دەستەی ڕۆشنبیری ئەنجومەنی بەرلین بۆ جاری دووەم نووسەرێکی کورد خەڵات دەکات

یەڵدز چاکار بە ڕۆمانی "خەیاڵ فرۆش" بووە براوەی خەڵاتی دەستەی هەڵسەنگاندنی ڕۆشنبیری ئەنجومەنی بەرلین، ئەمەش دووەم خەڵاتی دەستەکەیە پێی ببەخشرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دەستەی هەڵسەنگاندنی ڕۆشنبیری ئەنجومەنی بەرلین، کە لە حەوت کەس پێکهاتوون، ساڵانە خەڵاتی نووسەرە نیودەوڵەتییەکان دەکەن بۆ بەرهەمەکانیان، بۆ ئەمساڵی ٢٠٢٣، دەستەکە لە نێوان ١٩٤ نووسەردا، یەڵدز چاکار، نووسەری کوردی خەڵکی باکووری کوردستانی هەڵبژارد، تا خەڵاتی ئەمساڵی پێببەخشرێت.

 

ڕۆمانە نوێیەکەی یەڵدز چاکار، بە ناوی "خەیاڵ فرۆش" بووە براوەی خەڵاتەکەی دەستەی هەڵسەنگاندنی ڕۆشنبیری ئەنجومەنی بەرلین، ئەمەش دووەم خەڵاتە و خەڵاتی یەکەمی هەمان دەستەی ساڵی ٢٠٢٠ بە ڕۆمانی "هەنگەر فونف" پێبەخشرا.

 

یەڵدز چاکار کێیە؟

یەڵدز چاکار لە ساڵی ١٩٧٨ لە شاری ئامەد لەدایکبووە، لە تەمەنێکی گەنجیدا وەک ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری ڕۆژنامە کوردی و تورکییەکان کاری کردووە، شیعرەکانی کە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩-٢٠٠٣ لە ڕۆژنامەی ئازادی وڵات و گۆڤاری ژیانی ڕەوشەن بڵاوکراونەتەوە.

 

یەڵدز لە ساڵی ٢٠٠٤ کۆی شیعرەکانی بە ناوی "گۆڕیستانی ئەستێرەکان" بڵاوکردەوە، یەکێکە لە ئەندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵەی نووسەرانی کورد و پێش داخستنی کۆمەڵەکەش، سەرۆکی کۆمەڵەکە بووە. تا ئێستا حەوت کتێبی بڵاوکردووەتەوە کە شەشیان ئەدەبییە.

 

زۆرێک لە شیعر و شانۆنامە و چیرۆکەکانی یەڵدز چاکار وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی تورکی، عەرەبی، ئەڵمانی و ئینگلیزی و هەتا ئێستاش چاپ و بڵاودەکرێنەوە.