ئامینەی حەمامچی زیاتر لە ٣٣ ساڵە کولتوور و تەلارسازی سلێمانی پاراستووە

بەهۆی سەردەمی نوێیە ناوچە کولتووری و شوێنەوارەکان بەرەو لەناوچوون دەچن، بەڵام ئامینەی حەمامچی چەندین ساڵە خزمەتی حەمامی موفتی دەکات و دەڵێت: تا من مابم ناهێڵم لەناوبچێت.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- شاری سلێمانی چەندین شوێنەواری کەلەپووری و مێژوویی لەخۆگرتووە، کە گرێدراوی کولتوور و دابونەریتی شارەکەیە و تایبەتمەندی ژیانی ساڵانی سەرەتای دروستبوونی شاری سلێمانی هەڵگرتووە، سەرباری ئەوەی پشتگوێخراوە لەلایەن دەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدارەوە، بەڵام ژنان بە تەنها ئەرکی پارێزگاریکردنیان گرتووەتە ئەستۆ و بە خۆشەویستییەوە هەوڵی مانەوەی دەدەن.

 

حەمامی موفتی لەگەڵ دروستبوونی شاری سلێمانی لە ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن بنەماڵەی بابانییەکانەوە دروستکراوە، تەنها حەمامە کە بە شێوازی کەلەپووری و مێژووی خۆی ماوەتەوە، دیوارەکانی بە بەردی مەڵکەندی و ناوەوەی حەمامەکەش هەمووی لە قسڵ و قوڕ و خشتی سوور دروستکراوە و مێژووی چەندەها ساڵەی شاری سلێمانی لەخۆگرتووە.

 

ئامینە محەمەد، تەمەنی ٥٤ ساڵە و لە ساڵی ١٩٨٩ەوە دانیشتووی شاری سلێمانییە و ماوەی ٣٣ ساڵە کاری حەمامچی دەکات و لە دوای دەستدانی هاوژینەکەی، زیاتر لە ١٥ ساڵە کاری تونچی ناو حەمامەکەشی گرتووەتە ئەستۆی.

 

"گرانبوونی نرخی سووتەمەنی کاری ئامینەی حەمامچی سەخت کردووە "

ئامینە محەمەد، ڕۆژانە کاتێک دەچێت بۆ حەمام سەرەتا وەک تونچی دەستدەکات بە ئاگرکردنەوە و تونەکە گەرمدەکات، تا ٨ی شەو ئاگرەکە ناکوژێتەوە و سەرەڕای سەختی کارەکە، سەرجەم کارەکانی خۆی ئەنجامی دەدات، کاتێک ئاگرەکە دەکاتەوە هەرچەند کاتژمێر جارێک سەیری ئاگرەکە دەکات و کاری پاککردنەوەی بۆرییەکان ئەنجامدەدات، لە ئێستاشدا گرانبوونی نرخی گاز پەیداکردنی بژێوی ژیان و کارەکەی، ئەرکی ئامینەی حەمامچی قورسترکردووە.

 

ئامینە محەمەد وەک حەمامچی لە حەمامی موفتی لە شەقامی سابونکەرانی شاری سلێمانی، ڕۆژانە پێشوازی لەو کەسانە دەکات کە بە مەبەستی خۆشۆردن ڕوو لە حەمامەکەی دەکەن و مۆبایل و کەلوپەلەکانی دیکەیان لێوەردەگرێت و کاتێکیش دێنە دەرەوە پیرۆزباییان لێدەکات و پارەیان لێوەردەگرێت.

 

لە حەمامی موفتی ئامینە محەمەد لەگەڵ ڕێزانی هاوکاری بە ڕێگای کوردەواری چارەسەری بەشێک لە نەخۆشییەکانی ژنانیش دەکەن، وەک خۆی دەڵێت: زۆرجار ژنان کە سەردانی حەمامەکە دەکەن دەڵێن کە گرژبوونی ماسولکەکان-تەشەنوج یان ئازاریان هەیە و ئێمەش بە "خەنە، خوێ، زەنجەفیل و زەیتی زەیتون" دەیانشێلین و زۆر سودی لێدەبینن.

 

"کولتووری خۆشۆردن لە حەمامی دەرەوە کەمبووەتەوە "

ئامینەی حەمامچی باسی لە کارەکەی کرد لە نێوان ئێستا و ساڵانی ڕابردوو و وتی: ساڵانی ڕابردوو ئیشکردن خۆشتربوو، چونکە خواستی خەڵکی لەسەر حەمامی دەرەوە زیاتر بوو، بەڵام ئێستا یەک ساڵ خەڵک بێن هێشتا ناگاتە دوو ڕۆژی ئەو کاتانە کە خەڵک دەهاتنە حەمام، هەرچەندە ئێستاش ژنانی بەتەمەنی ئەوکاتە زیاتر خواستیان لەسەر حەمامی دەرەوە هەیە و هەر سەردان دەکەن.

 

ئامینە باس لە دابونەریت و کولتووری ئەو ساڵانە دەکات کە بەشێک لە خەڵک بوکیان دەهێنا بۆ حەمام لەگەڵ چەند ئەندامێکی خێزانەکەیان و دەیانشۆرد، هەروەها ژنان پاش ٤٠ ڕۆژ لە منداڵبوون لەگەڵ منداڵە ساواکەی دەهاتنە حەمام خۆیان دەشۆرد و چلەیان دەردەکرد، دەشڵێت: هۆکاری کەمبوونەوەی خواستی خەڵكی لەسەر حەمامی دەرەوە و لەناوچوونی هەندێک دابونەریت ئەوەیە کە،  ئێستا کاتێک خانوو دروستدەکرێت هەر ماڵە و حەمامی خۆی هەیە، ساڵان چەند ماڵێک بەیەکەوە دەژیان و یەک حەمامیان هەبوو، بۆیە زیاتر دەهاتنە حەمامی دەرەوە.

 

ئامینەی حەمامچی باسی لەوەشکرد گرنگە کە خەڵکیش ئێستا سەردانی حەمامی دەرەوە بکەن، دراوسێ کەسوکار و هاوڕێ بەیەکەوە وەک گروپ کۆدەبنەوە و لە حەمامی دەرەوە بەیەکەوە خۆیان دەشۆن و کات بەسەردەبەن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان وەک ساڵانی ڕابردوو بەهێز دەبێت.

 

لە وەرزی هاویندا کاتێک خۆشۆر کەمدەکات، ئامینە محەمەد خۆی لفکە دروستدەکات و دواتر دەیفرۆشێتەوە بە کڕیارەکان، وتیشی: زۆر گرنگە ژنان کاربکەن و بژێوی ژیانی خۆیان پەیدا بکەن، شانازی بە کارکردنمەوە دەکەم، چونکە پشتم بە خۆم بەستووە و پێویستیم بە هیچ کەسێک نیە خۆم بژێوی ژیانی خۆم سەربەرزانە پەیدا دەکەم.

 

ژنان هەوڵی پاراستنی شوێنە کەلەپوورییە تەلارسازییەکانی شاری سلێمانی دەدەن

ئامینە باسی لەوەکرد هەموو هەوڵێکی بۆ پاراستنی حەمامی موفتی داوە تاوەکو بمێنێتەوە وەک شوێنێکی مێژووی و کەلەپووری شاری سلێمانی،" ئەم حەمامە بەدەست منەوەیە هەتا بتوانم هەوڵی پاراستنی دەدەم، چونکە ئێمە کوردین و هەوڵی پاراستنی کولتووری کوردی دەدەین، خەڵکی شارەکەش زۆریان حەز لێیە و داواکارم هەموو تاکێک هەست بەو بەرپرسیارێتییە بکات."

 

ئامینە لەگەڵ کاری حەمامەکەیدا خواردنە کۆنە کوردەوارییەکانیش دروست دەکات، وەک "شێلم بە ترش و ترخێنە" و دەیهێنێت بۆ حەمامەکە، ژنان لێی دەکڕن و لێشی دەخۆن.

 

ئامینە ئاماژەی بەوەشدا بۆ ئەو حەمامی موفتی گرنگیەکی زۆری هەیە و یەک کاتژمێر بە بێ ئەو حەمامە ناتوانێت بژی، سەرباری ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار هیچ هاوکاری و پاڵپشتیەکی ناکەن بۆ  پاراستن و نۆژەنکردنەوەی ئەو حەمامە، بەڵام تەواوی بەرپرسیارییەتییەکەی بەتەنها گرتووەتە ئەستۆی خۆی.