مامۆستاکەی بووەتە ئیلهام بۆ گلێنە و کاری سەربەخۆی دامەزراندووە

بەهۆی ئەوەی مامۆستاکەی ژنێکی بەتوانا و زیرەک و لێهاتوو بووە، گلێنە ئێستا خاوەن کار و داهاتی سەربەخۆی خۆیەتی.

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- گلێنە قوباد ژنێکی گەنجە و بەرگدرووە، وەک خۆی باسی دەکات، لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بەشداری خولێکی بڕین و دروومانی کردووە، مامۆستاکەی، کە ژن بووە، خۆشەویست و بەتوانا و زیرەک بووە، کاریگەری لەسەر گلێنە بەجێهێشتووە و بووەتە هێزێک لە هەناویدا کە هەمان ڕێچکەی لێهاتووی مامۆستاکەی بگرێت، ئێستاش گلێنە خاوەن کار و داهاتی سەربەخۆی خۆیەتی و ماوەی چەند ساڵێکە شوێنکارێکیشی داناوە.

 

گلێنە قوباد باس لەو خولانە دەکاتەوە کە لە شاری کۆیە دەکرێنەوە و ژنان دەتوانن سوودی لێببینن، وتیشی: ئەو خولانەی دەکرێنەوە مامۆستای باشی بۆ دابین دەکرێت و کەلوپەلی پێویست دابین دەکرێت، ژمارەی بەشداربووان دیاری کراوە، ئەمانە دەبنە هاندەر بۆ بەشداریکردنی ژنان لە کایەکانی ژیاندا، زۆربەی خولەکانی شاری کۆیە بۆ ژنان بێ بەرامبەرە بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە خۆپێگەیاندن و گەشەپێدانی خۆیان و پیشاندانی هێز و تواناکانیان، خولەکان یارمەتیدەرن بۆ پێشکەوتنی ژنان لە بواری ئابووریشدا، لە یەکێک لە خولەکاندا کە مامۆستاکەم ژن بوو، پێی کاریگەر بووم بە توانا و زیرەکییەکەی، ئەمەش هاندەر بوو بۆ من کە بەردەوام بم و ببمە خاوەنکاری خۆم.

 

لە کۆتاییدا گلێنە ئاماژەی بەوەدا، ئەو ژنانەی دێن جل دەدروون لەلام، ئەگەر کەم دەرامەت بن یان خاوەن پێداویستی تایبەت بن لە خۆشەویستیم بۆ ئەوان بێ بەرامبەر بۆیان دەدرووم، بەردەوامیش خول دەکەمەوە بۆ ئەو کەسانەی کەم دەرامەتن، بۆ ئەوەی لەدوای ئەوە خۆیان جلوبەرگی خۆیان و دەوروبەریان بدروون و هەم ببنە خاوەنکاری خۆیان و داهاتێکی سەربەخۆیان هەبێت.