تاوەکو ئێستا هۆڵێکی گونجاو بۆ نمایشکردنی فلیم و شانۆ لە هەڵەبجە نییە

هەڵەبجە چاوەڕێی بڕیاری پەرلەمانی عێراقە تا بە فەرمی ببێتە چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان و ١٩ەمین پارێزگای عێراق، بەڵام تا ئێستا هۆڵێکی گونجاوی بۆ نمایشکردنی فلیم و شانۆ  نییە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- لە ماوەی هەفتەیەکدا دوو فلیمی سینەمایی بە ناوەکانی "ئەلکلاسیکۆ و ئالودە" لەلایەن ڕۆشنبیران و هونەر دۆستانەوە لە شاری هەڵەبجە نمایشکرا، هاوڵاتیان بە گەرمییەوە پێشوازییان لە فیلمەکان کرد و خوازیار بوون کە هونەر و کولتوور بە شارەکەیان ئاشت بکرێتەوە، بەڵام نەبوونی هۆڵێکی گونجاو بۆ نمایشکردنی هونەر و شانۆ و فیلم، کاری هونەر دۆستان  قورس دەکات.

 

ڤانیا سالار، ئەکتەری فیلمی ئالودەیە وخۆشحاڵە هاتووەتە شاری هەڵەبجە و لە نزیکەوە بینەر دەبینێت، ڤانیا هیوادارە ژنان بەشداری زیاتریان هەبێت بۆ بینینی فیلمەکان.

 

"نەبوونی هۆڵی شیاو نەبووەتە ڕێگر لە پیشاندانی فلیم"

چیا قاسم وەک بینەریک دەستخۆشی لە لایەنە هونەرییەکان دەکات، کە بەردەوام هەوڵ دەدەن کارە هونەرییەکان بهێننە هەڵەبجە، سەرەڕای ئەوەی هۆڵێکی شیاویش نییە، وتیشی: هەبوونی هۆڵێکی گونجاو کار ئاسانییە بۆ ئەو کەسانەی خوازیاری سینەمان، لە بری ئەوەی بچنە شارەکانی دیکە، دێنە هەڵەبجە و جموجۆڵی هونەرییان دروستکردووە.

 

"بە دڵخۆشیەوە ڕوو لە سینەماکان دەکەین"

ڕوخسار ڕەحمەت یەکێکە لە بینەرەکان و دەڵێت: من وەک بینەر پێم خۆشە هەڵەبجە بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە، شانازیە بۆ هەڵەبجە هەنگاوی گەورەی ناوە و بینەری دراماو سینەمامان زیاتر بووە.

 

ئەگەرچی هەڵەبجە لە چاوەڕوانی ئەوەدایە پەرلەمانی عێراق دانی پیادا بنێت کە ببێتە چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستان و ١٩یەم پارێزگای عێراق، بەڵام تا ئێستا هۆڵێکی شیاوی بۆ هونەر و شانۆ و فیلم نییە، سەرباری ئەوەش وەک ڕوخسار ڕەحمەت ئاماژەی پێدا، خراپی هۆڵ کاریگەری نەبووە لەسەر بینەر، بەڵکو بینەر بە تامەزرۆییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ لە نمایشەکان زیاتر ئامادە دەبن.