جگە لە ڕۆمانی دایە، ڕۆزا حەمەساڵح بەرهەمێکی دیکەی بڵاودەکاتەوە

ڕۆزا حەمەساڵح لە ڕێگای وەرگێڕانەوە ئامانجیەتی ژنانی باشووری کوردستان هۆشیار بکاتەوە و ئاشنایان بکات بە خەباتی ژنانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و وڵاتانی دیکە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- هەموو کۆمەڵگەیەک خاوەن کولتوور و مێژوویەکی تایبەت بە خۆیەتی، ژنان لە هەر کوێ بن تێکۆشان و خەباتی خۆیان دەکەن و بەشێک لەم تێکۆشانە دەکرێتە پەرتووک و دەگەیەنرێت بە خوێنەر، ئەم پەرتووکانە کاتێک وەرگێڕانیان بۆ دەکرێتە سەر زمانێکی دیکە واتە تێکۆشانی ژنان و مێژووی خەباتیان ئاڵوگۆڕ دەکرێت لە ناو ژنانی جیهاندا و دەتوانن لە ڕێیەوە ئاگاداری کولتوور و فکری یەکتر بن، تا بتوانن بە یەک ئەقڵیەت و ئامانج هەوڵ بدەن بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و داکۆکیکردن لە مافەکانیان.

 

ڕۆزا حەمەساڵح یەکێکە لەو وەرگێڕانەی، پەرتووکەکانی تایبەت بە پرسەکانی ژنان وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی و ئامانجیەتی خەبات و تێکۆشانەکانی ژنانی جیهان بە ژنی کورد بناسێنێت، نوێترین بەرهەمی ڕۆمانی "دایە"یە کە لە زمانی عەرەبییەوە وەریگێڕاوەتە سەر کوردی-سۆرانی و باس لە تێکۆشانی دایە یادە دەکات.

 

خولیای خوێندنەوە بەرەو کاری وەرگێڕانی دەبات

ڕۆزا حەمەساڵح، چیرۆکنووس و وەرگێڕ، لە ساڵی ١٩٧٦ لە بەغداد لەدایکبووە، لە تەمەنی منداڵییەوە هاتووەتەوە کوردستان، قۆناغی سەرەتایی تا ئامادەیی خوێندنی لە شاری دەربەندیخان تەواو کردووە، پاشان لە ساڵی ١٩٩٩ زانکۆی سلێمانی بەشی زانستی مرۆڤایەتی تەواو کردووە، وەک خۆی باسی دەکات، لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای خوێندنەوەی هەبووە و بە پێی تەمەنەکەی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی دەخوێندەوە، بەهۆی ئەوەی بە زمانی عەرەبی خوێندویەتی، بۆیە زۆرینەی ئەو بابەتانەی دەیخوێندەوە زمانی عەرەبی بوون، بەڵام کاتێک کۆچ دەکەن بۆ ئەوروپا، پەرتووکی عەرەبی دەستناکەوێت و دەست بە خوێندنەوەی پەرتووکی کوردی دەکات.

 

"وەرگێڕان خولیایە و هەندێک بە بێ خوێندنی بوارەکە دەتوانن تیایدا سەرکەتوو بێت"

لەگەڵ خوێندنەوەی پەرتووک بە زمانی کورد لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ وردە وردە فێری وشەزانی کوردی بووە، ئەمەش وایلێکردووە لە ساڵی ٢٠١٧وە دەستبکات بە وەرگێڕانی پەرتووکە جیهانییەکان بۆسەر زمانی کوردی، دەشڵێت: خوێندنەوە هەوێنی نووسینە، واتە پێویستە خوێنەرێکی باش بیت بۆ ئەوەی بتوانین وەرگێڕان بکەیت یاخود پەرتووک بنووسیت، پێی وایە کاری وەرگێڕان هەرچەند پێویستی بە بڕوانامە و لایەنی ئەکادیمی بێت ئەوەندەش پێویستی بە پراکتیزەکردنە، ڕۆزا لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە هەوڵیداوە ئەو مەرجانەی پێویستە بۆ وەرگێڕێک بیخوێنێت، کە پێویستە شارەزایی لە ڕێزمانی هەردوو زمانەکەدا هەبێت و شارەزایی لە ڕەوانبێژیدا هەبێت، بتوانێت دەستەواژەکان وەک خۆی وەرگێڕ بکات، دەربڕینی گونجاوی هەبێت، نابێت وەرگێڕانی وشە بە وشە بکات، بەڵکو دەربڕینەکە وەک خۆی بگەیەنێت.

 

"دەمەوێت بە وەرگێڕان پرسی ژن زیاتر بەرەوپێش ببەم"

ئەو بابەتانەی ڕۆزا وەرگێڕانی بۆ دەکات زۆرینەی لە چوارچێوەی پرسی ژن و توانا و ئازارەکانی ژناندان، لەم بارەیەوە ڕوونیکردەوە، کاتێک دەبینێت ژنێک لە کۆمەڵگەکەیدا دەکوژرێت، یاخود توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت و هەمیشە کێشەی کۆمەڵایەتی بەرۆکیان دەگرێت، ئەم ئازار دەچێژێت و هەست بەو بەرپرسیارێتییە دەکات کە کار بکات بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان، تا بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن بەرامبەر هەموو زەحمەتییەکان.

 

لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستی کردووە بە وەرگێڕانکردنی شیعرەکانی نزار قەبانی، یەکێکە لەو شاعیرانەی لەناو ڕوحی ژندا شیعر دەنووسێت، ئیتر ئەو ژنە دایکی بێت یاخود کچ و خۆشەویستی، توانیویەتی ناخی ژن بخوێنێتەوە، هەر بۆیە کاتێک شیعری ئەو شاعیرەی خوێندووەتەوە، ڕۆزا حەمەساڵح حەزی کردووە هەموو کەسێک وەک ئەو، لەو هەستە تێبگات.

 

ڕۆزا حەمەساڵح نوێترین پەرتووکی بڵاودەکاتەوە

ڕۆزا حەمەساڵح خاوەنی چەندین بەرهەمی وەرگێڕدراوە، کۆمەڵە چیرۆکێکی لە ئەدەبیاتی جیهانییەوە وەرگێڕاوە بە ناونیشانی ملوانکە و تا ئێستا بە چاپ نەگەیشتووە، دوا بەرهەمی لە ساڵی ٢٠٢٣بە ناوی ڕۆمانی دایە دەرچووە، لە ئێستاشدا بەرهەمێکی دیکەی لە چاپکردندایە و ژمارەی سپاردەی وەرگرتووە، کە ڕۆمانی ژنە نووسەری فەڕەنسی ئانی ئیرنۆیە، باس لە چیرۆکێک دەکات بەسەر ژیانی خۆیدا هاتووە، ئەو ڕۆمانە بووەتە هۆی گۆڕانکاری هەندێک پرس لە دەستووری وڵاتی فەڕەنسا کە دژی ژنان بوون.

 

دەربارەی ڕۆمانی دایە ڕوونیکردەوە، ڕۆمانی دایە ژیاننامەی دایە یادەیە، کە هاوتەریبە بە مێژووی هاوچەرخی ژنێک، ڕۆمانێکە تەواو کۆڵنەدان و هێزی ژنێک باس دەکات کە زەبر و فشاری بەردەوام لەسەر بووە بەڵام بەرخۆدێرانە تێکۆشاوە و بەرەنگار بووەتەوە، هەر کەسێک بیخوێنێتەوە کاری تێدەکات و خۆی بە بەرپرسیار دەبینێت لە بەرامبەر پرسە نەتەوەییەکان.

 

"پلانم هەیە پەرتووکی زیاتر وەرگێڕ بکەم تەنها لە پێناو دەرخستنی شۆڕشی ژنان"

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەدا، وەرگێڕان گرنگی هەیە لە ئاڵوگۆڕی کولتووری ناوچە و وڵاتە جیاوازەکان، هۆکارە بۆ ئاشنابوون بە کولتوور و شارستانیەتی یەکتر، چونکە لە ڕێیەوە دەتوانرێت فکری نەتەوەکان ئاڵوگۆڕ بکرێت، وتیشی: کاتێک من ڕۆمانێکی ڕۆژئاوایی وەردەگێڕمە سەر زمانی کوردی، بێگوومان ئەو هێز و فکرە وەردەگرم کە ژنانی ڕۆژئاوا بەرجەستەی دەکەن"، بە نمونەش ڕۆمانی دایە دەهێنێتەوە کە نووسەر خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە و بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی بەو پێیەی زمانی کوردی ڕێگەپێدراو نەبووە لەو کاتەدا، بەڵام ئەم لە ڕێگای وەرگێڕانەوە توانیویەتی هێزی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان نیشان بدات.

 

دەربارەی ئەوەی تا چەندێک لە پلانی ڕۆزادا هەیە لە زمانی کوردییەوە وەرگێڕان بۆ زمانەکانی دیکە بکات، دەڵێت: وەرگێڕانی هۆنراوەم کردووە لە زمانی کوردیەوە بۆ زمانی عەرەبی، کارێکی پیرۆزە کولتووری خۆت بە وڵاتانی دیکە بناسێنێت، بەڵام من هەمیشە حەزم کردووە ئەوەی خۆم دەیبینم پێشکەش بە ژنانی کوردی بکەم.

 

باس لە پلانی داهاتووی دەکات کە سەرقاڵە بە وەرگێڕانکردنی پەرتووکێکی دیکەی ڕووناک موڕاد، بەهەمان شێوە باس لە ژیانی ژنێکی دیکەی تێکۆشەر دەکات باس لە خەبات و ئەو نەهامەتیانە دەکات کە دێنە ڕێگەی، دەشڵێت: خەونی منە بە زووترین کات دەستپێبکەم و تەواوی بکەمم چونکە دڵنیام خزمەت بە ژنانی کۆمەڵگەی کوردی دەکات.