خەڵاتەکانی "هەتاوی زێڕین"ی دووهەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ بەخشرا

خەڵاتی "هەتاوی زێڕین"ی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" لە وڵاتی ڕووسیا بە براوەکانی بەشە جۆراوجۆرە پێشبڕکێی بەخشرا.

ناوەندی هەواڵ

 

مەڕاسیمی کۆتاییهاتنی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" MKFF  بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری فێستیڤاڵ گولیزەر گەردەن زەر، بەشداربووان و ئەندامانی لیژنەی دادوەری، لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی ڕووسیا بەڕێوەچوو و خەڵاتی "هەتاوی زێڕین" بەسەر براوەکانی بەشە جۆراوجۆرە پێشبڕکییەکان دابەش کرا.

 

لە فێستیڤالەکەدا ٣٠ فیلمی کورد و درێژ بەشداربوون، کە زۆربەی فیلمە بەشداربووەکان لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم لە ئەوروپا و ئاسیا بەشدارییان کردووە و خەڵاتی گرنگیشیان بەدەستهێناوە، خەڵاتی "هەتاوی زێڕین"ی فێستیڤاڵەکەش بەخشرایە هەریەک لە، باشترین فیلمی درێژی سینەمایی، باشترین بەڵگەفیلمی درێژ، باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی و هەروەها باشترین بەڵگەفیلمی کورت.

 

خەڵاتی "هەتاوی زێڕین"ی باشترین فیلمی درێژی سینەمایی و بڕی ١٠٠٠ دۆلار بەخشرایە فیلمی سینەمایی "دراوسێکان- Neighbors" لە دەرهێنانی مانۆ خەلیل، سینەماکاری ڕۆژئاوای کورستان و دانیشتووی وڵاتی سویسڕا پێشکەش کرد.

 

خەڵاتی "هەتاوی زێڕین" و بڕی ١٠٠٠ دۆلار بەخشرایە بەڵگەفیلمی درێژی "نانی پیرۆز-Holy Bread کە دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد رەحیم زەبیحییە، لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد تورەج ئەسڵانی.

 

خەڵاتی هەتاوی زێڕین" و بڕی پارەی ٥٠٠ دولاریان بە کورتە فیلمی چیرۆکی "ئەویدی-The Other لە دەرهێنانی هاوبەشی سامان حوسێن پوور و ئاکۆ زەندکەریمی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەخشرا.

 

هەروەها خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانیش بە کورتە فیلمی چیرۆکی "ئیدۆ-Ido لە دەرهێنانی سامان مستەفا لە هەرێمی کوردستان بەخشرا.

 

خەڵاتی "هەتاوی زێڕین" و بڕی پارەی ٥٠٠ دۆلاریان بە کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری "حەوت سەمفۆنیای زاگرۆس- Seven Symphonies of Zagros لە دەرهێنانی پەرویز ڕۆستەمی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەخشرا.

 

دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" بە بەرپرسیارێتی گولیزەر گەردەن زەری، بە جێبەجێکاری زینا برۆیان، بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ و مێژووی کوردەکان و ژیانی مۆدێرنی ئەم نەتەوەیە، بە پشتیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە نمایشی ٥٤ فیلمی درێژی سینەمایی، بەڵگەفیلم و کورتە فیلم لە سینەماکارانی ٨ وڵاتی جیهان و هەروەها بە پشتیوانی کارۆ ئاڕت لە هۆڵەکانی ناوەندی سینەمایی "ئۆکتیابر" لە شاری مۆسکۆ و لە سینەما KARO 11 Ohta لە شاری سەن پتێرزبوورگ لە وڵاتی ڕووسیا بەڕێوەچوو.