کتێبی"کچی ناو وێنەکە"باسی ئازارەکانی ژنان دەکات

شەهلا فەیزوڵا وەکو نووسەری چیرۆک چەندین بەرهەمی هەیە، کە باسی ئازارەکانی کۆمەڵگە و ژنان دەکات، خوێندنەوەی چیرۆکی دایک و داپیرانی کردووە بە هەوێنی چیرۆکەکانی.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- نووسینی کتێب، ڕۆمان و چیرۆک بەهرەیەکی تایبەتە بە نووسەر، ژنانیش توانایەکی باشیان هەیە لەم بوارەدا و کێشەکانی کۆمەڵگە و خوێندنەوەی چیرۆکەکانی دایک و داپیرانیان و ئەزمون وەرگرتن لێیان دەکەنە هەوێنی بەرهەمەکانیان، شەهلا فیزوڵا نووسەری چیرۆک، نوێترین بەرهەمی لە چاپدایە و باس لە ئازارەکانی تاکەکانی کۆمەڵگە و بە تایبەتی ژنان، گۆڕستانی بێناونیشان، منداڵانی سەر سەقام، دایکێک کە ڕۆڵەکانی ئەنفال بووە، کچیک لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا کوژراوە، دەکات و لە "کچی ناو ئاوێنەکە"دا کۆیکردووەتەوە.

 

"ماوەی ٥ ساڵە چیرۆک دەنووسم"

شەهلا فەیزوڵا، باسی لەوەکرد هەر لە منداڵیەوە حەزی بە خوێندنەوەی کتێب و چیرۆک و ڕۆمان کردووە، وردە وردە خولیای خوێندنەوەی بۆ دروستبووە و تا ئێستاش دانەبراوە لێی، دەڵێت: لەوانەیە جار جار بەهۆی بارودۆخی ژیانەوە دابڕابم لە خوێندنەوە، بەڵام هەرگیز بە یەکجاری وازم لێنەهێناوە، ئەندامم لە گروپی هاوڕێیانی خوێنەر و هەموو هەفتەیەک کۆدەبینەوە لەگەڵ نووسەرێکی کورد تا گفتوگۆ بکەین لەسەر کتێبەکانی، پێشتریش دەمنووسی، بەڵام بڵاوم نەدەکردەوە و تەنها بۆ خۆم بوو، ئێستا خۆشحاڵانە ماوەی ٥ ساڵە چیرۆک دەنووسم و بڵاوی دەکەمەوە.

 

"سەرەتای نووسینی چیرۆکم دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکی دوو ژنی گەنج"

شەهلا فەیزوڵا ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەوەی ئەوەی کە دایک و داپیرانمان چیرۆکیان بۆ دەگێڕاینەوە وایکرد کە منیش دەستبکەم بە نووسینی کتێب، "لە چیرۆک و ڕۆمانەوە دەستم بە نووسین کرد، سەرەتای چیرۆک نووسینم دەگەڕێتەوە بۆ هاوینی ساڵی ٢٠١٨ ڕۆژێکیان زۆر گەرم بوو دوو منداڵم  بینی کە بەو گەرمایە ئیشیان دەکرد، ئەمە وای لێکردم کە بنووسم، بەڵام نەمدەزانی چۆن دەستپێبکەم، هەرچۆنێک بوو نووسیم و دوای ئەوەی چەند کەسێک خوێندیانەوە وتیان کە ئەمە چیرۆکە و نووسینی چیرۆکیش دەبێت وابێت، هەر ئەوان پاڵپشتیان لێکردم و هانیاندام کە بڵاوی بکەمەوە، دواتر ناردم بۆ ڕۆژنامەی هەولێر و دوای مانگێک بڵاوکرایەوە بە ناوی پەپولەکانی سەر شەقام و بوو بە هاندانێکی گەورە بۆ من، چونکە یەکەم چیرۆکم بوو.

 

"نزیکەی ٣٥ چیرۆکم هەیە"

شەهلا فەیزوڵا باسی لەوەکرد کە لە ماوەی ٥ ساڵدا، ٣٥ چیرۆکی نووسیوە و ئێستاش ٢٠ چیرۆکی لە چاپدایە و بەم نزیکانە بڵاودەبێتەوە، وتی: کتێبە نوێیەکەم ناوی "کچی ناو وێنەکە"یە، هیوادارم خوێنەر کاتێک دەیخوێنێتەوە جێگەی خۆی بگرێت هەم لەناو ئەدەبی کوردی و چیرۆکیشدا، نووسینی چیرۆک ئاسان نییە، ئەو کەسەی چیرۆک دەنووسێت سەرەتا بیرۆکەی لا دروستدەبێت و لە خەیاڵیدا ئیشی لەسەر دەکات، من کاتێک دەنووسم سەرەتا لە خەیاڵی خۆمدا هەموویم نووسیوە.

 

هەروەها وتیشی: ئێمە ژیانمان هەمووی چیرۆکە، بەڵام کاتێک بمانەوێت بیکەین بە چیرۆکێکی هونەری و تۆمارکراو کە چیژی خوێندنەوەی هەبێت تایبەتمەندی خۆی هەیە، بە تایبەت دەبێت ئەو چیرۆکە پەیامێکی هەبێت کە بۆچی دەنووسرێت، بێگومان هەموو چیرۆکێک لە ڕاستیەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام نووسەر دەبێت وەكو خۆی نەینووسێتەوە، بەڵکو تەکنیکی نووسین بەکاربهێنێت.

 

"دەرخستنی ئازارەکانی ژن تایبەتمەندی چیرۆکەکانمە"

شەهلا فەیزوڵا جەختی کردەوە، چیرۆک مەودایەکی کورتی هەیە، بۆیە دەبێت نووسەر لەو مەودایەدا پەیامی خۆی بگەیەنێت و لە کۆتایدا پەیامێک جێبهێڵێت و بە شێوازێکی پاراو و سادە بنووسێت کە ئاسان بێت و واتای قوڵیشی هەبێت، لەوبارەیەوە وتی: چیرۆکی جوان جێگەی خۆی دەکاتەوە، دەرخستنی ئازاری تاکەکانی کۆمەڵگە تایبەتمەندی چیرۆکەکانی منە، هەروەها ئازارەکانی ژن کە بە پێویستم زانی من وەکو ژنێک ئەو ئازارانە بگەیەنم، چونکە لەوانەیە پیاوێک نەتوانێت بیگەیەنێت، هەموو ئازارەکانی دەروونی و توندوتیژ و تەنانەت کوشتنی ژنانم لە چیرۆکەکانمدا باس کردووە و هەوڵمداوە بیخەمە ئەدەبەوە، بۆ ئەوەی بزانین لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەو شێوەیە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، چیرۆکێکم باس لە دایکێک دەکات کە منداڵەکانی ئەنفالە و ئەو چیرۆکەم داوا دەکرێت بکرێت بە کورتە فیلمێک.

 

"ژنان زیاتر لە بابەتەکان قوڵ دەبنەوە"

شەهلا فەیزوڵا وتی: ژنان لە نووسیندا وردترن و هەست ناسکترن و زیاتر دەچنە قوڵایی بابەتەکانەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەمیشە ژنان ئەرکیان قورستر بووە بە هۆی ئەوەی کە هەم دایکن هەم هاوژین و زۆربەیان ئیشی دەرەوە و ماڵەوەش دەکەن، کەمتر هەلی نووسینیان بۆ ڕەخساوە، من خۆم زیاتر حەزم بە خوێندنەوەی چیرۆک و ڕۆمان و بابەتە ئەدەبی و یادەوەریەکانە، چونکە پێویستم پێیەتی، کاتێک ئیش لەسەر ڕۆڵی کەسێک دەکەم، دەبێت ناخی ئەو کەسە بزانم تا بتوانم ڕۆڵی ئەو لە چیرۆکەکەدا دەربخەم کە لایەنی دەروونی چۆن بووە.

 

"خوێندنەوە مرۆڤ دروستدەکات"

شەهلا فەیزوڵا ئاماژەی بەوەشکرد، ژنی نووسەری بەتوانامان هەیە، بەڵام کەمە، ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کاتێک ژن دەستدەکات بە ئیش کردن کۆمەڵێک ڕێگری دێتە بەردەمی، هەندێک جار نەبوونی کاتە و زۆرجار پاڵپشتی نەکردنیانە، ئەو نووسەرە وتیشی: ژنان دەبێت خۆیان هەوڵبدەن و واز لە تواناکانی خۆیان نەهێنن و حەزیان لە خوێندنەوە بوو کاتی بۆ تەرخان بکەن، چونکە خوێندنەوە مرۆڤ دروستدەکات، من ژنم بەڵام بۆ مرۆڤ دەنووسم جیاوازی ناکەم لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا، چونکە بەو شێوەیە پەیامی نووسەر پانتایی زیاتر دەبێت.

 

شەهلا فەیزوڵا لە کۆتایدا وتی: ڕۆمانێکم لە عەرەبیەوە وەرگێڕاوەتە سەر کوردی و بە گرنگم زانی تاکەکانی کوردیش ئەو ڕۆمانە بخوێننەوە و لەناو کتێبخانەکانی ئێمەدا هەبێت، هەروەها کۆمەڵە چیرۆکێکی ترم لە بەردەستادایە و لە داهاتوودا بڵاو دەبێتەوە، خەونم ئەوەیە ڕۆمان بنووسم و بەردەوام دەبم.