دوو بەرهەم لەلایەن ژنە نووسەرێکەوە بۆ ئاگایی منداڵان بڵاوکرایەوە

فەوزیە ساڵح مەنمیی نووسەر، دوو بەرهەمی بۆ منداڵان و گەنجان نووسیوە و ئامانجییەتی لە گۆشەگیری و تۆڕی کۆمەڵایەتی دووریان بخاتەوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- یەکێتی نووسەرانی کورد لقی سلێمانی کۆڕی ناساندن و واژۆکردنی بۆ دوو پەرتوکی فەوزیە ساڵح مەنمی ڕێکخست و لەلایەن نووسەرانەوە خوێندنەوە بۆ دوو پەرتوکەکە کرا.

 

"ڕۆمانەکانم دەربارەی گەشەپێدانی مرۆین"

فەوزیە ساڵح مەنمی، نووسەری ڕۆمانە و لە بواری گەشەپێداندا دەنووسێت، ئامانجییەتی بە نووسینەکانی گەنجان و منداڵان هۆشیار بکاتەوە و کۆتا دوو بەرهەمیشی تایبەت کردووە بە تەمەنی خوار ١٢ ساڵ و سەروو ١٢ ساڵ، ئەو پێی وایە، لەو تەمەنەدا تاک هەستیارن و پێویستان بە ئاڕاستەکردنە بۆ ناو خودی خۆیان و لێگەڕین بۆ ژیانێکی ئازاد.

 

فەوزیە دەربارەی دوو دوو بەرهەمی ئاماژەی بەوەدا، کە لە قاڵبی ڕۆمانی ئێستا دەرچووە و هەنگاوێکی تازەی ناوە بۆ چوارچێوەی گەشەپێدانی خود، لە هەرسێ پەرتوکەکەیدا، بە ناوەکانی "بەرنامەکانی شەمێران، نهێنی ئەشکەوتی کونەبا و خودناسی"دا  گێڕەرەوە ژنێکە و پێگەی گێڕانەوەش پەرتوکخانەیە، بەمەش منداڵان ئاڕاستە دەکات ڕووبەکەنە پەرتوکخانەکان و پەرتوک بخوێننەوە.

 

ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕۆمانی "خودناسی"دا باس لە خۆناسی دەکات، چونکە تا تاک خۆی نەناسێت، ناتوانێت دەوروبەر و کەسانی دیکە بناسێت، لە ڕۆمانی دووەمیدا بە ناوی "نهێنی ئەشکەوتی کونەبا" باس لە ئاستەکانی ئاگایی دەکات، کە لە شەرمەزاریی تا ڕۆشنبیری ڕووندەکاتەوە و بۆ هەر ئاستێکیش چیرۆکێکی باس کردووە، بۆ ئەوەی منداڵ هۆشیاربێت دەربارەی ئاستەکانی.

 

"هەوڵم داوە بە جۆرێک بنووسم منداڵان بخەمە سەر پێی خۆیان"

فەوزیە ساڵح مەنمی دەڵێت: پەرتوکەکانم زانیارییەکانی پێویست بە منداڵانی تێدایە بۆ ئەو قۆناغەی تەمەنیان، تا منداڵان بتوانن لەسەر پێکانی خۆیان بوەستن، من نووسەری پەرتوکی منداڵانم، بەڵام لەسەر ئەم بەرهەمە تازانە ڕۆمانم نووسیوە، واتە نووسینەکانم بەرگی ڕەنگاوڕەنگیان پێوە دیار نییە و ئاساییە ئەگەر ڕەش و سپی بن، چونکە بۆ قۆناغێکم نووسیەوە منداڵ بتوانێت لێی تێبگات و بیر بکاتەوە و پرسیاری لا دروست ببێت.

 

بەرنامەکەی شەمێران، یەکێکی دیکەیە لە بەرهەمەکانی نووسەر و لە ساڵی ٢٠١٦ بڵاوی کردووەتەوە، ئەو ڕۆمانەی بەهۆی منداڵێکی خانەی نەوجەوانان نووسیوە، تا هەموو منداڵێک پشت بە خۆی ببەستێت و ئەرکیش بخاتە سەر خێزان و حکومەت کە پەروەردەیان بکات.

 

"خێزان و حکومەت دەبێت ڕۆڵیان هەبێت بۆ بە کلتوورکردنی خوێندنەوە لای منداڵان"

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو نووسەرە ڕوونیکردەوە، ڕاستە بۆ منداڵ دەنووسێت، بەڵام لەم بەرهەمە تازانەیدا بە شێوازێک بۆ گەنجان دەنووسێت، کە پرسیاری لا دروست ببێت لە کاتی خوێندنەوە و لە دوایشدا، دەشڵێت: ڕۆمانەکان دەتوانن لە تەمەنی ١٢ بۆ ١٨ ساڵی بیخوێنێتەوە، ڕۆمانی نهێنی ئەشکەوتی کونەبا تەواو باس لە منداڵی ئەم سەردەمە دەکات کە گیرۆدەی ئامێرە ئەلەکترۆنییەکانن و دابڕاون لە خێزان، تەنانەت گفتوگۆشیان لێسەندراوەتەوە، هەوڵم داوە منداڵ لەو ڕەوشەی دەربکەم.

 

دەربارەی پاڵنانی منداڵان بۆ دنیای خوێندنەوە، ئاماژەی بەوەکرد خێزان پاڵپشتی یەکەمن بۆ ئەوەی منداڵێک بتوانێت بخوێنێتەوە، کاتێک دایک و باوک دەست دەدەنە پەرتوکێک و دەیخوێننەوە، کاریگەری دەخەنە سەر منداڵەکانیان و وایان لێدەکەن دەست بکەن بە خوێندنەوە، فەوزیە مەنمی باس لە بەرهەمەکانی دەکات، کە تا ئێستا خاوەنی ٥٢ نامیلکەی چاپکراوە دەربارەی زانیاری گشتی، چەندین چیرۆکی وەرگێڕدراوی هەیە و خودی خۆشی لە بواری منداڵان و گەورەش چیرۆک و ڕۆمان دەنووسێت.

 

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەکرد، بەرهەمی تازەی لەڕێیە و جگە لەم بەرهەمانە بەرهەمێکی هەیە دەربارەی ئاستەکانی ئاگایی و تێکەڵکردنی بە ئەفسانە، ئەمەش دووبارە تایبەتە بە گەنجان، جگە لەوەش ڕۆمانێکی بۆ کەسانی گەورە ئامادەیە بۆ چاپ، داوا لە خێزانەکان دەکات خوێندنەوە بکەنە کولتوور لای منداڵەکانیان و حکومەتیش لە پەرتوکخانەی خوێندنگەکان کەسانی خوێنەر و چالاک دابنێت بۆ ئەوەی منداڵان بەرەو خوێندنەوە ڕابکێشێت.