نیشتمان: ستەمە ئەگەر وزەی ناو ناخت بشاریتەوە

نیشتیمان لە پۆلی ٣ی ناوەندیدا یەکەم هۆنراوەی نووسیوە و لە دوو دیواندا بڵاوی کردووەتەوە، هەموو جۆرە هۆنراوەیەک لە دیوانەکانیدا بەدی دەکرێت، و هۆنراوەکانی دەرخەری دۆخ و ناخی ساتیی خۆیەتی.

شنیار بایز

 

سلێمانی- نیشتیمان عبدولقادر، لە ساڵی ١٩٦٧ لە گەڕەکی چوارباخی شاری سلێمانی لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتای، ناوەندی و ئامادەیی لە شاری سلێمانی تەواو کردووە، دواتر لە بەشی فەلسەفەی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە، هەر لەوێش لە ساڵی ١٩٨٩ زانکۆی تەواو کردووە، دەربارەی خوێندن لە بەشی فەلسەفە دەڵێت: "هەڵبژاردنی خوێندن لە بەشی فەلسەفە هەڵبژاردنی خۆم بوو، چونکە لە ناوەندییەوە خولیای خوێندنەوە بووم و دەستم کرد بە خوێندنەوەی کتێبی دەرەوەی خوێندن، لە ناوەندیشدا دەستم کرد بە خوێندەوەی کتێبی فەلسەفی".

 

لە دەستپێکی خوێندنەوەیدا بەهۆی تەمەنکەیەوە زیاتر هۆنراوە و بابەتی چیرۆک و کورتی دەخوێندەوە، بەڵام وردە وردە بەهۆی بەردەوامی لە خوێندنەوە، هەموو جۆرە کتێبێکی دەخوێندەوە بەتایبەت کتێبی فەلسەفی، زانستی دەروونی و ئەدەبی.

 

"خێزانەکەیان بە جۆرێک پاڵپشتیان دەکرد کتێبخانەیان لە ماڵەوە بۆ ئامادەکرد"

لەو سەردەمەی تیایدا نیشتیمان خوێندکار بووە و کتێبی خوێندووەتەوە زۆرینەی کچان و ژنان ڕێگریان لێکراوە بۆ خوێندن و فێربوون، بەڵام خێزانەکەی نیشتیمان بەردەوام پاڵپشتی نیشتیمان بوون، تەنانەت خێزانەکەی جگە لە خەرجی ڕۆژانەی، پێداویستی تەواویان بۆ دابین کردووە بۆ ئەوەی کتێب بکڕێت و بیخوێنێتەوە و لە ڕووی فکرییەوە خۆی بەرەوپێش ببات، بە جۆرێک هانیان دەدا کتێبخانەیان لە ماڵەوە بۆ دانابوو.

 

باسی لەوەکرد، هاوڕێی هەبووە لە زانکۆ کاتێک کتێبەکانی خۆی پێداوە بۆ ئەوەی بیخوێنێتەوە و خۆی بناسێت وەک ژنێک، وتویەتی لە ماڵەکەی خۆماندا دەیشارمەوە، چونکە هیچ کام لە ئەندامانی خێزانەکەم ڕێگە نادەن بخوێنمەوە ئەگەریش کتێبم پێ ببینن توڕە ئەبن لێم.

 

"هیچ کار و بەربەستێک نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم خوێندنەوەمدا"

خوێندنەوەی جۆر و ئاستی کتێبەکان لە ژیانی نیشتیمان ساڵ بە ساڵ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بە پێی تەمەنی و ئاستی تێگەیشتنی لە کتێبەکان، وردە وردە کتێبی قورستر و فکریتری خوێندووەتەوە، بەتایبەت خوێندنی بەشی فەلسەفە کاری کردووەتە سەر فکری نیشتیمان، وایلێکردووە دەست بەرێت بۆ خوێندندوەی هەموو جۆرە کتێبێک، تا وای لێهات ساڵانە لە پشانگای کتێب لە بەغداد ژمارەیەک کتێبی جیاوازی دەکڕی.

 

نیشتیمان لە پاش تەواوبوونی زانکۆ چەندین پیشەی جیاوازی تاقیکردووەتەوە وەک 'مامۆستا، فەرمانبەر، کارکردن لە ڕێکخراوەکان و کۆمپانیا جیاوازەکان" بەڵام هیچ کام لەمانە نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم ئەوەی بخوێنێتەوە و کار لەوە بکات دوور بکەوێتەوە لە خوێندن.

 

هێندە خولیای خوێندنەوەیە ئەوەندە خولیای نووسین نەبووە

نیشتیمان ماوەی سێ ساڵە بە فەرمی دەستی کردووە بە نووسین، بەڵام لە تەمەنی گەنجییەوە و لە قۆناغی ناوەندیدا هونراوەی نووسیوە یاخود پەخشانی دەنووسی، ئەوەندەی خولیای خوێندنەوە بووە ئەوەندە خولیای نووسین نەبووە، لەو تەمەنەدا کەسێکی وا نەبووە هانی بدات بنووسێت و بڵاوی بکاتەوە، بۆیە هیچ کات بیری لەوە نەکردووەتەوە بەرهەمی خۆی هەبێت و بڵاوی بکاتەوە، بەڵام لەگەڵ قوڵبوونەوەی لە خوێندن لەم ساڵانەی دواتر دەستی کرد بە نووسین و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی.

 

لە نووسیندا هیچ کات نیشتیمان خۆی تایبەت نەکردووە بە نووسینی هونراوەیەک، بەڵکو بە پێی دۆخی خۆی هونراوەی نووسیوە، لە چ دۆخێکدا بوبێت بە پێی ئەو دۆخە و بۆ ئەوکاتە هۆنراوەی نووسیوە، دەشڵێت: کات هەڵنابژێرم بۆ نووسین، چونکە نووسین کاتی نییە، زۆر کات لە کاتی یۆگا کردندا یاخود پێش نووستن شتێک یەت بە مێشکمدا و ئەینووسیم بەڵام زۆرینەی کات لە کاتی بەیانیاندا دەنووسم".

 

"خێزان و هاوڕێکانی پاڵپشتیان کردووە بۆ بڵاوکردنەوەی دیوانەکانی"

دەربارەی دوو دیوانەکەی نیشتیمان ڕوونیکردەوە، دیوانێکیانی بە ناوی خۆیەوەیەتی 'دیوانی نیشتیمان' کۆکراوەی دوو ساڵ لە هۆنراوەکانیەتی، هەموو جۆرە هونراوەیەکی تێدایە لە هۆنراوەی تایبەت بە ژنان، خۆشەویستی، عیرفانی و فەلسەفی، کۆی هونراوەکانیشی ١٨٧ دەقی چاپکراوە لە ساڵی ٢٠٢٢دا بڵاوی کردووەتەوە، دیوانی 'پروشەی پەپولە پەیام' دووەم دیوانە و سەرجەمیان کورتیلە هۆنراوەن و بە نەفەسی چوارینەوە نووسراون، بەڵام چوارینە نین و هۆنراوەی ئازادن، لەو بارەیەوە دەڵێت: ئەم دیوانەم بە سەبەتەیەک لە میوە لێی دەڕوانم، چونکە پڕە لە بەرهەمی جیاواز.

 

هاوڕێکانی و خێزانەکەی تەواو پشتگیریان کردووە لە چاپکردنی بەرهەمەکانی بەڵام دواتر خودی خۆی هەوڵی داوە بۆ چاپکردنی، ئاماژەی بەوەدا هەر ژنێک وزەیەک لە ناخیدایە پێویستە دەری بخات، چونکە زوڵم لە خۆی دەکات، ئەگەر ئەو وزەیە کپ بکاتەوە، پێویستە خۆی بدۆزێتەوە لە بواری ژیانیدا، بەتایبەت ژنان کە مێژووی چەندین ساڵەیان هەیە و ئەگەر هەوڵی بەرەوپێشچوون بدات بێگوومان زیاتر و زیاتر پێشدەکەوێت.

 

"پلانم هەیە دیوانی جیاواز بڵاوبکەمەوە"

دەربارەی پلانی داهاتووی، نیشتیمان عەبدولقادر ڕوونیکردەوە، بە پلان کار ناکات بەڵکو بە سروشتی خۆی دەنووسێت و بەرهەم بڵاودەکاتەوە، لەو کاتەی کە هۆنراوەیەک دەنووسێت بە پێی دۆخی ئەکاتەی بڕیار دەدات بۆ بڵاوبوونەوەی یاخود نا، نیشتمان سێ هۆنراوەی هەیە تایبەت بە شۆڕشی ژینا ئەمینی نووسیویەتی، ئەم هۆنراوانەی بۆ خۆشی خۆی نەنووسیوە و لە ئەنجامی ڕوودانی ڕووداوێک یاخود کاریگەربوون بە کەسایەتییەک نووسیویەتی، بۆیە بە نیازە لە داهاتوودا بیانکاتە دیوانێکی تایبەت.

 

هەورەها کۆمەڵێک کورتیلە هونراوە و هۆنراوەی عیرفانی دیکەی هەن، لە پلانیدایە لە داهاتوودا بیانکاتە دیوانێکی دیکە.