ژاڵە بەکر: نەوەستان لە هەوڵدان دەتگەیەنێت بە ئامانجەکەت

یەکێک لە بەشداربووانی پێشانگای نێودەوڵەتی و پێشبڕکێی هونەری هاوچەرخ لە وڵاتی ڕووسیا، داوا لە ژنان دەکات لە هەوڵدان نەوەستن بۆ گەیشتن بە خولیاکانیان، ئەو شێوەکارە زۆرینەی وێنەکانی باس لە ئازارەکانی ژن دەکات، چونکە پێیوایە زیاتر لە ئازارەکانی ژنان تێدەگات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- گەنجێک هەموو کاتەکانی ژیانی بۆ هونەرەکەی دابینکردووە، لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکەی، ئەمەش وایکردووە بتوانێت لە هونەرەکەیدا سەرکەوتووبێت و بگات بە بەشێک لە ئامانجەکانی ژیانی.

 

خولیای بۆ هونەر و ڕۆیشتن بە شوێن ئامانجەکەیدا گەیاندییە بەشداریکردن لە حەوتەمین پێشانگای نێودەوڵەتی و پێشبڕکێی هونەری هاوچەرخ، لە شاری سانت پترسبۆرگ لە ڕووسیا، کە تەڤگەری ژنانی کوردی ڕووسیا و نوێنەرانی بەڕێوەبەری خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا پشتیوانییان لەم هەفتە هونەرییە کرد و هونەرمەندانی کوردیان بەشداری پێشەنگا نێودەوڵەتییەکە کرد، ئەو شێوەکارە گەنجەش بە تابلۆی "کۆچ" ئاستی سێهەمی وێنەی شێوەکاری بەدەستهێنا.
 

ژینگەیەکی هونەری بووە هۆکار بۆ بەرەوپێشچوونی ژاڵە لە بواری هونەریدا

ژاڵە بەکر، ٣٢ ساڵە و لەدایکبوونی شاری سلێمانییە، دەرچووی بەشی ژمێریارییە لە پەیمانگای بەریتانی، لە باسکردنی ژیانیدا و گەیشتن بەو ئاستەی ئێستای کە توانیویەتی ببێت بە یەکێک لە وێنەکێشە سەرکەوتووەکان بە نوژنها دوا:

 

"لە منداڵییەوە خولیای وێنەکێشانم هەبووە، دەمویست تیایدا سەرکەوتووبم، بەتایبەت کە براکەشم وێنەکێش بوو، وایکرد من زیاتر خولیای وێنەکێشان ببم، خۆشەویستی هونەری لە ناخمدا چاند، دواتر لە قۆناغی ناوەندی خوێندندا مامۆستای هونەرم بووە هۆکارێکی دیکە کە زیاتر گرنگی بە هونەر و وێنەکێشان بدەم، وێنەکانم لە ئاستێکدابوون مامۆستاکانم سەرسام بوون پێی، بەمەش ڕۆژانە وێنە دەکێشم و هەر شتێک ببینم وێنەی دەکەم".

 

ژاڵە هێندە هۆگری وێنەکێشان ببوو خولیاکانی کاریکردبووە سەر خوێندنەکەی بە جۆرێک نەتوانێت لە خوێندنگە ئەرکی ڕۆژانەی جێبەجێبکات، بۆیە بڕیاریدا خوێندنگەکەی بگۆڕێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە پاڵ وێنەکێشانەکەی کەمێک گرنگی بە خوێندنەکەشی بدات، بەڵام ژاڵە پێیوایە هەرچەند مرۆڤ لە خولیاکانی دووربکەوێتەوە ناتوانێت بۆ هەمیشە پشتگوێی بخات و چیتر نەچێتەوە سەر ئامانجەکانی، چونکە خولیای کەسێک بەشێکە لە فکر و جەستەی ئەو کەسە هەمیشە لە نەبوونیدا هەست بە کەمی دەکەیت.

 

بۆ هەمیشە نەیتوانی دەستبەرداری هونەرەکەی ببێت

ژاڵە ئاماژەی بەوەدا، هەرچەند خۆی دوورخستەوە لە وێنەکێشان بەڵام هەمیشە وێنەی جیاواز کە نەیدەتوانی بە نووسین و وتن دەریان ببڕێت دەهاتن بە هزریدا، هەرچەندە درێژەی بە خوێندنەکەی دا و گەیشتە کۆلێژێکی دیبلۆماسی و پەیوەندییە گشتییەکان لە زانکۆ و کاری ڕۆژنامەنووسی دەکرد، بەڵام دەستبەردار نەبوو، دووبارە لەو قۆناغەی ژیانیدا دەستیکردەوە بە وێنەکێشان و سەرەتا بە وێنەی هاوڕێکانی دەستیپێکرد.

 

ژاڵە بەکر، زیاتر لە درەنگانێکی شەودا وێنە دەکێشێت، چونکە پێیوایە ئەوکاتە کەشوهەوا بێدەنگە، خەیاڵەکان دەنیشن، "لە نەبوونی دڵ و مێشکدا وێنە ناکێشرێت، دەبێت وێنەکێش بە دڵ و مێشک وێنە بکێشێت ئەوکات وێنەیەکی جوان دەدات بەدەستەوە".

 

"بەهۆی تێگەیشتن لە ئازارەکانی ژنان، زۆرینەی وێنەکانم باس لە ئازاری ژن دەکات"

دوای کۆتایهێنان بە خوێندنەکەی و بەدەستهێنانی بڕوانامە، پەیوەندی بە سەنتەری گەنجانەوە کرد، دەیویست لەوێوە پەرەبدات بە تواناکانی و زیاتر پێشکەوتن بە خۆیەوە ببینێت، دەربارەی ناوەڕۆکی وێنەکانی و چۆنیەتی هەڵبژاردنی ئەو وێنانەی دەیکێشێت، ژاڵە وتی: "زیاتر گرنگی بەو وێنانە دەدەم کە ئازارەکانی ژنان دەردەخەن، هەرکات لە شوێنێک وێنەیەکی لەو جۆرەم بەرچاو بکەوێت ڕاستەوخۆ هەوڵدەدەم بیکێشمەوە"، زۆرینەی وێنەکانی ژاڵە باس لە ئازارەکانی ژن دەکات، چونکە پێیوایە لە کۆمەڵگەی کوردیدا کەم کەس لە ئازارەکانی ژن تێدەگات، تەنها ژنە کە لەو ئازارانە تێدەگات، وتی "چونکە ژنم کەواتە لە ئازاری ژن تێدەگەم بۆیە هەوڵمداوە ئازارەکانی تاک بە تاکی ژنی کورد بنەخشێنم"

 

خولیای ژاڵە بۆ هونەر سنورێکی نییە

ژاڵە تابلۆکانی لەسەر داواکاری هاوڵاتیان دەکێشێت، بۆیە تا ئێستا پێشانگایەکی تایبەت بە خۆی نەکردووەتەوە، بەڵام لە پلانیدا هەیە لە داهاتوودا پێشانگای تایبەت بە خۆی بکاتەوە، جگە لە وێنەکێشان چەندین بەهرەی دیکەی هەیە وەک خوێندنەوەی کتێب، میوزیک و ژەنینی گیتار، دەشڵێت تەنها وێنەکێشان کەموکورتی ڕۆحی پڕ ناکاتەوە، هێندە حەزی بە هونەرە تەنانەت لە بەشێکی ماڵەکەیاندا لەسەر دیوارێک وێنەی کێشاوە و وەک باخچەیەکی لێکردووە بۆ دایکی.

 

"لەناو ٢٠٠ وێنەکێش لە پێشانگایەکدا لە وڵاتی ڕووسیا پلەی سێهەمی بەدەستهێنا"

ژاڵە بەکر پێشتر لە هەشت پێشانگای هاوبەشی شێوەکاری لە کوردستان بەشداری کردووە، بەهۆی بەرزی ئاستی کارەکانی  بۆ پێشانگایەکی تایبەت لە ڕووسیا پەیوەندیان پێوە کردووە، بۆ ئەوەی بەشداری بکات تیایدا، بۆ ئەو مەبەستەش دوو تابلۆی پێشکەش بە پێشانگاکە کرد، بەڵام تابلۆی کۆچیان هەڵبژارد، "تابلۆی کۆچ باسی لە کێشە و قەیرانەکانی هەرێمی کوردستانی دەکرد کە وای لە خەڵک کردبوو بە خێزانی ڕوو لە وڵاتانی دەرەوە بکەن، نەک گەنجان بەڵکو ژنان و منداڵانیش ئەو ڕێگە سەختەیان گرتبووەبەر، بۆیە کۆچێکی جیاواز بوو بە بەراورد بە کۆچەکانی دیکە".

 

ئەوەشی خستەڕوو لە کاتی کێشانی تابلۆکەدا چەندین جار دڵی پڕ بووە و فرمێسک بە چاوەکانیدا هاتووەتە خوارەوە، هۆکاری سەرکەوتنی وێنەکەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو شەونخوونییەی لەکاتی وێنەکێشانەکەدا بۆ تابلۆکەی هەبووە.

 

لە پێشانگاکەی وڵاتی ڕووسیادا زیاتر لە ٢٠٠ وێنەکێش بەشداربوون، کە هەریەکە و بە چەند وێنەیەک و پەیکەرێک بەشداریان کردبوو، بەڵام وێنەی کۆچ بووە سێیەمی وێنەی شێوەکاری پێشانگاکە، ژاڵە دەڵێت "ئەوکاتەی پێیان ڕاگەیاندم ئەو پلەیەم بەدەستهێناوە خۆشترین هەستم هەبوو، چونکە ژنێکی کوردم و توانیومە ئەو ئاستە بەدەستبهێنم".