پێشانگای میزۆپۆتامیا بە پێشەنگایەتی ژنان کرایەوە

بۆ پیشاندانی بەهرە و توانای هونەرمەندانی شێوەکاری کورد و عەرەب پێشانگایەکی هاوبەش کرایەوە، ژنانی هونەرمەندیش بە تابلۆکانیان ژیان و دۆخی ژنان و خەڵک نیشان دەدەن.

سلێمانی

 

دوێنێ ٤ی تشرینی دووەم لە گەلەری ئاڕت فرۆش لە شاری سلێمانی ڕێکخراوی ڤیم پێشانگایەکی بە ناوی "پێشانگای هاوبەشی میزۆپۆتامیا" بۆ ٤٥ هونەرمەندی عەرەب لە شارەکانی عێراق و ٤ هونەرمەندی کورد، لە شارەکانی کوردستانەوە، کردەوە.

 

پێشانگاکە لە ٥٥ کاری هونەری پێکهاتووە و بڕیارە تا هەفتەیەک بەردەوام بێت، تابلۆکانی هەر هونەرمەندێک بە گشتی باسی دۆخی ئەو ناوچە دەکات، کە تیایدا دەژی، هاوکات هونەرمەندان دڵخۆش بوون بەوەی کارەکانیان لە شارێکی کوردستاندا نمایش دەکرێت و لەلایەن سەردانیکەرانەوە پێشوازییەکی جوانی لێ دەکرێت، کە ئەمەش هاندانێکە بۆیان.

 

"یەکەم جارە لە شاری سلێمانی بەشداری پێشانگا دەکەم"

سارا مەهدی، هونەرمەندێکی شێوەکارە، لە شاری بەغداوە بەشداری لە پێشانگاکەدا کردووە و ئاماژەی بەوەکرد، لەلایەن بەرپرسی لقی زیقارەوە بانگهێشتکرام بۆ بەشداریکردن لەم پێشەنگایەدا، بە تابلۆیەک بەشدارم، تابلۆی ژن و کەڵەشێرم کێشاوە، کە هەردووکیان مانای بەهێزی دەدەن و ئەوەم دەرخستووە ژنیش بە بێ پیاو دەتوانێک کەسایەتی و ئیرادەیەکی بەهێزی هەبێت، زۆر خۆشحاڵم بۆ یەکەم جارە بەشداری لە پێشانگایەکدا دەکەم لە شاری سلێمانی، هیوادارم لەم جۆرە پیشانگایانە بکرێنەوە بۆ ئەوەی بتوانین تابلۆکانمان نمایش بکەین.

 

"دەستڕەنگینی ژنان لە تابلۆکاندا ڕەنگی داوەتەوە"

ئاشتی سەڵاحەدین سەردانی پێشانگای هاوبەشی میزۆپۆتامیای کرد و وتی: بۆ بینینی تابلۆ و کارە هونەرییەکانی ئەم هونەرمەندانە هاتووم و تابلۆکان یەک لە یەک جوانترن، هەر یەکەیان هیلاکی خۆی پێوە دیارە، من خۆم حەزم لە وێنەکێشان و زانینی مانای تابلۆکانە و ئەگەر لێشی تێنەگەم هەر حەزدەکەم لێی ورد ببمەوە، لە تابلۆکاندا دەسڕەنگینی ژنان دیارە و ژنان دەتوانن چەندین کاری جوان بکەن، چونکە ئەوان دایکن، هیوادارم هەموو کەسێک بێت بۆ سەردانی ئەم پێشانگایە بۆ بینینی ئەو کارە جوانانە و ڕێزگرتن لە ماندوبوونی ئەو هونەرمەندانە، بۆئەوەی بتوانین ببین بە هاندەریک بۆیان.

 

"خۆشحاڵم لەگەڵ هونەرمەندانی کورد و عەرەب بە هاوبەشی بەشداری پێشانگایەکمان کردوە"

سەنا محەمەد، هونەرمەندێکی خەڵکی شاری بەغدایە و سەبارەت بە بەشداریکردنەکەی ئاماژەی بەوەکرد، یەکەم جارمە بەشداری پێشانگایەک دەکەم لە شاری سلێمانی و جێگەی خۆشحاڵیە توانیومە بەشداری بکەم لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەندی کورد و عەرەبدا پێکەوە، من بە یەک تابلۆ بەشداریم کردوە و تابلۆکەشم باس لە منداڵ دەکات کە لە ڕابردوودا چۆن یاریان کردووە، لە پێشانگاکانی عێراق زۆر بەشداریم کردوە و تابلۆی زۆرم کێشاوە، بەڵام ئەمە یەکەم جارمە لە کوردستان بەشداری پێشانگا بکەم.

 

"لە ڕێگەی تابلۆکەمەوە مەترسی سەر ئەهوارەکانم خستوەتەڕوو"

سیهام زاهر، هونەرمەندی شێوەکار لە بەغداوە بەشداری کردووە، ئاماژەی بەوەکرد، من بە یەک تابلۆ لەم پێشانگایەدا بەشداریم کردوە و تابلۆکەشم باس لە ئەهوارەکانی عێراق دەکات کە بەهۆی وشکەساڵییەوە بەرەو وشکبوونەوە چووە و پێدەچێت بیناسازی و باڵەخانەی لەسەر بنیاد بنرێت، ئەمەش مەترسییە لەسەر ئەهوارەکان، بۆیە ئەرکی ئێمەی هونەرمەندە لە ڕێگەی هونەرەکەمانەوە ئەو مەترسیانە بخەینەڕوو، ژنانی شێوەکاریش دەستێکی باڵایان هەیە لە تابلۆ کێشاندا، من وەکو ژنێک پەیامم ئەوەیە بۆ ژنانی دیکە پەرە بە بەهرە و هونەرەکەیان بدەن.