هەڵەبجە، بە دروشمی با جیهان پرتەقاڵی بکەین پێکەوە شانۆییەک نمایش کرا

لە شاری هەڵەبجە لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان شانۆیی "ڕەش و سپی" نمایشکرا.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری شاری هەڵەبجە، گروپی کاری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی بە ئامادەبوونی ڕێکراوەکانی ژنان و بە دروشمی "با جیهان پرتەقاڵی بکەین پێکەوە" چالاکییەک لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەچوو.

 

لە چالاکییەکەدا شانۆیی ڕەش و سپی، لە دەرهێنانی ڕۆژە حەسەن، نمایشکردنی هەریەک لە ئەکتەران کەنار سەرچل، ڕاژان ڕزگار و تیشوو نامیق نمایشکرا، کە باسی لە شێوازەکانی توندوتیژی دەکرد بەرامبەر بە ژنان.

 

ڕۆژە حەسەن، دەرهێنەر لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ نوژنها ئاماژەی بە شانۆگەرییەکە کرد و وتی: ئامانجمانە لەم شانۆگەرییە ئەوەیە بتوانین لەناو شەقام و کۆڵانەکاندا پەیوەندییەکان دروستبکەین و وابکەین ژنان چیرۆکە سەرکەوتووەکانی ژنان نمایش بکەین، پەیامی ئێمە ئەوەیە بەشی ژنان ئازاردان نەبێت، بەڵکو دەبێت توانای ژن بخەینە ڕوو.

 

ئەو دەرهێنەرە باسی لەوەشکرد بڕیارە شانۆییەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە شاری سلێمانی و ناوچەکانی دیکە نمایش بکرێت.

 

لە کۆتایی نمایشەکەشدا ئامادەبووان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان وتەوە.