لە پێشانگایەکی فۆتۆگرافی ژینگەییدا دۆخی منداڵان خرایەڕوو

شێوە سلێمان لە پێشەنگایەکی فۆتۆگرافیدا دۆخی منداڵان دەخاتەڕوو، کە ژینگەکەیان ناتەندروستە و پێویستە ژینگەیەکی لەبارتریان بۆ بڕەخسێنرێت.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- لە چوارچێوەی پڕۆژەی گوان عەدەندا، پەیمانگای ئەڵمانیا لە ماڵی ئەو لە شارۆچکەی سەروچاوە لە هەرێمی ڕاپەڕین پێشەنگایەکی فۆتۆگرافی بۆ شێوە سلێمان، فۆتۆگرافەر کردەوە، تیایدا نیشانی داوە منداڵانی ناوچەکە چۆن ئاوێتەی ژینگەکەیان بوون و لە ڕێی هاوێنەکەیەوە ئەو پێشنیارانە دەخاتەڕوو، کە پێویستە هەمووان ڕەچاوی بکەن لە پەیوەست بە پەروەردەکردنی منداڵاندا.

 

شێوە سلێمان دەربارەی کردنەوەی پێشەنگاکە دەڵێت: لە ماڵی ئەو لەم پڕۆژەیەدا بەشداریم کردووە، وێنەکانم باس لەوە دەکات، منداڵانی ئێمە بەشێکیان بێ بەشن لە زۆربەی ئەو شتانەی کە منداڵ هەیەتی، بۆ نمونە ئێستا ئەو فۆتۆیانەی من کە سەیری بکەی زۆربەی ئەو منداڵانەیە دەوترێت بێنازن، شوێنێکیان نییە کاتەکانی خۆیانی تیادا تێبپەڕێنن، بۆ نمونە پێشەنگایە، خولێکی مۆسیقا، هەروەها وێنەکانم باسی ژینگەش دەکات، چۆن بتوانین ژینگە بپارێزین و چۆن منداڵ فێر بکەین بتوانێت چواردەوری خۆی و ژینگەکەی پاکوخاوێن ڕابگرێت، لەم پڕۆژەیەدا کار لەسەر ژینگەش دەکەین، چونکە پاراستنی ژینگە ئەرکێکی نیشتیمانیە بۆ هەمو تاکێکی کۆمەڵگەیە نەک هەر بۆ گەورە و بچوک.

 

شێوە سلێمان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئامانجەکەم ئەوەیە بتوانینئاگاداری ئەو ژینگە ناتەندروستە ببین کە منداڵان تیایدا دەژین، بۆ نمونە لە تابلۆکانیشدا دەرکەوتووە، ئەو ژینگەیەی منداڵەکان تیایدا دەژین ناتەندروستە، بۆ نمونە لە سەر زبڵە و خەریکی کۆکردنەوەی زبڵە بۆ فرۆشتن.

 

لە کۆتاییدا وتی: پەیامم ئەوەیە کە هەموو کەسێک لە لای خۆیەوە ژینگەکەی بپارێزێت و پاکوخاوێن ڕایبگرێت، ئەو شتانەی کە فڕێی دەدات دەتوانێت ریسایکلی بکاتەوە و شتی دیکەی لێدروست بکات، ئەمەش پێویستە هەمووان پێی هەستن.