە تیپی هەڵپەڕکێی منداڵانەوە کرد لە ناوەندی باقی خدۆ بۆ کولتوور و هونەر.