"وێنە زمانی هاوبەشی هەموو نەتەوەکانە"

سۆلین ئۆسێ کە لە منداڵییەوە وێنە دەکێشێت، دەربارەی وێنەکێشان و دروستکردنی تابلۆ وتی: هەموو کەسێک بە شێوەیەک گوزارشت لە خۆی دەکات، من لە ڕێگەی تابلۆوە هەستەکانم دەردەبڕم.

ڤیان ئامەد

 

قامیشلۆ-هەموو مرۆڤێک لە ڕێگەی هونەرەوە هەستەکانی دەردەبڕێت و دەتوانێت بە جۆرێک گوزارشت لە خۆی بکات، یەکێک لەو کەسانە شێوەکار سۆلین ئۆسێیە کە خەڵکی شاری قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە و لە منداڵییەوە وێنە و تابلۆ دەکێشێت بە وێنەکێشان هەستی خۆی دەردەبڕێت.

 

بە خۆشەویستییەکی زۆرەوە وێنە دەکێشێت

سۆلین ئۆسێ وتی: من وەک منداڵێک حەزم لە وێنەکێشان بوو، بۆیە کاتێک لاپەڕەیەکم دەبینی یەکسەر وێنەم دەکێشا، لێهاتووی من سەرنجی مامۆستاکەمی ڕاکێشا، بۆیە هەمیشە دەیوت تۆ دەبی بە وێنەکێشێکی شارەزا، ئەم قسانە هێزی پێبەخشیم، بۆیە بە خۆشەویستییەکی زۆرەوە حەزم لە وێنەکێشان بوو، هەم خۆشەویستیم و هەم توانای من لە وێنەدان.

 

"مانادارترین هەست ئەوەیە خەونەکانت بکێشیت"

سۆلین ئۆسێ ئاماژەی بەوەکرد کە پێنووس و تیانووسەکەی خەونەکانی دەردەخات و وتی: کاتێک ئیشێکت خۆشدەوێت، دەتوانیت هەموو ئامڕازەکان بەکاربێنیت، هەندێک جار تەنیا پێنووس و تیانووس دەدۆزمەوە بۆ وێنەکێشان، ئەمەش ئاسوودەم دەکات، چونکە دەتوانم خەونەکانم بکێشم، کە منداڵ بووم هەموو جارێک سەیری تەلەفیزیۆنم دەکرد، کە ژنان چێژیان لە سەمای بالێ وەردەگرت، دەمویست لەگەڵیان بڕۆم و وێنە بکێشم، بەڵام دەرفەت نەبوو، من دەمتوانی لە ڕێگەی وێنەکانەوە ئەو ژنانەی بالێ دەکەن تابلۆیان بکێشم، ئەمە خەونێک بوو باشترین شت کە بیکەیت ئەوەیە کە بتوانی خەونەکانت بکێشیت.

 

"وێنە و تابلۆکان زمانی هەموو هەستەکانن"

سۆلین ئۆسێ دروستکردنی تابلۆ و وێنەکێشانی خۆی بەم شێوەیە باسکرد و وتی: هەموو کەسێک بە شێوازێک خۆی دەردەبڕێت، وەک وێنەکێشێک هەستەکانم بە وێنەکێشان دەردەبڕم، بۆ نمونە چەندین جۆری وێنەکێشان هەیە و من زۆر حەزم لەو تابلۆیانەیە کە خۆتی پێدەردەبڕیت، من ئازادی بەو شێوەیە دەبینم کە تابلۆکان گوزارشتیان لێ دەکرێت، لەبەر ڕوونترین و خۆشترین هەست کە لەو تابلۆیانەدا دەبینرێت و تابلۆکان زمانی هەموو هەستەکانن، لە وڵاتی ئێمەدا شەڕ هەیە بۆیە لە وێنەکەمدا دۆخی شەڕ و دەرەنجامی جەنگ دەکێشم، بارودۆخی وڵات بە هەموو جیهان دەگەیەنم، وێنە زمانی هاوبەشە و هەموو تاوانەکان نیشان دەدات.

 

"ئارەزوو و خەونم لە زانکۆی ڕۆژئاوا بەدیهات"

سۆلین ئۆسێ ئاماژەی بەوەکرد کە توانیویەتی لە زانکۆی ڕۆژئاوا لە بواری وێنەکێشی هەنگاو بنێت و وتی: هەرچەندە هەست و توانای وێنەکێشانم هەیە، بەڵام لە ڕووی پسپۆڕییەوە بەس نەبوو من شارەزایی وێنەکێشانم لە زانکۆی ڕۆژئاوا وەرگرت، لەوێ فێری وێنە و تابلۆکێشان بووم، هەروەها، هەمیشه حەزم له وێنەکێشانی زەیتی بوو، لە زانکۆی ڕۆژئاوا ئەو حەزەم بەدیهات، من ٢٥ تابلۆی زەیتیم لە زانکۆی ڕۆژئاوا دروستکرد، لە زانکۆی ڕۆژئاوا زۆر گەشەم کردووەو ئەمڕۆ دەتوانم لە ڕێگەی تابلۆوە خەونەکانم دەرببڕم".

 

"پڕۆژەکەم ئەوەیە شارەکەمان بە ڕەنگەکان بڕازێنینەوە"

سۆلین ئۆسێ باسی لەوە کرد کە پڕۆژەی خۆی ئەوەیە کە هونەرەکەی بخاتە خزمەتی گەلەکەییەوە و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان چەندین دەرفەتی بۆ ژنان کردووەتەوە کە ئەمڕۆ بە دڵێکی ئارامەوە خەونەکانم لەسەر تابلۆکان دەکیشم، هیوا و ئارەزووم ئەوەیە کە هونەرەکەم بخەمە خزمەتی کۆمەڵگەکەمەوە، من چەندین پڕۆژەی داهاتووم هەیە، کە یەکێکیان ئەوەیە شارەکەم بە ڕەنگەکان بڕازێتەوە، ڕەنگ کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک هەیە.