لە هەولێر پێشانگەیەکی تایبەت بە مێژوو و کولتووری کورد لە ئەرمینیا بەڕێوەچوو

لە شاری هەولێر پێشانگەیەکی تایبەت بە ناوی "کەمینەکان لە ئەرمینیا، ئەرشیڤی دۆکیومێنت و وێنەکان" کە تایبەت بوو بە مێژوو و کولتووری کورد بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٢٦ی شوبات، لە دووەمین ساڵیادی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی ئەرمینیا لە هەولێر، پێشانگەیەکی تایبەت بە ناوی "کەمینەکان لە ئەرمینیا، ئەرشیڤی دۆکیومێنت و وێنەکان" بەڕێوەچوو، کە چەندین دۆکیومێنت و وێنەی کۆن نمایشکرابوون.

 

پێشانگەکە لە دوو بەش پێکهاتبوو، بەشێکیان وێنەی مێژوویی کەمینەکانی ئەرمینیا بوو، بەشێکی دیکەشیان کۆمەڵێک دەستنووسی کوردی و ئەرمەنی بوون.

 

وێنە و دۆکیومێنتەکان جۆراوجۆر بوون،  وێنەی وتنەوەی وانەی کوردی لە قوتابخانەکان، نمایشکردنی فیلمی سینەمایی، دۆکیومێنتی یەکەم رۆژنامەی کوردی لە ساڵی ۱۹۳۰ لە ئەرمینیا بەناوی "رێیا تازە" نمایشکرابوون.

 

پێشانگاکە دەربارەی پێکهاتەی نەتەوەکانی کورد، ئێزدی و ئاشوریەکانی ئەرمینیا بوو، ئەمەش وەک لێکچوونێک لەنێوان ئەرمینیا و کوردستان نیشاندرا کە ساڵەهای ساڵە پێکهاتە جیاوازەکان بێ جیاوازی نەریت و ئاین و زمان، پێکەوە دەژین.