لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە مێژوو و کولتووری کوردی زیندوو دەهێڵدرێتەوە

بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە ڕۆژ بە ڕۆژ کولتووری کوردی بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوات، ڕێکخراوی کەلەپوری کولتووریش هەوڵیداوە لە ڕێگەی ئەو تەکنەلۆژیاوە کولتووری کوردی زیندوو بکاتەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-کولتوور و مێژوو شووناسی هەر نەتەوەیەکە و بەهۆی ئەو مێژووەوە کۆمەڵگەکانی تر دەتوانن بیناسن، بەڵام ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە زۆر گرنگی بە کولتوور نادرێت و وردە وردە بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوات، بە تایبەتی لای نەوە نوێیەکان، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی چالاکییەکانیانەوە هەوڵی پاراستنی ئەم کولتوورە دەدەن.

 

"بەشی زۆری ئەندامەکانی ڕێکخراوی کەلەپوری کولتووری ژنن"

تابین لەتیف، لێپرسراوی بەشی پلاندانان لە ڕێکخراوی کەلەپوری کولتووری ئاماژەی بەوەکرد، ڕێکخراوی کەلەپوری کولتووری ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە و لە ساڵی ٢٠٢١ دامەزراوە و لە ١٠ ئەندام پێکهاتووە کە بەشی زۆریان ژنن، ئەندامەکانی ئەم ڕێکخراوە زۆربەیان گەنجن، ئامانجی ئەم ڕێکخراوە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایی نوێیە بۆ زیندوو کردنەوەی کولتووری کوردی و ئاشناکردنی کولتوورە بە نەوە نوێیەکان، ئیشەکانمان زیاتر توێژینەوە و پەرەپێدان و چالاکی ناو کۆمەڵگەیە، گرنگی بە ڕاهێنانی گەنجان دەدەین و لە ئیستاشدا خولێکی ڕاهێنانیان هەیە بە ناوی خولی ڕاهێنانی دیجیتاڵی کەلەپوری.


         


        

"ژنان ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە ڕێکخراوەکەدا"

تابین لەتیف ئەوەشی خستەڕوو، بۆ هەر خولێک ڕاهێنان بە کۆمەڵێک گەنج دەکەین کە لە دوا ڕۆژدا دەتوانن بە سەربەخۆ یان لەگەڵ شوێنێک کار بکەن، فکرەی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە لەوە سەرچاوەی گرتوە کە دەبینین کولتووری کوردی بەرەو نەمان دەچێت بۆیە هەوڵماندا بیپارێزین و کەسانی بیانیش ئاشنا بکەین پێی، ژنان لەم گروپەدا هەر لە بەڕێوبەرەوە تا ئەوانەی کاری تەکنەلۆژیا و کارگێڕی دەکەن ڕۆڵیکی گرنگیان هەیە.

وتیشی"پرۆژەکانمان AR   وەک پرۆژەی"سەرا بدوێنە، وەک من هەست بکە" کە بەرنامەی موبایلە و هەرکەسێک بیەوێت دەتوانێت بەکاریبهێنێت، هەروەها پرۆژەی VR هەیە کە بە بەکارهێنانی عەینەک دەبێت، پرۆژەی "وەک من هەست بکە" وەک کەمپەینێکە بۆ ئێزیدییەکان کە قسەی ئەرێنیان گوێ لێ بێت و لەوە سەرچاوەی گرت ئێزیدییەکان وەکو یەکێک لە کەمینە نەتەوەکان هەمیشە ڕووبەڕووی قسەی ڕەق دەبوونەوە، بۆیە هەر لە ڕێگەی بەرنامەی موبایلەوە کۆمەڵێک سیمبولی نەتەوەیی ئەوان پیشان دەدات و مێژووی خۆیان دەگێڕنەوە کە چیان بەسەر هاتووە دوای ٧٤ جینۆساید".

 

"یەکێک لە پرۆژەکان کەسایەتییە مێژوویەکانی شاری سلێمانی خۆیان دەدوێن"

خێڵان سالار، لێپرسراوی بەشی بەشی کارگێڕی و دارایی ڕێکخراوی کەلەپوری کولتووری ئاماژەی بەوەکرد، یەکێک لە کارەکانی ئەم ڕێکخراوە پڕۆژەی "سەرا بدوێنە"یە بە بەکارهێنانی بەرنامەی موبایل کۆمەڵێک کەسایەتی مێژووی دیاری سلێمانی لەسەر پرۆژەی سەرا قسە دەکەن وەکو ئەختەری ڕەشۆڵ و حەپسە خانی نەقیب و مێژووەکەی دەگێڕنەوە، بۆ ئەوەی کەسایەتییە کۆنەکان زیاتر بناسرێت لای نەوە نوێیەکان و کەسانی بیانیش مێژووی شاری سلێمانی بناسن.

دەشڵێت:مەرج نییە ئەوەی تابلۆکانی لا نەبوو نەتوانێت بەرنامەی موبایلەکە بەکاربهێنێت، بەڵکو لە ڕێگەی پەرچەیەک وەرەقەی خۆمانەوە یان لە بەشێکی بەرنامەکەدا دەتوانێت لە هەر شوێنێک بێت کەسایەتییەکان بدوێنێت و مێژووی سلێمانی بزانێت، زیاتریش سەردانی قوتابخانەکان دەکەین بۆ ئاشناکردنی پرۆژەکانمان، کاتێکیش بەشداری چالاکییەکان دەکەین قسەی باشمان بۆ دێتەوە لە لایەن خەڵکەوە و ئەمەش زیاتر هانمان دەدات لەسەر کارەکانمان.