پێشەنگای "ژن، ژیان، ئازادی" ئامانجی نیشاندانی ڕەنج و تێکۆشانی ژنانی کوردە

تەوار عادل و سارا نامۆ وەکو دوو ژنی باشووری کوردستان وێنەکانیان لە پێشانگای “ژن، ژیان. ئازادی، کارەکانی ژنانی کورد لە چاوی ژنە فۆتۆگرافەرە کوردەکانەوە" لە پۆڵەندا نمایش دەکرێت، بەشداربوویەکی پێشەنگاکەش دەڵێت: دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هەمووان کۆدەکاتەوە.

سلێمانی

 

لە ڕۆژی ١٢ـی تشرینی یەکەم، لە مۆزەخانەی ئاسیا و زەریای هێمن لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا پێشانگایەکی تایبەت بە ژیان و کاری ژنانی کورد بە ناونیشانی “ژن ژیان ئازادی، کارەکانی ژنانی کورد لە چاوی ژنە فۆتۆگرافەرە کوردەکانەوە"، کراوەتەوە و تا ڕۆژی ٢٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بەردەوام دەبێت.

 

پێشانگاکە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لەلایەن مۆزەخانەکەوە ئامادەکاریی بۆ دەکرێت، کە ئامانج لێی نیشاندانی دیوێکی جیاوازی ژنانی کوردە، دوور لەو وێنا نەریتییەکەی بۆیان دروستکراوە، کە بەردەوام وەک بەرکەوتەی توندوتیژیی خێزانیی و جەنگەکان نیشاندراون، بەڵام لەم پێشانگایەدا هەوڵدراوە سەرباریی ئەو کارەسات و ناخۆشییانەی بەسەریان هاتووە، توانا و لێهاتوویی و ژیاندۆستیی ژنانی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستانەوە دەربخەن.

 

لە ماڵپەڕی مۆزەخانەکەدا لەبارەی پێشانگاکەوە نووسراوە، "گومانی تێدا نییە ئەمە یەکەم پێشانگای فۆتۆگرافیی لەو جۆرەیە، کە لەیەک شوێن و یەک کاتدا توانا و بەرهەمی ژنانی کورد کۆبکرێتەوە، ئەمەش سنوورەکانی نێوان ژنانی کورد کاڵ دەکاتەوە".

 

لە پێشەنگاکەدا وێنەکانی تەوار عادل، ڕۆژنامەنووس و سارا نامۆ، فۆتۆگرافەری باشووری کوردستان نمایشکراوە، تەوار عادل، پێشکەشکاری بەرنامەی وەرزی ژنە لە کەناڵی ژن تیڤی و ئەو وێنانەی لە پێشەنگاکەدا نمایشکراوە، لە میانەی بەرنامەکانی کە لە گوندەکانەوە پێشەکشی دەکات، گیراوە و ئەرشیفی ژنان کۆدەکاتەوە، وەک خۆی دەڵێت: "ئامانج لە ئەرشیف کردنی ئەو وێنانە دەرخستنی ڕەنج و توانای ژنانی گوندەکانە، حەزم کرد توانای ژنانی کورد لە ڕێگەی وێنەکانمەوە پێشانی جیهان بدەم".

 

"پێشەنگاکە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی ماوە درێژدا کراوەتەوە"

بێریڤان مەتیار، چالاکوانی زمان و کولتووری کوردی لە باکووری کوردستانەوە بە وێنەی ژنان بەشداری پێشەنگاکەی کردووە و ئامانجی پێشەنگاکەی خستەڕوو، لە ژنانی چوار پارچەی کوردستان و دیاسپۆڕا بەشدارییان تیادا کردووە، تا نیشانی بدەن کە ژنانی کورد، جگە لە کاری ڕۆژانە و جیاواز لەوەی ژنانی کورد، وەک گەریلا و پارێزوانی کوردستان لە جیهاندا ناسراون، لە بواری پارێزەری، دووگۆڵی، سیاسی و ئابووری و لایەنەکانی دیکەشدا بەشدارییان هەیە، هەروەها پێشەنگاکە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی ماوە درێژدایە کە چەندین چالاکی بۆ ناساندنی ژیان و خەباتی ژنان کورد بەڕێوە دەچێت.

 

بێریڤان مەتیار ماوەی چەندین ساڵە لە باکووری کوردستان خەباتی پاراستنی زمان و کولتووری کوردی و ئەرشیف کردنیان بەڕێوە دەبات، ئەو کۆبوونەوانەی بێریڤان لەگەڵ ژنان لە شوێنە و بە کارە جیاوازەکان سازی دەکات، وێنەیان دەگرێت و یەکێک لەو وێنانەی لە پێشەنگاکەدا بەشداری پێکردووە، وێنەی گروپێک لە ژنانی دەنگبێژن، کە لەگەڵیاندا کاری کردووە.

 

هەروەها باسی لەو کەسانە کرد کە سەردانی پێشەنگاکە دەکەن و وێنەی ژنانی کورد دەبینن، کە چەندە قارەمانن و وتی: ئەو کەسانەی سەردانییان دەکەن، هەستیار بوون، ئێمە پانێڵیکیشمان ساز کرد، تیایدا پرسیاری جیاوازیان دەکرد، ڕەنگینی و جیاوازی و چالاکی ژنانی کوردستان دەبینی و سەرنج ڕاکێش بوو بۆیان.

 

ئەو چالاکوانە باسی لە زمان و کولتووری کوردی کرد، کە بنچینەی زمان و نەتەوەکانی جیهانە و تەنها بە میزۆپۆتامیاوە گرێدراو نییە و میراسی تەنها گەلی کورد نییە، وتیشی: "ئێمە بەشێکی جیهانین و زمان و کولتوورمان بە جیهانەوە گرێدراوە، بۆیە پاراستن و هەبوونی ئەو زمان و کولتوورە دەبێتە ئەرکی جیهانیش و دەوڵەمەندی کولتوور و زمانمان، دەوڵەمەندی جیهانە، بۆیە پێشەنگای لەم شێوەیە ڕاستینەی ئەم بابەتە نیشان دەدات و ڕۆڵ و کاریگەری زمان و کولتووری جیهان لەسەر یەکدی دەخاتە ڕوو".

 

پێشەنگاکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کراوەتەوە، بێریڤان مەتیار باس لە کاریگەری بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەکات کە کاریگەری لەسەر ژنانی کورد و ژنانی جیهان کردووە و وتی: لە دوای ژینا ئەمینی، "ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن جیهانەوە وترایەوە و پارادیگمایەکە بۆ ژنانی جیهان کە ژیانێکی نوێی بۆ ژنان دەوێت، کاتێک هەموو ژنانی جیهان هاتنە لای یەک و بە ڕێکخستن بوون، ئێمە زیاتر دەتوانی دەنگ و ئامانجی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزتر بکەینەوە، بەو شێوەیەش ژیانێکی نوێ بەبێ ئەقڵیەتی باوکسالاری بۆ ژنانی ئازادی جیهان بنیاد بنێت.