شەوی چلە شەوی کۆبوونەوەی دۆستانە لە درێژترین شەوی ساڵدا

شەوی یەڵدا کە درێژترین شەوی ساڵە، هاوڵاتیانی کوردستان بایەخێکی زۆری پێ دەدەن و ساڵانە یادی دەکەنەوە، خێزانەکانیش کۆدەبنەوە و درێژترین شەوی ساڵ پێکەوە تێدەپەڕێنن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- شەوی یەڵدا، شەوی چلەشی پێدەوترێت و درێژترین شەوی ساڵە، یەکێکە لە جەژن و بۆنە کۆن و مێژووییەکان کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگییەکی تایبەتی پێدەدرێت، لە دوای شەوی یەڵدا-چلە ڕۆژ درێژ دەبێتەوە و شەو کورتتر دەبێت، گرنگی ئەم شەوە لە چەندین شیعر و چیرۆکدا ئاماژەی پێکراوە، لە کوردستانیشدا وەک نەریتێکی کۆن یادی دەکرێتەوە و خەڵکی بە جۆش و خرۆشەوە کەلوپەل و خواردن ئامادە دەکەن.

 

بەیان محەمەد عەبدوڵا، فەرمانبەر لە بەڕێوبەرایەتی گشتی هونەر لە سلێمانی و ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەستەی کۆمەڵەی کەلەپور و فۆلکلۆری کورد، باسی مێژووی شەوی یەڵدای کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە دەیانەوێت وشەی یەڵدا بگۆڕن بۆ وشەی چلە.

 

 مێژووی شەوی یەڵدا

بەیان محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، شەوی یەڵدا، کە یەکێکە لە شەوە درێژەکانی ساڵ، کۆتایی وەرزی پایزە و یەکەم شەوی وەرزی زستانە، درێژترین شەوی ساڵە، مێژووەکەی دەگڕێتەوە بۆ ٦-٧ هەزار ساڵ پێش ئێستا بۆ سەردەمی میتراییەکان، لەبەرئەوەی لە کۆندا ساڵ دوو وەرز بووە وەرزی هاوین و وەرزی زستان دواتر ساڵ بووە بە ٩ مانگ هەر مانگێک ٤٠ ڕۆژ بووە بەم شێوەیە ساڵ بووە بە ٣٦٦ ڕۆژ و دواتر هەر ساڵێک بووە بە ١٢ مانگ.

 

بەیان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە وەکو کۆمەڵەی کەلەپور و فۆلکلۆری کورد هەوڵدەدەین وشەی یەڵدا بگۆڕین بۆ وشەی چلە، چونکە یەڵدا وشەیەکی سریانیە و بە واتای لەدایکبوون دێت کە دەگەڕێتەوە بۆ لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح، کاتێک کە ڕۆمانیەکان کوردستان و ئێرانیان داگیرکرد، وشەی چلە، کە بە واتای لەدایکبوونی خۆر دێت و واتای میترا کە بە واتای خۆشەویستی دەگەیەنێت، لە سەدەی ٤ی زاینیدا گۆڕیان بۆ یەڵدا.

 

لە سلێمانی چۆن یادی شەوی یەڵدا دەکرێتەوە

بەیان محەمەد، ڕوونی کردەوە کە کۆمەڵەی کەلەپور و فۆلکلۆری کورد لە ساڵی ٢٠١٧ەوە یادی شەوی یەڵدا دەکاتەوە، سەرەتا لەگەڵ چەند ڕێکخراوێک یادەکەمان کردەوە و ئەمساڵیش شەشەم ساڵە کە ئەم یادە دەکەینەوە، پێنجەم ساڵیشە کە شەونامەیەک بەڕێوەدەبەین بە ناوی شەونامەی چلەوە، شەوی چلە سەرەتا ٢٠ی کانوونی یەکەم بوو، دواتر کە لێکۆڵەنەوەمان کرد لە مێژووەکەی دەرکەوت کە ٢٠ی کانونی یەکەم وەرزی پایزە بۆیە دەبێت شەوی چلە ٢١ لەسەر ٢٢ی کانونی یەکەم بێت.

 

بەیان چالاکییەکانی ئەمساڵی ڕاگەیاند کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی چالاکییەکیان تایبەت بە شەوی چلە هەیە و خەڵاتیش بەسەر ٤٠ ئەندامی کۆچکردوو و کەسوکاریان دەبەخشرێت، هاوکات شەونامەی چلە بڵاودەکەنەوە، کە زانیاری لەسەر شەی یەڵدا و مێژووەکەی تێدایە.

 

"ژن لە کۆمەڵگەی کەلەپوردا پێشەنگە"

بەیان محەمەد، ئاماژەی بەوەشدا کە لە کۆمەڵەکەیاندا دەستەی کارگێڕییان هەیە، کە لیژنەیەک پێکدەهێنن و ژنانیش لەم لیژنەیەدا ژمارەیان زیاترە و ڕۆڵیان زیاترە، وتیشی: ئێمە بە خۆبەخشی کار دەکەین و ژنان زیاتر پێشەنگن، چونکە ژنان توانایەکی باشیان هەیە لە کارکردن و بڕیارداندا و لە کۆمەڵەی کەلەپوردا ڕێزێکی تایبەت لە ژنان دەگیرێت.