گروپی شەهید بارین، پەرەدان بە بەهرەی گەنج و پاراستنی کلتوور

ژنانی گەنج لە کۆبانێ بەشداری لە گروپی شەهید بارین دەکەن لەپێناو دەرخستنی تواناکانیان هەورەها مانەوەی کلتوور کوردی و دەڵێن "ژنان دەتوانن لە ڕێگەی جۆرا و جۆر هەوڵی مانەوەی کلتوری کوردی بدەن".

 

نورشان عەبدی 

کۆبانێ- بەهرە گەنجەکانی باندی شەهید بارین کۆبانێ لە پارێزگای کۆبانێ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، وەک بەشێک لە بزووتنەوەی مانگی زێڕین، لە هەوڵی گەشەپێدانی بەهرەی مۆسیقیدان بۆ پاراستنی کەلەپوور و کلتووری گەلی کوردن.

 

لە ژێر ناونیشانی "ڕەسەنایەتی کلتور و هونەری کوردی، ژنان پێشەنگایەتی مەیدانەکانی ئازادی دەکەن" بزووتنەوەی مانگی زێڕین لە ساڵی ٢٠١٦ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دامەزراوە و لە پارێزگای کۆبانێ لە ٨ی مارسی ٢٠١٨ دامەزراوە و بۆ پەرەپێدان بە کلتور و هونەری، هەوڵی داوە لە بواری ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیریەوە ژنان و منداڵان پەرە پێبدەن.

 

ئوریانا ئیبراهیمی تەمەن ١٤ ساڵ و ئەندامی گروپی شەهید بارین وتی: "لە تەمەنی ٨ ساڵییەوە خولیام بۆ وتنی گۆرانی هەبووە هەر بۆیە بەشداریم لە ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری خدو کردووە یەکەم هەنگاوی من بووە بۆ پێشخستنی تواناکانم"

 

ئاماژەی بەوەدا هەنگاوێکی گرنگ بووە بۆ ئەوەی پەرە بە تواناکانی بدات، هەروەها ئەوەی ئاشکرا کرد لە سەرەتاوە ژمارەیان زۆر لە ئێستا زیاتر بووە بەڵام ئێستا تەنها ٨ ئەندامن بەڵام چالاکانە بەشداری هەموو بۆنەکانی کۆبانێ دەکەن.

 

ئەو گروپە ڕۆژانە ڕاهێنان دەکەن، لەسەرەتای دەست بەکاربوونیان مامۆستای مۆسیقایان هەبووە بەڵام دواتر بەهۆی شارەزایی بوونی ئەندامەکان خۆیان ڕاهێنەری خۆیانن.

 

ئوریانا ئیبراهیم ڕایگەیاند، زیاتر حەز بە وتنی گۆرانی فۆلکلۆری و شۆڕشگێڕی دەکەن، هەروەها پەیامێکی هەبوو بۆ ژنانی گەنج کە دەتوانن لە هەر گروپێکدا بن یاخود لە ڕێی هەر کارێکی هونەری بێت کلتوری خۆیان بپارێزن.

 

لیلاڤ ئیبراهیم ئەندامێکی دیکەی گروپەکەیە و تەمەنیی ١٥ ساڵە، شەش ساڵ پێش ئێستا دەستی بە کاری هونەری و وتنی گۆرانی کردووە، ئاماژەی بەوە دا خوشکەکانی هاوکاری زۆریان کردووە لە پێشکەوتنی بەهرەکانی.

 

گروپی شەهید بارین بەپێی ئەو شوێنەی چالاکییەکەی لێدەکەن گۆرانی بە زمانی کوردی و عەرەبی دەڵێن، لیلاڤ لە درێژەی قسەکانیدا ئاشکرای کرد سەرەتا زۆر بۆی قورس بووە دەنگ هەڵبڕێت بەڵام دواتر بەهۆی ڕاهێنانی زۆرەوە توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

 

لەیلا ئیبراهیمی ١٣ ساڵان یەکێکی دیکەیە لە ئەندامانی شەهید بارین و لە ساڵی ٢٠١٩ بەشداری ئەو گروپەی کردووە، وتی " باوکم ئیلهامی بەهرەی هونەری منە".

ئاماژەی بەوەشدا لە منداڵییەوە خولیای مۆسیقا بووە بە چەندین هونەرمەندی دیکە کاریگەر بووە لەوانە "عایشە شان".

 

گروپی شەهید بارین نەک تەنها لە کامپی تل سمین بەڵکو لە ئاهەنگ و بۆنەی کۆبانێ، سرین و مەنبج بەشداریان کردووە، لە ئێستادا ئەو گروپە لە ئامادەکاریدان بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمێکی کلتووریی.