میوزیکی شەقام؛ سنووردارکردنەکان کاریگەرییان لەسەر ژنانی میوزیکژەن هەیە

پریا.ش، کەمانچەژەن دەڵێت: چەندین جار لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە ئاگادارکرامەوە، هەرچەندە ئێمە هیچ شتێکی نایاسایی ناکەین، لە هیچ گۆشەیەکی ئەم دونیایە نابینی هونەرمەندێک بترسێت لە پیشاندانی هونەرەکەی، وەک چۆن ئێمە دەترسین.

شەبنەم تاوەکولی

 

تاران- میوزیکی سەر شەقام بە دیاردەیەکی شارستانی ناسراوە کە تایبەت نییە بە شار و وڵاتێکی دیاریکراو و مێژووەکەی لە ئێراندا دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئیسلام، کە میوزیکژەنە گەڕۆکەکان لەژێر ناوی گۆساندا ستایشی پاشاکانی ئەو سەردەمەیان دەکرد و میوزیکیان دەژەند، لەم هونەرە شارستانیەدا ئامێرگەلێک دەژەنرێت کە هەندێک جار پێویستی بە ساڵانێک ڕاهێنان هەیە و هەندێک جاریش پێویستی بە شارەزایی و ڕاهێنانی ئەوتۆ نییە و لە پارک و گۆڕەپانی شار و میترۆ و بازاڕدا میوزیکژەنان دەست دەکەن بە ژەنین.

 

لە جەنجاڵی ژیاندا، میوزیکی سەر شەقام ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە گەیاندنی هەستێکی خۆش و وزەیەکی باش بۆ ڕێبواران، ساڵانێکە تاران شاهیدی دوو گروپی میوزیکژەنی سەر شەقامەکانە، لەلایەک موزیکژەن و گۆرانیبێژی گەنج، کە لە چاوی دەوروبەریاندا هەمان شێوەی سواڵکەرن و لەو شوێنانەی کە فرۆشی گەڕۆکیان لێیە چەند گۆرانییەک دەژەنن و خەڵک پارەیان بۆ دادەنێت، ئەم گروپەیان پێویستیان بە شارەزایی لە ئامێرەکاندا نییە.

 

لە لایەکی دیکەوە دەبینین میوزیکژەنی سەر شەقامەکان میوزیکی نەریتی یان کلاسیک و جاز بە ئامێری تایبەتمەندتر پێشکەش دەکەن کە پێویستیان بە شارەزایی زیاترە، ئەم گروپە لە میوزیکی سەر شەقام نوێیە و زیاتر لەلایەن گەنجانەوە بۆ مەبەستی بژێوی ژیان و پەیداکردنی پارە نییە، بەڵکو بە مەبەستی بینین و بیستنی میوزیکە.

 

ژنان لە میوزیکی سەر شەقام دووردەخرێنەوە

سەرەڕای ئەوەی کە میوزیکی ژنان لە شەقامدا لەلایەن کۆمەڵگەوە پێشوازی لێدەکرێت، بەڵام ژنان پشکێکی کەمتریان لەسەر شەقام پێدراوە، لە کۆنسێرتەکانیشیاندا ژنانی هونەرمەند سنوردار دەکرێن و لە جوڵەی جەستەیانەوە بۆ خۆیان و سۆز و جلوبەرگیان بەردەوام چاودێری هەیە، کە ئەمە بە تەواوی پێچەوانەی میوزیکە، ئەو ئاستەنگە زۆرانەی کە لە میوزیکی ژناندا هەیە و قەدەغەکردنی دەربڕینی هەستەکانیان بە ئازادی، وایکردووە لە کاتی پێشکەشکردنی میوزیکدا دەنگی خۆیان خاو بکەنەوە و خودی ڕاستەقینەی خۆی لە میوزیک و هونەرەکەیدا سەرکوت بکەن و دەیشارنەوە، لە درێژخایەنیشدا ئەم سنووردارکردنانە کاریگەری نەرێنییان لەسەر هونەری ژنان هەیە.

 

پەریناز م. ٢٢ ساڵە و نزیکەی ٣ ساڵە لە گروپێکی میوزیکی سەر شەقامی چوار کەسیدا گیتار دەژەنێت، لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا باس لە هەستەکانی دەکات و دەڵێت: سەرەڕای ئارەزووی زۆرم بۆ ژەنین و گۆرانی وتن، زۆرجار لەلایەن خەڵک و بەشێک لە خزمەکانمەوە ڕەتکرامەوە و دەڵێن، بۆچی کچێک دەبێت گیتار لە دەرەوەی ماڵ و لە شەقام و لەبەردەم خەڵکدا بژەنێت، وەک ئەوەی لە مێشکی ڕزیویاندا ماڵ تاکە شوێن بێت کە دەبێت ژنانی میوزیکژەن ژەنینی تیادا بکەن، ژنان هەر لە منداڵییەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک سنووردار دەبنەوە، بەوەی پێیان دەڵێن زۆر نەبینرێن، خۆیان بشارنەوە، بۆ نموونە هەر لە منداڵییەوە پێمان دەڵێن خۆت داپۆشە بۆ ئەوەی جەستەت نەبینرێت، یان بە دەنگی بەرز پێنەکەنین بۆ ئەوەی کەسانی نامۆ گوێیان لە پێکەنینەکەت نەبێت، بەمەش لە منداڵییەوە فێر دەبین کە خودی ڕاستەقینەی خۆمان نەبین و بەردەوام لە بینین و بیستراو بترسین.

 

"میوزیکژەن بە بێکار سەیر دەکرێت"

پەریناز م. خستیەڕوو کە دامودەزگا جیاوازەکان بە شوێن و شارەوانی و هتد، ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە نەبوونی ژن لە هونەری سەر شەقامدا، بە کارە هەڕەشەئامێز و هەراسانکەرەکانیان ژنان دووردەخەنەوە، وتیشی: لە لایەکی دیکەوە بیروباوەڕی نەریتی و شێوازی تێڕوانینی خەڵک لە میوزیکی سەر شەقامەکان کاریگەری لەسەر ژنان هەیە، هەرچەندە میوزیکی سەر شەقام لە زۆربەی وڵاتانی جیهان وەرگیراوە و وەک پێشکەشکردنێکی هونەری دادەنرێت، تەنانەت زۆرێک لە گروپە ناسراوەکان لە سەرەتاوە لە شەقامەکانی شارەکانیان نمایشیان کردووە و لەلایەن خەڵکەوە پاڵپشتی و هاندانی خەڵکیان بۆ کراوە، بەڵام لە ئێراندا، خەڵک وانگەیەکی سووکایەتی پێکردنیان هەیە و میوزیکژەنەکان وەک کەسانی بێکار و بێ ماڵ و حاڵ سەیر دەکرێن.

 

پریا ش. ٢٥ ساڵە و ماوەی ساڵێکە لەگەڵ براکەی کەمانچە دەژەنێت، سەبارەت بە سنوورکردنی لەم یەک ساڵەدا دەڵێت: هەرچەندە ئێمە هیچ کارێکی نایاسایی ناکەین، بەڵام چەندین جار لەلایەن پۆلیسی خلاقیەوە ئاگادار کرامەوە، ئێمە تەنها هونەرەکەمان پراکتیزە دەکەین، ئەو بوارە جێبەجێ دەکەین کە دەستمان پێی دەگات. لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا نابینیت هونەرمەندێک بترسێت لە پیشاندانی هونەرەکەی وەک چۆن ئێمە دەترسین، سەرەڕای ئەوەش هێشتا حەزم لە بەردەوامبوونە لە کارەکانم وەک ئەوەی شتێک لە مندا هانم بدات زیاتر بەرەنگاری ببمەوە، شتێک وەک هیوایەک کە بە بینینی من، کچانی زیاتر دێنە بوارەکەوە و ترسیان دەشکێنن، هەنگاو دەنێنە سەر ڕێگایەک کە بە شکاندنی ئەم کۆت و زنجیرانە کۆتایی دێت ساڵانێکە بە دەست و پێی کچەکانمانەوە بەستراوەتەوە، تا ناچاریان بکەن بێدەنگ بن و لە گۆشەی ماڵەکانیاندا بمێننەوە.